كوردستاننوسەرانهەواڵ

سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی :له‌پێش هه‌موانه‌وه‌ پێداگریین له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم

ئێمەی گەلی كورد بە گشتی و باشووری كوردستان بەتایبەتی هەموو ئەو شانازییانەی بەم نیمچە سەربەخۆییەوە دەمانكرد، خەریكە ووردە ووردە لەسایەی سیاسەت و جوڵەی پێشبینیكراوی حوكمڕانەكانی هەرێم لەدەستی دەدەین.
بەداخەوە دەمێك بوو بە قسەی گەورەو بریقەدار خەڵكی هەرێمیان دەخەڵەتاند بەناوی سەربەخۆیی و دواتریش نەك سەربەخۆیی، بەڵكو ئەو تۆزە متمانەیەی هەشیانبوو لەدەستیاندا، كۆتا هەڵبژاردنی ئەمجارە و پرسی بەشداریكردنی هاووڵاتیان و دەنگی حزبەكان باشترین نمونەیە بەتایبەت بۆ حزبە دەسەڵاتدارەكان، لەكاتێكدا ئەوان چەك و پارەیان لەبەردەستە.
جارێكیتر بەداخەوە، دەمێكە بەناوی دیموكراتی و سەروەری یاسا و نیشتمانپەوەری خەڵكیان خەڵەتاند و لەتەنیشت ئەم قسانەشیانەوە سەدان یاساشكێنی و هەڵسوكەوتی دیكتاتۆریانە و نیشتمانفرۆشیان نیشانی خەڵكدا و خۆشیان بەخاوەنی نازانن.
نازانم دەبێت ئەم حوكمڕانانە شانازی بەچییانەوە بكەن، بەهۆی هەڵەی ستراتیژی و دەستبەكاربوونیان لە سەربەخۆی بەناو ئابووریی بوونە هۆكاری بڕینی بودجەی هەرێم، دواتر بەهۆی ئەنانیەتەوە ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا و نیوەی خاكی هەرێمیان دایەدەستی دوژمنی دوێنێ و دۆستی ئەمڕۆیان، هەر بەهۆی بێ باكیان لەبەرانبەر دەستوور و یاساكانی هەرێم و ناشەفافی لە فرۆشتنی نەوت و غاز و هەموو جومگەیەكی ئابووری ئەم وڵاتە وایان كرد، دادگای فیدڕاڵیش بڕیاری نادەستووری بوونی فرشتنی نەوت و غازی هەرێم دەربكات، ئەمەش هۆكارێكە بۆ لەدەستدانی سامانی هەرێم و بێ خاوەنبوونی سامانی هەرێم و دووبارە خستنەدەستی سامانی هەرێم بە دوژمنانی دوێنێ و دۆستی ئەمڕۆ.
چوار سەرۆكایەتیەكەی هەرێم، لەدوایین كۆبوونەوەیان باس لە بابەتی نادەستووری و نایاسایی لە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی دەكەن، بەڵام نازانم بۆچی لەناو هەرێمی كوردستان كە خۆیانن باڵادەست و بڕیاربەدەستن، بڕیاری نایاسایی و پێشێلی یاسا دەكەن.
مەگەر پاشەكەوت و بڕینی مووچە لەكوێی یاساكانی هەرێم و دونیا خۆی دەبینێتەوە؟ مەگەر پشتگوێخستنی ستەمی پلەبەرزكردنەوە لە كوێی یاسای هەرێم و دونیا خۆی دەبینێتەوە، مەگەر ناشەفافی لە فرۆشتنی سامان و دیارنەمانی داهاتی ئەم هەرێمە لە چ یاسایەك خۆی دەبینێتەوە؟ مەسەلەیەكی كوردی هەیە دەڵێت “ماڵت لە شوشە بوو بەرد مەگرە ماڵی كەس”.
ئێمە لەهەموو كەس نیشتمان پەروەرترین، ئاینەكەمان فێری كردووین بەرگری بكەین لە زمان و خاك و كلتوریی نیشتمانمان، هیچ كەسێك كوردایەتیمان پێنەفرۆشێت، لە پێش هەموانەوە پێداگریین لەسەر مانەوەی قەوارەی هەرێم بەهەموو دەسەڵاتەكانییەوە، بەڵام بەداخەوە حوكمڕانەكان بێ متمانەییەكیان دروست كردووە، هاووڵاتیان متمانە بەو كەسانەش ناكەن كە بە ڕاستی بڕیاری دروست و پلانی دروست پێشكەش دەكەن بۆ پیادەكردنی حوكمڕانییەكی دروست لەهەرێم.
سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی
ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close