نوسەران

شیکارییەک بۆ نەزمە نوێیەکەی جیهان

شیکارییەک بۆ نەزمە نوێیەکەی جیهان

د.ئارام ئەحمەد ✍️ باسک نێت

دوێنێ پێنجشەممە، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، جیهان لە ڤێلای «کیلین»ی شاری شێنجێن دیمەنێکی کەم وێنەی بەخۆیەوە بینی؛ دۆناڵد ترەمپ، ڤلادیمێر پوتین و شی جینپینگ دوای
ساڵانێکی درێژ لە گرژیی و ڕووبەڕووبوونەوەی توند، لە یەک ژوور و لە دەوری یەک مێزی بازنەیی کۆبوونەوە. لەو دانیشتنە ٨٠ خولەکییەدا کە شی لە نێوان ترەمپ و
پوتیندا دەرکەوت، چین تەنیا وەک میواندارێکی پرۆتۆکۆڵی ڕەفتاری نەکرد، بەڵکو دەیویست خۆی وەک تاکە زلهێزە ژیر و بەرپرسیارەکەی جیهان بنوێنێت؛ هێزێک کە وا خۆی
نیشان دەدات بەبێ دەستوەردانی ئەو نە جەنگی ئۆکراینا کۆتایی دێت و نە ئاگرەکەی ئێران، کە هەر دوو هاوبەشەکەی سەر مێزەکە خۆیان هەڵیانگیرساندوون.

لە کاتێکدا ڕووسیا لە زەلکاوی ئۆکراینادا چەقیوە و ئەمریکاش خۆی لە هەڵمەتە سەربازییەکەی دژی ئێراندا ئاڵاندووە، سەرۆک شی ئەم لوتکەیەی قۆستەوە بۆ ئەوەی جڵەوەکە بگرێتە دەست و وەک ئەو سەرکردەیە دەربکەوێت کە هەڵە ستراتیژییەکانی دوو
ڕکابەرەکەی دیکە ڕاست دەکاتەوە.

ئەم دانیشتنە سێقۆڵییە دەگمەنە لە پەراوێزی ٣٣یەمین کۆنفرانسی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) ڕێکخرا، کە تێیدا ٢١ ئابووریی پێشەنگی هەردوو بەری
زەریاکە کۆببوونەوە بۆ تاوتوێکردنی بازرگانیی ناوچەکە و پەسەندکردنی بەیاننامەی «تێڕوانینی شێنجێن»؛ لە نێویشیاندا تایوان کە لەژێر ناوی «تایپێی چینی» بە نوێنەرانی باڵای کەرتی تایبەتەوە بەشدار بوو. بەڵام هەرچەندە کۆنفرانسە سەرەکییەکە
تەنیا باسی ئابووری بوو، هەموو سەرنجی جیهان چووە سەر ئەو دیدارە سێقۆڵییەی پەراوێزی لوتکەکە.

ئەوەی لە شێنجێن ڕوویدا، تەنیا کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسیی ڕاگوزەر نەبوو، بەڵکو جۆرێک بوو لە ڕاگەیاندنی ناڕاستەوخۆی کۆتاییهاتنی سەردەمی تاکجەمسەری و ئەو سیستەمە
لیبراڵەی دوای ساڵی ١٩٤٥ باڵادەست بوو، لە بەرانبەریشدا گەڕانەوە بوو بۆ جۆرێک لە «کۆنسێرتی زلهێزەکان». ڕاستییە هەرە دیارەکەی پشت پەردەش ئەوە بوو کە ئەم سێ
سەرکردەیە لە لوتکەی هێز و لوتبەرزییەوە نەچوونە سەر مێزەکە، بەڵکو لاوازی و تێوەگلانی هاوبەش کۆی کردنەوە؛ ڕووسیا لە ژێر باری جەنگ و سزاکاندا هەناسەی سواری خواردووە، ئەمریکا لە شەڕی ئێراندا گیری خواردووە و فشاری نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستە بازرگانییەکەی لەگەڵ چین لە مانگی کانوونی دووەمدا لەسەرە، چینیش خۆی لەبەردەم ململانێی توندی تەکنەلۆژی (وەک قەیرانی کۆمپانیای ئێنڤیدیا) و کێشمەکێش لەسەر کانزا دەگمەنەکاندا دەبینێتەوە.

