هەڵبژاردنی پێشوەختەی دووبارە، تیماری دەردی دۆخەكە ناكات
هەڵبژاردن مافێكی سەرەتایی تاكە كە چوار ساڵ جارێك، جارێك وەك ماف و جارێكیش وەك ئەرك پیادەی بكات و نوێنەری خۆی بۆ كاروبارەكانی وڵات و بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری و داخوازییەكانی خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام بەداخەوە لە عێراق ماف و ئەركەكە بێ متمانە كراوە، چونكە نە مافەكە وەك خۆی دەدرێت و دواجاریش بەهۆی جێبەجێنەكردنی كاروبارەكان و نەبەخشینی خزمەتگوزارییەكان، متمانەبوون بۆ ئەو مافەش سڕكراوە و لایەنە دەسەڵاتدارەكانی عێراقیش یاری بەو متمانە دەكەن و نایانەوێ بیگێڕنەوە، چونكە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی مادام هیچ یاسایەك نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە ئەگەری كەمی بەشداری دەنگدەران، ئەوا تاكو كەمترین ڕێژە بوونی هەبێت بۆ سەركەوتنی ئەوان قازانجە، چونكە دەنگدەری خۆڵەمێشی و خاوەن ئازار چیتر متمانەی بەو مافەی خۆی نەماوە.
بۆ چارەسەركردنی گرفتە سیاسی و دارایی و كۆمەڵایەتییەكانی عێراق، ساڵی ڕابردوو دوای ئەنجامدانی خۆپیشاندان و بوونە قوربانی سەدان هاووڵاتی عێراقی و دوای ململانێیەكی زۆری لایەنەكان، بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە درا، هەرچەندە بەشێك لە لایەنەكان گومانیان هەبوو لە بوونی ساختەكاری، بەڵام بەهۆی نەبوونی جڵەوی بڕیار لەلایەن خۆیانەوە یاخود بەهەر هۆكارێكەوە بێت بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد و بەشێكی دیكەشیان بایكۆتیان هەڵبژارد، بەڵام زۆربەیان لە بڕیارەكەیان پاشگەز بوونەوە، بەڵام بیر ڕوونی بزووتنەوەی ئیسلامی لەو ساتەوەختەدا بەشێوەیەك بوو زۆر كەس و لایەن هەڵوێستی بایكۆتی ئەو حزبەیان بەشێوەیەك لە شێوەكان بە هەڵە ناودەبرد، بەڵام دوای نزیكەی ساڵێك لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان جگە لە خراپتربوونی دۆخی ناوخۆی عێراق هیچ شتێكی دیكەی لێنەبینراو هەر ئەوەشی لێچاوەڕواندەكرا.
ئەوكات، بزووتنەوە گومانی لە ئەنجامدانی ساختەكاری نەبوو، كە بە ئاشكرا كرا و چەندین لایەنی دەسەڵاتدار ئاوت كران و نە دادگا و نە لایەنەكانی دیكەش گرنگیان بە سكاڵاكانیاندا چونكە لە عێراق دەسەڵاتی هێز زاڵترە بەسەر دەسەڵاتی دەنگدا، بزووتنەوە گومانی لە سەرنەكەوتنی هەڵبژاردنەكان نەبوو، بەهەمانشێوە ئەو گومانەشی وەڕاستگەڕا و ئەوەتا ئێستا زۆرینەی لایەنە سەركەوتووەكانی هەڵبژاردنیش داوای هەڵبژاردن دەكەنەوە.
موقتەدا سەدر كە زۆرینەی كورسییەكانی پەڕلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، نەیتوانی لەگەڵ هاوپەیمانەكانیشی حكومەت پێكبهێنێت و ناچار بوو كشایەوە، بەڵام كشانەوەكەی عێراقی خستە دۆخێكی نەخوازراوی دیكەوە و دوای ململانێیەكی زۆر و ئەنجامدانی خۆپیشاندان و شكاندنی حەرەمی یەكەم دەسەڵاتی عێراق، ئێستا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكاتەوە.
وەك دەبینرێت، زۆرینەی سەركردەی لایەنە سیاسییەكان و هاوپەیمانییەتییەكان بە زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگیشەوە پشتیوانی لە ڕاگەیەنراوەكەی سەدر دەكەن و پێیان باشە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێتەوە و پێشیانوایە تاكە دەرچەیە بۆ دەربازبوونی عێراق لەو دۆخەی كە ئێستا تێیكەوتووە.
ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت پێمانوانییە بەو هەڵبژاردنە تەقلیدییانە چارەسەر ببێت، چونكە یاسای دووبارەو كۆمسیۆنی لایەنداری دووبارە و ساختەكاری پێشبینیكراو و ئامادەكاری دووبارە هەمان سیناریۆكانی پێشوون.
هاوكات ئەگەرێكی دیكەش هەیە، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت و یاری بە كورسی لایەنەكان بكرێت تاكو لە دەرەوەی ئیرادەی عێراقییەكان بیانەوێت لایەنێك هێندە كورسی بەدەست نەهێنێت تاكو بتوانێت وەك ئێستای موقتەدا سەدر نزیكەی چوار یەكی پەڕلەمانی چۆڵ بكات و دواتر هەمووی بە خۆپیشاندەر وەربگرێتەوە و ئێستاش داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات.
بە هەموو ئەگەرێكەوە، ئەگەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە هەمان میكانیزمی پێشوو ئەنجام بدرێتەوە و لایەنەكان نەتوانن خاوەنی دەنگی خۆیان بن، پێموانییە هەڵبژاردن دەوای دەردی عێراقییەكان بكات، چونكە ئەوەشی ئێستا دەگوزەرێت شینی لایەنەكانی دەسەڵات بۆ چاكسازیی نییە كە حكومەت پێكناهێنرێت، بەڵكو بۆ مانەوەی ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانی داراییەی عێراقە كە سەریان تێكردووە و گەلی عێراقیش لە بەرزترین ئاستی هەژاری و گرانیدایە.
سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی
ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی