
لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پێنج بڕیاری نوێی دەرکرد سەبارەت بە دەوامی فەرمانگەکان، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، لادانی زیادەڕۆییەکان و کارکردنی مووەلیدە ئەهلییەکان لە خوێندنگەکان لەکاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12.
دەقی بڕیارەکان:
بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ، (٢٠٢٠/٧/٩) لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (٤٢)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاریدا بە:
١- بەردەوامبوون لەسەر ئەو خاڵانەی لە گشتاندنی ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٣)ی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا دیاریکراون، (جگە لەو خاڵانەی لەم گشتاندنەدا دیاریکراون).
٢- لە ڕۆژی یەکشەممە (٢٠٢٠/٧/١٢)وە دەوامی فەرمیی گشت دامودەزگا حکومیەکان بەپێی بڕیارو مەرج و ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکانی پێشتر ڕاگەیەندراون، دەستپێدەکاتەوە.
٣- هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا لە ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/١٢)وە بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان ئاسایی دەکرێتەوە.
٤- سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاساو ڕێنماییەکان ڕێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەک دەگرنەبەرو ئەرکی هەموو هاووڵاتیان و دامودەزگا حکومییەکان و دامەزراوە دادوەرییەکان و کەرتی تایبەتە هاوکارو هەماهەنگیان بن.
٥- لە ڕۆژی شەممە (٢٠٢٠/٧/١١)وە تاقیکردنەوە وەزارییەکانی (١٢)ی ئامادەیی دەستپێدەکات، بۆ باش بەڕێوەچوونی کەشی تاقیکردنەوەکان و لەسەر پێشنیازی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، بەسوپاسەوە موەلیدە ئەهلیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبای پێویست لە ڕۆژو ماوەی دیاریکراوی تاقیکردنەوەکاندا بۆ خوێندنگاو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابین دەکەن.