هەر لایەنێک بە ئامانج و پێداویستیی جیاوازەوە چوونە ژوورەوە، بەڵام بەرنامەی فەرمیی دانیشتنەکە لە دەوری کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی کۆکرابووەوە. ئەم پرسە دوای
نۆ مانگ لە بەسەرچوونی «پەیماننامەی ستارتی نوێ» لە ٥ی شوباتی ٢٠٢٦دا، قورسایییەکی زۆری وەرگرتبوو. بە نەمانی ئەو ڕێککەوتنە، دوای زیاتر لە نیو سەدە، دوو گەورەترین
زلهێزە ئەتۆمییەکەی جیهان بەبێ هیچ سنوور و بەندێکی یاسایی لەسەر جبەخانە ستراتیژییەکانیان ماونەتەوە. ئەمەش وێنەی داڕمانی کۆنترۆڵی چەک لە جیهاندا نیشان دەدات؛ تەنانەت زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە هەڵگیرسانی جەنگی ئێرانیش لە کۆتایی مانگی شوباتدا، تەنیا چەند ڕۆژێک دوای نەمانی ستارتی نوێ، هەر بەهۆی ئەو ترسەوە بوو نەوەک تاران ئەو بۆشاییە بقۆزێتەوە و ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لە سەروبەندی لوتکەکەدا، واشنتۆن زۆر بە پەلە هەوڵی دا دڵەڕاوکێی هەمووان، بەتایبەت ئەورووپییەکان بڕەوێنێتەوە و کۆبوونەوەکەی تەنیا وەک «سەرەتایەک بۆ گفتوگۆ» ناو
برد، بەو هیوایەی پرسی ئەتۆمی لە دڵی بابەتەکەدا بێت و دەست بۆ دۆسیەی ئێرانیش ببرێت. هاوکات ڕەتی کردەوە بەبێ ئامادەبوونی ئەورووپا سازش لەسەر ئۆکراینا بکرێت؛
ئەمەش بۆ هێورکردنەوەی ئەورووپییەکان بوو کە بە ترسی دووبارەبوونەوەی «یاڵتا » و سەودای زلهێزەکان لە پشت سەریانەوە چاودێریی دیمەنەکەیان دەکرد. تەنانەت ترەمپ لە
ڕێگەی گەڕانەوەدا لە ناو فڕۆکە سەرۆکایەتییەکەیەوە ناچار بوو پەیوەندی بە کۆبوونەوەکەی بەرلینەوە بکات، کە جارد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی و زیاتر لە ٤٠ سەرکردەی ئەورووپی بەستبوویان، تا لە ناوەرۆکی گفتوگۆکانی
لەگەڵ شی و پوتین دڵنیایان بکاتەوە. لە بەرانبەردا ڕووسیا، کە پوتین تیایدا بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠١٧ـەوە وەک میوانێکی ڕێزلێگیراو گەڕایەوە سەر شانۆی نێودەوڵەتی، بەنرخترین وێنەی خۆی بەدەست هێنا؛ ئەویش شکاندنی گۆشەگیریی دیپلۆماسی و
دانیشتن بوو وەک جەمسەرێکی هاوشان لەگەڵ واشنتۆن و پەکین، بە ئومێدی دۆزینەوەی دەرچەیەک لە ئۆکراینا بەو مەرجانەی لەگەڵ خواستەکانی کرێملیندا بگونجێن.

