تەندروستیكوردستانهەواڵ

لە سلێمانى خۆبەخشانى تەندروستى خۆپیشاندانیان كرد

خۆبەخشانى تەندروستى لە سلێمانى خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و داوا دەکەن، هاوشێوەى دهۆک و زاخۆ و سۆران، دامەزراندن ئەوانیش بگرێتەوە، جەختیش دەکەنەوە ئەگەر وەڵامى داواکارییەکانیان نەدرێتەوە بایکۆت دەوام دەکەن.

دواى ئەوەى وەزارەتى تەندروستى هەرێم، چەندین کارمەندى تەندروستى لە زاخۆ و هەولێر و دهۆک، دامەزراند. ئەوەش ناڕەزایەتى تەندروستى سلێمانى لێکەوتەوە و دەڵین: ئەو دامەزراندنە دەبێت ئەوانیش بگرێتەوە، چونکە ئەوە جیاوازییە و دادپەروەرى تێدا پەیڕەو نەکراوە.

ئەمڕۆش، بەشێک لە خۆبەخشانى تەندروستى سلێمانى لەبەردەم نەخۆشخانەى فریاکەوتن گردبونەوە و هەڕەشەى بایکۆتى دەوام دەکەن.

یەکێک لە خۆبەخشانى تەندروستى بە راگەیاند: ئەگەر خۆبەخشەکان دەوام راگرن ئیشى نەخۆشخانەکان دەوەستێت، بۆیە ئەگەر وەڵاممان نەدرێتەوە ناچارین هەڵوێستى دیکە رابگەیەنین کە نزیکترین هەڵوێست بایکۆتکردنە.

یەکێکى دیکە لە خۆبەخشەکان دەڵێت: دامەزراندنى کارمەندانى تەندروستى مافە و جا لە هەولێر بێت یان دهۆک یان سلێمانى، بەڵام کاتێک دادپەروەرى لەبەرچاو ناگیرێت و دامەزراندن خۆبەخشانى تەندروستى سلێمانى ناگرێتەوە، ئەوە ناچارمان دەکات بە هەڵوێست و ئەرکەکانماندا بچینەوە.

لە سنورى سلێمانى، خۆبەخشانى تەندروستى ژمارەیان لەسەروى (هەشت هەزار) خۆبەخشە و لە زۆربەى سەنتەر و ناوەندەکانى تەندروستى کاردەکەن و زۆر جاریش بەرپرسانى تەندروستى وتویانە ئەگەر خۆبەخشانى تەندروستى هاوکارنەبن، کەرتى تەندروستى لە سلێمانى توشى پەککەوتن دەبێت.

پێشتریش، دکتۆر. هێرش سەید سەلیم جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى بە کەى ئێن ئێنى راگەیاند: ئەوەى وەزارەتى تەندروستى کردویەتى خەنجەرلێدانە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close