نوسەران

بایکۆت لە بۆڵەبۆڵی دوای هەڵبژاردن باشترە

بایکۆت لە بۆڵەبۆڵی دوای هەڵبژاردن باشترە.!

شۆڕش کەمال✍️باسک نێت

ئەگەر پڕۆسەی پەرلەمان دیزاینکراو و گوماناویە بۆ پێی تێدەخەن و دواتریش بخلیسکێن، پێشینانمان وتویانە سواربوون عەیبێکەو ودابەزین دوان، هەر لەبەر شتێکی ئاوەهایە پێشەواشمان(د.خ) فەرمویەتی موسڵمان دووجار لە کونێکەوە ناگەزرێ .

مرۆڤ بە ئەزموون زۆرشت لە ڕابردووی خۆی فێربووە ئیتر بۆ دەبێ پیاوی عاقڵ و حەکیم و کاریزمای حیزب بەپێی پەتی بکەوێتە دوای ئەو قەرەباڵغیە بێمەعنایە.!

ئەم قەرەباڵغیەی ئێستا بەناوی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت و ئەنجامەکەشی وەک ڕۆژی ڕون لێمانەوە دیارن، هەمووجارێک عەینەن تاس و حەمام دوبارە دەبێتەوە، ئیتر چی پێویست بەو هەموو خۆ سەخڵەتکردن و ئاهەنگ و کەرنەڤاڵانە دەکات، بۆ ژن و منداڵی بەستەزمانی لێکۆکەنەوە و لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش بیکەنەوە بە بۆڵەبۆڵەکەی جاری پێشوو و کۆڵێک زوخاویش بکەنەوە بە دڵی لایەنگرانی خۆتاندا.!

دیوێکی تری یاریەکە ئەوەیە ئەم حیزبانە ڕوگیری دیموکراسی ساختە بوون و ڕاستەوخۆ ناتوانن و لە ڕویان هەڵنایە ڕەخنە لەم دیموکراسیە فشەیە بگرن کە عێراق و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەدرۆکانی کۆڵەوارکردووە.!

کێشەکە لێرەدایە کە سیاسی سەردەم سور دۆڕانی لێوەدیارەو ناشیەوێت دان بەشکستی خۆیدا بنێت و بگەڕێتەوە خاڵی چارەسەر، خۆ ئەگەر ئەم چارەسەریشی پێ نییە با ئازایانە بڵێن : (بایکۆت) و بکشێنەوە لەو پڕۆسەیە کە باوەڕیان پێی نیێە و بەلایانەوە (گوماناوی و دیزاینکراوە) ئێستا ئیتر ئەم سەفسەتەگەرایی و ناڕونیە لە پەیام زۆر بێمەعنایە.!

ئاخەر خۆ خەڵکیش حەزی لێ نیە هەمووجار لەگەڵ دۆڕاوێک یاریبکات و دەنگەکەی بکاتە سندوقێکەوە بۆتان ئێوەش نەتوانن هیچ لە دۆخەکەی بۆ بگۆڕن، ئەمەش مافی تاک خۆیەتی، هەر بۆزانیاریتان دوای دۆڕان بۆڵەبۆڵ عەیباریە.!

لە عێراقی ئەمڕۆدا براوەی هەڵبژاردن بە 73 کورسیەوە ناتوانێ حکومەن و پەرلەمان دروستبکات بەڵام لایەنەکانی تر کە زۆر لەو کەمتریش کورسیان هێناوەو بەهەمویانەوە ناکەنە ئەو ژمارەیە ئەوکارەیان بۆ دەکرێت.!

ئۆپۆزسیۆنێک لەماوەی دوازدەساڵدا نەیتوانیوە نە لە بەغداو نە لە هەرێم چارەسەری موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات و هەرچی بەڵێنێکیشی دابێت نەیتوانیوە بیباتەسەر ئەبێ بەم دەست و دەمە چی پێدەکرێت.!

ئێستا ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و کوردی لە گۆڕەپانەکە هەموویان حەیران و دۆڕاون هەمووجارێکیش هەمان یاری و سیناریۆی دۆڕان دووبارەدەکەنەوەو لە ڕویان هەڵنایە دان بە شکستی خۆیاندابنێن و پاڵەوانەکەیان ئەوەیە مەوعیدێکی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو وەربگرێ.

ئایا ئیتر لەم دۆخەدا باشترنیە بڵێن: ئێمە ناتوانین لەئاست ئەو ئەجندایەدا بین کە عێراق بەگەندەڵیەوە بەڕێوە دەبات و هیچمان پێناکرێت و بایکۆت باشترین بژاردەیە.!

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close