نهێنییەکانی «بەیاننامەی ئاشتی»؛ نەزمە ڕاستەقینەکە چییە؟

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سێ سەرۆکەکە «بەیاننامەی ئاشتی»یان لە چوار خاڵدا بڵاو کردەوە. وردبوونەوە لەم چوار خاڵە، پەردە لەسەر شێواز و ناوەرۆکی ئەو نەزمە
نوێیە هەڵدەداتەوە کە خەریکە دادەڕێژرێت:

١. چاکسازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان: جەختکردنەوە لەسەر پێگەی ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و چاکسازی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، کە لە کرۆکدا بە مانای چەسپاندنی دەسەڵاتی «دەستەی زلهێزەکان» دێت بەسەر دامەزراوە فرەلایەنەکاندا.

٢. ئاسایشی وزە و بەرهەمە نەوتییەکان: بەڵێندان بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەکان و هێشتنەوەی ڕێڕەوەکانی وزە بە کراوەیی لە سایەی جەنگی ئێران و
مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز، کە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی بازاڕ و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەکرێنە بناغەی مامەڵە جیۆپۆلەتیکییەکان.

٣. بەرەنگاربوونەوەی دادگا نێودەوڵەتییەکان: ڕەنگە مەترسیدارترین و پڕماناترین خاڵی بەیاننامەکە ئەمە بێت. هەرسێ سەرۆک ڕێککەوتن لەسەر ڕێزگرتن لە «پارێزبەندیی
بەرپرسانی دەوڵەت» و هۆشدارییان دایە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) و دەزگا هاوشێوەکانی کە «دەسەڵاتەکانیان خراپ بەکار نەهێنن». لێرەدا بەرژەوەندیی ترەمپ کە
دژی فەرمانی دەستگیرکردنی بنیامین نەتەنیاهۆیە، لەگەڵ بەرژەوەندیی پوتین کە خۆی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، لە پاڵ پەکیندا یەکیان گرتەوە؛ ئەمەش پەیامێکی
ڕوونە بۆ جیهان کە لە نەزمی نوێدا، زلهێزە خاوەن سەروەرییەکان خۆیان لە سەرووی دادپەروەریی نێودەوڵەتییەوە دادەنێن.

٤. گفتوگۆ لەسەر مەترسییە ئەتۆمییەکان: دووپاتکردنەوەی دروشمە کۆنەکەی ساڵی ١٩٨٥ی ڕێگان و گۆرباچۆڤ کە «جەنگی ئەتۆمی براوەی نییە و نابێت هەرگیز هەڵبگیرسێت»، بەڵام
بەبێ دیاریکردنی هیچ وادەیەک بۆ دانوستان و بەبێ هیچ پابەندبوونێک بە کەمکردنەوەی کڵاوە ئەتۆمییەکان.

جێگەی سەرنجە لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا باسی ئۆکراینا، ئێران، تایوان و ژیریی دەستکرد بە تەواوی فەرامۆش کرابوو؛ ئەمەش بەڵگەیەکی زیندووە کە لەسەر گرێکوێرە خوێناوییەکان هیچ دەستکەوتێکی کردەیی بەدی نەهاتووە.

لێرەدا پێویستە سەرنج بخەینە سەر حیسابات و یارییەکەی چین لەم لوتکەیەدا.

ئەو سیناریۆیەی پەکین پێشوەختە بۆ ئەم دیدارە دایڕشتبوو، ڕێک وەک خۆی بەڕێوە چوو: چین وەک هێزە پێگەیشتوو و بەرپرسیارەکە دەرکەوت، تاکە زلهێزێک کە دەتوانێت لەگەڵ
هەموو لایەکدا بدوێت. بەڵام خاڵە سەرنجڕاکێشەکە ئەوە بوو کە زۆر بە وریاییەوە خۆی لەوە پاراست بەڵێنی کۆتاییهێنان بە ململانێکان بدات؛ چونکە پەکین تەنیا کاتێک ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ کە سەرکەوتن مسۆگەر بێت تا شکۆکەی بۆ خۆی بچنێتەوە. بۆیە لای چین چوارچێوە فەرمییەکەی گفتوگۆ لەسەر سەقامگیری و مەترسیی ئەتۆمی زۆر گونجاو بوو،
لە پشت پەردەشەوە وای پیشان دەدا کە ئەو ئاشتیخوازە بەرپرسیارەیە کە هاتووە ئەوەی دوو زلهێزە ماندووەکەی دیکە شکاندوویانە، چاکی بکاتەوە.

