
وەزیری نەوتی عێراق:
هەناردەی نەوت لە ماوەی مانگی رابردوو و ئەم مانگەدا گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش قەیرانەکان
باسک نێت
باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، هەناردەی نەوت لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش قەیرانەکان.
بە گوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی نەوت، باسم عەبادی، ئەمڕۆ سەرۆکایەتی دانیشتنی 11ی دەستەی رای وەزارەتەکەی کردووەو تیێدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەزارەت لە ئێستادا دوو ئامانجی سەرەکی هەیە، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی قەیرانی گەرووی هورمز، یەکەمیان پەیوەندی بە هەناردەکردنی نەوتەوە هەیە، لەوبارەیەوە جەختی كردووە، وەزارەتەکەیان لە ماوەی مانگی رابردوو و ئەم مانگەدا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بە تێكڕا هەناردەکردنی نەوت هاوتای ئەو رێژەیەی پێش قەیرانەکە بووە، بە پێویستیشی زانیووە هەوڵەكان یەكبخرێن لەگەڵ کەمکردنەوەی کاتی لەدەستچوو، بۆ زیادکردن و بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان.
بەوتەی وەزیری نەوت، ئامانجی دووەمیش، پەرەپێدانی کەرتی پاڵاوتنە، سەرەڕای كۆنی پاڵاوگەکانی عێراق و پێویستی چاککردنەوەی وەرزی، جەختیشی لە پێویستی دوو هێندەکردنی هەوڵەکان و پاراستنی چاودێری بەردەوام و ئەنجامدانی پشکنینی ئەندازیاری بۆ دامەزراوەکان کردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشە پەیوەندیدارەکانی ناو وەزارەت، بۆ دڵنیابوون لە بەرهەمهێنانی بەردەوام و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەکارهێنانی ناوخۆیی لە بەرهەمە نەوتییەکان.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزیری نەوت باسی لە پرسی كڕینی كەشتی نەوتكێش کردووە، پێداگری لەسەر پێویستی خێراکردنی رێکارە پێویستەکان کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەرییە بەرچاوەی کە لە پاڵپشتیکردنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و بەدیهێنانی داهات بۆ بەهێزکردنی بودجەی دەوڵەت هەیەتی.




