نوسەران

جرف الصخر… ئامانجی ستراتیژیی بەغدا کوێیە؟

جرف الصخر… ئامانجی ستراتیژیی بەغدا کوێیە؟

ئاراس محەمەد

( سەرەتا بابۆتان ڕوون بکەمەوە، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا سەرکەوتنی یاسا و دەوڵەت نەبوو، بەڵکو بەهێزترکردنی پێگەی گرووپە چەکدارەکان و بەڵگەیەکی تر بوو لەسەر ئەوەی ئەم گرووپانە لە دەوڵەت بەهێزترن تەنانەت دەوڵەتیش بە مەرج و لە ڕێگەی خاڵەکانی پشکنینەوە ڕێگەی پێدەدرێت بچێتە ناوچەکانیان).

ئەوەی لە جرف الصخر ڕوویدا، نابێت تەنها وەک هەنگاوێک بۆ کۆنترۆڵکردنی میلیشیا شیعییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لێکی بدرێتەوە. پرسیارێکی گەورەتر لە پشت ئەم هەنگاوەدا هەیە ئایا بەغدا بەڕاستی نیازی کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان؟ یان ئەم جووڵەیە بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوکێشەی دەسەڵات لە عێراقدا؟

ئەگەر بە وردی سەیری ئەم گۆڕانکارییانە بکەین، ئەو گومانە دروست دەبێت کە ئامانجی داهاتووی ئەم سیاسەتە، هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی دەسەڵات و دەستکەوتەکانی بێت.

بەداخەوە، لە کاتێکدا پێویستە هێزە سیاسییە کوردییەکان بە یەکگرتوویی و هەماهەنگی بەرەنگاری هەر هەوڵێکی لاوازکردنی پێگەی هەرێم ببنەوە، بەشێکی زۆریان سەرقاڵی ملمڵانێی ناوخۆیی، ملشکاندنی یەکتر و کێبڕکێی دەسەڵاتن.
پرسیاری مەترسیدار ئەوەیە ئەگەر هێزە کوردییەکان هەروا سەرقاڵی شەڕی ناوخۆ بن، کێ پارێزگاری لە دەستکەوتە سیاسی و دەستوورییەکانی کوردستان دەکات؟
مێژوو نیشانی داوە کە لاوازیی ناوخۆیی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت دەستکەوتەکانت لێ بسێننەوە. ئەگەر کورد لە ئێستادا یەکگرتوو نەبێت، لەوانەیە سبەی بەرەنگاری ئەو هاوکێشەیە ببێتەوە کە خۆی بەشدار نەبووە لە دروستکردنی. لەو بارودۆخەدا، بەردەوامیی ئەم ناکۆکی و دابەشبوونە، زیانی سەرەکییەکەی دەگاتە هەرێمی کوردستان.
بەدڵنیایەوە ئابەم حاڵەو بەم فرە دەنگ و ڕەنگ و فرە کوێخاو ئەم هەموو ناکۆکییە بێ ماناوە دۆڕاوی یەکەم و کۆتا هەرێمی کوردستانە، پلان و ئامانج و ئەجێندای هێزە سیاسی و چەکدارەکانی عێراقیش ڕوونە.

ماوەتەوە بپرسین: لە پشت ئەم ڕووداوەدا، ڕۆڵی ئێران و فشاری ئەمریکا چی بوو؟ ئایا جرف الصخر تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی عێراقە، یان بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی گەورەتر لە هاوکێشەی نفووز و چەک لە عێراقدا؟

ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەردەکەوێت، تەنها چارەنووسی جرف الصخر نییە، بەڵکو ئاستی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق و سنووری نفووزی هێزە چەکدارەکانیشە. لە هەمان کاتدا، ئەم ڕووداوە دەبێت ئاگادارکردنەوەیەک بێت بۆ هێزە سیاسییە کوردییەکان، کە پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان بە ناکۆکی و دابەشبوون ناپارێزرێت.

تێبینی: ڕەخنە و تێبینییەکانم سەبارەت بە حکومەتی هەرێم و شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەلایەن یەکێتی و پارتی، لە جێی خۆیەتی.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close