سەرۆک شی بە ئارامییەکی تەواوەوە چووە ناو هاوکێشەی «دوو بەرانبەر یەک» لەگەڵ پوتیندا، بەتایبەت کە ڕۆژێک پێش لوتکە سێقۆڵییەکە (لە ١٨ی تشرینی دووەم) کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیی تێروتەسەلیان کردبوو و گومان نییە تەواوی جووڵەکانیان
پێشوەختە هەماهەنگ کردبوو. پێم وایە تەنانەت ترەمپیش، سەرەڕای ئەوەی بە جۆشەوە باسی لە «هاوڕێکانی» و «مێژوودروستکردن» دەکرد، هێندە ساویلکە نەبوو وا بزانێت لەو
ژوورەدا گفتوگۆیەکی سێقۆڵیی هاوسەنگ بەڕێوە دەچێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم هاوپەیمانییەی پەکین و مۆسکۆ لەسەر بنەمایەکی هاوسەنگ نییە؛ هیچ وڵاتێک هێندەی چین کارتی فشاری بەسەر پوتینەوە نییە کە لە پێگەیەکی لاوازەوە
بەشداری کرد. لە ماوەی ساڵانی جەنگی ئۆکراینادا، ڕووسیا لە ڕووی ئابووری، تەکنەلۆژی و بازرگانییەوە نزیکەی بە تەواوی چاوی لە دەستی چینە. تەنانەت لە پرۆتۆکۆڵی پێشوازیکردنیشدا لە شێنجێن، سەرۆک شی بە ئاشکرا بایەخ و ڕێزی باڵای بە ترەمپ بەخشی و پوتینی خستە پەراوێزەوە؛ ئەمەش ئاماژەیەکی بێدەنگ بوو بۆ سەلماندنی هەژموونی چین
بەسەر کرێملیندا، ئەو هەژموونەی شی دەتوانێت بە گوێرەی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆی لە دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا، بۆ فشارخستنە سەر پوتین یان پشتیوانیکردنی بەکاری بهێنێت.

لە هەمان کاتدا چین هەوڵی دا خۆی وەک تاکە یاریزانێک بسەپێنێت کە توانای دۆزینەوەی چارەسەرێکی کردەیی هەبێت بۆ هەڵمەتەکەی ئەمریکا بەرانبەر تاران؛ بەو پێیەی پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئێراندا هەیە بێ ئەوەی وەک مۆسکۆ تێوەگلانی سەربازیی
ڕاستەوخۆی هەبێت. ئەم پێگەیە وای کردووە ڕەنگە تەنیا پەکین بتوانێت سەرپەرشتیی دەرکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بکات بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، کە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی کۆتاییەک ببینرێت ڕەزامەندیی ترەمپ بەدەست بهێنێت. کەچی ئەنجامی لوتکەکە دەریخست کە پەکین و مۆسکۆ هیچ دیارییەکی بێبەرانبەریان پێشکەش بە واشنتۆن
نەکرد و هیچ بەڵێنێکی ڕوونیشیان بۆ دەرچوون لە شەڕی ئێران نەدایە دەست ترەمپ.

گرێکوێرەی ئەتۆمی و «کێشەی سێ تەنەکە»

سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی بکاتە چەقی کۆبوونەوەکە، ڕێک وەک چاوەڕوان دەکرا، هەر ئەم بوارە بوو کە چین تیایدا هیچ سازشێکی نەکرد و دەرەنجامەکە بە دڵی واشنتۆن نەبوو. هەرچەندە شی جینپینگ بە زمانێکی دیپلۆماسیی زیرەکانە داوای «قەدەغەکردن و لەناوبردنی تەواوەتی چەکی ئەتۆمی» کرد،
بەڵام لە واقیعدا ڕەتی کردەوە جبەخانەکەی بخاتە ناو هیچ سنووردارکردنێکەوە؛ چونکە ئەمریکا و ڕووسیا هەریەکەیان خاوەنی جبەخانەیەکی ئەتۆمین کە نزیکەی دە هێندەی جبەخانەکەی چین گەورەترە. بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای سیپری بۆ ساڵی ٢٠٢٦، ئەمریکا ٥,٠٤٢ کڵاوە و ڕووسیا ٥,٤٢٠ کڵاوەیان هەیە، لە کاتێکدا چین نزیکەی ٦٢٠ کڵاوەی هەیە.

