نوسەران

تایبەت مەندی کۆنگرە، گۆرانکاری ونوێبونەوە

تایبەت مەندی کۆنگرە…….
بەشی دووەم : گۆرانکاری ونوێبونەوە
﴿إِنَّ اللّەَ ڵا یُغَیِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّی یُغَیِّرُواْ مَا بِڕَنْفُسِەِمْ..)

عەلی حاجی زەڵمی

بەردەوام بابەتی نوێبونەوە و گۆڕانکاری لە ئەدای حزب و پێداچونەوە بە شێوازی کارکردن، پانتاییەکی زۆری گفتوگۆکانی ئەندامان و دۆستانی بزووتنەوەی ئیسلامی گرتۆتەوە، ھەریەکەمان بە جۆرێک باس لە گۆڕانکاری و نوێبونەوە لە حزب دەکەین، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە شیکردنەوەیەکی بابەتیانە و بەرپرسیارانە بۆ گۆڕانکاری و نوێبونەوە بکەین، چۆن بیکەین ؟ چی بکەین ؟ ئاخۆ ھەر لە بنەڕەتدا تێگەیشتن بۆ ئەم چەمکانە چی یە ؟ ئێمە بڕوامان بە چاکسازی ھەیە، یان لە ڕەگ و ڕیشە ھەڵکێشانی سیستم ؟ کاتی داڕشتنەوەی ھەرەمی حزبی یە لە خوارەوە بۆ سەرەوە یان بە پێچەوانەوە ؟ بیرکردنەوە و گوتنی بەردەوام لەم بابەتە پەیوەندی بە سۆز و عاتیفە یان ڕق و کینە و تۆڵە کردنەوە ھەیە؟ یاخود پێداویستیەکی بابەتیانەیە و سەردەم سەپاندوویەتی کە کاری حزبی بەم فۆڕم و ناوەرۆکە ناتەبایە لەگەڵ ئێستادا .

ئەگەر بڕیارماندا گۆرانکاری بکەین، دەبێت لە کۆنگرە بیکەین، چونکە کۆنگرە جێگەی داڕشتنی نەخشە و پلانی حزبە بۆ داھاتوو، ئێمە وا فێربووین کە تاکێک ناتوانێ بڕیارەکانی خۆی لەسەرو بڕیارەکانی کۆنگرە دابنێت و، ھیچ کەسێک بە تەنھا ئاراستەی ئەم حزبە ناکات، کاتێک کۆنگرە دەبێتە سەکۆی بیرکردنەوەی جیاوازی ئەو ھاوڕێیانەی لە شوێن و ژینگەی جیاواز و تەنانەت کلتوری جیاوازیش ھاتوون، ئەوکات ئەم ململانێ دروستە دەبێتە خاڵی گۆرانکاری بنەڕەتی تەندروست لە کاری حزبیدا .

بە بۆچونی من گۆرانکاری و نوێبونەوە، تەنھا گۆرینی کەسی یەکەم یان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یان بەر پرسێکی حزبی نیە، بەڵکو ئەوە گۆرانکاری لاوەکی یە و، نوێبونەوە بنەڕەتیەکە گۆڕینی فۆڕمی لەم چەشنە کارکردنەیە، گۆڕین و ئاراستەکردنی گوتاری سیاسیە، بەرھەم ھێنانی فکر و تێڕوانین و میتۆدی جیاوازە لە یەک سیستمی بیرکردنەوەدا، بەرھەم ھێنانی فرە خوێندنەوەیە نەک فرە مەرجەعی، چونکە لەگەڵ ئامادەبوونی فەلسەفە خوێندنەوەی جیاواز ئامادەیی ھەیە نەک مەرجەعیەتی جیاواز، بۆچونی جیاواز سەرھەڵدەدات نەک کاری جیاواز .

تێروانین بۆ نوێبونەوە و گۆرانکاری لە سایەی ئەم سیستمە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەی لە کوردستان ھەیە، جیاواز دەبێت لەگەڵ ئەو ژیانکردنەی کە لە سایەی سیستمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی جیاوازە، ئەم جیاوازییە کوشتن و بێ ماھیەت کردنی بیرکردنەوەی ئەوانی دی نیە، بەڵکو گوتنی ئەو حەقیقەتەیە کە ھێزی بیرکردنەوەی لۆژیکیمان پێدەدا .

نوێبونەوە و گۆرانکاری بۆ سەرخستن و کارکردنە بۆ داھاتووی فکری و مرۆڤدۆستی ئەم حزبە، نەک بڕوا و متمانە نەبوون بە ژمارەیەک لە ئەندامانی، دروستکردنەوەی کەسانێکە کە لەسەر و بەرژەوەندیەکانەوە کاردەکەن، وەبەرداکردنەوەی ژیانێکی تەندروستیانەی حزبایەتیە کە ساڵانێکە کار بۆ گۆڕینی کراوە و کاریگەری لەسەر ئێمەش ھەبووە، دەکرێت بیرکردنەوە و پەیوەندی گرتن بێت لەگەڵ کۆی ئەو ھاوڕێیانەی ساڵانێکە زویربوون و کەس لێیان ناپرسێتەوە .

ئالێرەوە نوێبونەوە و گۆرانکاری بە تەنھا لە سەرەوە ناکرێ، ئەم دوو چەمکە راڤە و شیکاریەکی فەردی پێویست نیە، بەڵکو پێویستی بە بەشداریکردنی بچوکترین یەکەی پێکھێنەری حزبە، بۆچی نا ئومێد بوون دەبێتە ھۆی وازھێنان، یان ئەم بابەتە بۆ نابێتە خەونێکی زیندووی کۆمەڵێک، بۆ لای ھەندێکیش بابەتێکی ئیفلیجە؟.

نوێبونەوە و گۆرانکاری، بەبێ بیری نوێ، چەمکی نوێ، زاراوەی نوێ، خوێندنەوە و کەرەستەوە و رۆشنبیری نوێ بەرھەم نایەت، نوێگەری بە مانای راڤەی نوێ، تێڕوانینی نوێ، بیرکردنەوە و پرسیار و میتۆد و کار و ئەزموونی نوێ .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close