ترەمپ دەیویست پەیماننامەیەکی نوێ بسەپێنێت کە چینیش بگرێتەوە، بەو پێیەی وەک «وۆڵ ستریت جۆرناڵ» باسی کردووە پەکین بە خێرایی جبەخانە ئەتۆمییەکەی سێ هێندە زیاد کردووە (لە کەمێک زیاتر لە ٢٠٠ کڵاوەوە بۆ زیاتر لە ٦٠٠ کڵاوە) و بەپێی پێشبینیی پنتاگۆنیش ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٣٠ سنووری ١,٠٠٠ کڵاوە تێپەڕێنێت.

ئەم دۆخە گۆڕانکارییەکی ناخۆش و بنەڕەتییە بۆ ئەمریکا؛ دەیان ساڵ بوو ستراتیژییەتی ئەتۆمیی واشنتۆن تەنیا لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا داڕێژرابوو، کەچی ئێستا بۆ
یەکەمجار ناچارە لە یەک کاتدا خۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی دوو زلهێزی ئەتۆمی ئامادە بکات. پسپۆڕان ئەم هاوکێشەیە بە «کێشەی سێ تەنەکە» وەسف دەکەن: لەگەڵ دەرکەوتنی
یاریزانێکی سەرەکیی سێیەمدا، ڕێگریی ئەتۆمی کەمتر جێگەی پێشبینیکردن دەبێت و مەترسیی پێشبڕکێیەکی نوێی خۆپڕچەککردن زیاد دەکات.

چینییەکان پەلەیان نەبوو لە
ڕازیبوون و بە کردەیی لە لوتکەکەدا هیچ پابەندییەکیان نەدا، ڕووسەکانیش داوا دەکەن ئەگەر چین پابەند بکرێت دەبێت فەڕەنسا و بەریتانیاش ببنە بەشێک لە ڕێککەوتنەکە.

بۆیە لە دوای شێنجێنیشەوە ڕوون بووەوە کە خواستەکەی ترەمپ هەر خەیاڵێک بوو و نەهاتە دی؛ لە ڕاستیدا هیچ لۆژیکێک بۆ پەکین نییە سازش لەسەر سڕکردنی کۆگاکانی بکات، مەگەر
واشنتۆن و مۆسکۆ ڕازی بن بە کەمکردنەوەیەکی یەکجار گەورە و بێهاوتای چەکە ئەتۆمییەکانی خۆیان.

هەرچەندە لوتکەی شێنجێن هیچ ڕێککەوتنێکی شۆکهێنەریشی لێ نەکەوتەوە، بەڵام زۆر زیاتر بوو لە وێنەگرتنێکی تەشریفاتی بۆ ناو ئەرشیف. ترەمپ بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە کۆشکی
سپی و ناچار بوو بڵێت ڕێبازێکی «جیاواز» لە سیاسەتی دەرەوەدا دەگرێتە بەر؛ لە بەرانبەردا پوتین گەورەترین دەستکەوتی مەعنەوی بردەوە، بەڵام براوەی ڕاستەقینە
سەرۆک شی بوو. ئەم دانیشتنە پەیامێکی ڕوون و بێپێچوپەنای بە گوێی جیهاندا دا: قۆناغی یاسا و نەزمی لیبراڵی پاشەکشەی کردووە و ئەمە سەکۆ فەرمییەکەی شی جینپینگە
بۆ نمایشکردنی سیستەمی نوێی جیهانی.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close