وەرزش

بەهۆی شەڕەکەی بەرامبەر یانەی خاک، یانەی کۆیە سزای قورس و بەکۆمەڵ درا

باسک نێت – کۆیە

دوای شەڕو ئاژاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی یاریی نێوان یانەکانی کۆیەو خاک و هەڵکووتانە سەر یاریزان و ڕاهێنەرو دەستەی کارگێڕی و پزیشکیی یانەی خاک لەلایەن یاریزان و ڕاهێنەرو دەستەی کارگێڕیی یانەی کۆیەوە، یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان چەندین سزای قورسی یانەی کۆیەی دا، ئەمانەی خوارەوە تەواوی سزاکانی سەر یانەی کۆیەن کە دەقی نووسراوی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانیشە.

چوارشەممە 6-3-2024 بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تیایدا ئەم بڕیارو راسپاردانەی خوارەوەی دەرکرد .

1_ سەبارەت بە کێشە و ڕووداوە نەخوازراوەکانی یاری نێوان یانەی کۆیە و یانەی خاک لە گەڕی 14ـی خولی پلە یەکی کوردستان :

آ_ بە هۆی تێوەگلانی لە ڕووداوەکانی دوای یاری و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی یانەی خاک لە سەر ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بەڕێز ( کرێکار زرار ) لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شاری کۆیە و لادانی لە ڕێنمایەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، بڕیارماندا بە هەڵپەساردنی ئەندامیەتی بەڕێز ( کرێکار زرار ) تاوەکو کێشەکەی یەکلایی دەبێتەوە لە دادگا.

ب_ ڕاگرتنی ڕاهێنەری یانەی کۆیە ( زرار کرێکار ) بۆ ماوەی 3 وەرز لە سەرجەم کار و چالاکیەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، پێبژاردنی بە بڕی 2000000 دوو ملیۆن دینار.

ج_ ڕاگرتنی یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی کۆیە ( ڕێکار کرێکار ) بۆ ماوەی 1 وەرز لە سەرجەم کار وچالاکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، پێبژاردنی بە بڕی 1000000 یەک ملیۆن دینار.

د_ ڕاگرتنی گۆڵپارێزی یانەی کۆیە ( ئاکار ئەکرەم ) بۆ سێ یاری، پێبژاردنی بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار.

ھ_ بە هۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوان بڕیار درا بە ڕاگرتنی یاریزان ( ساڵح جومعە ) یاریزانی یانەی کۆیە و ( پێشەنگ شۆڕش) چارەسەرکاری تیپی تۆپی پێی یانەکە و ( ڕێکار حەسەن ) کارگوزاری یانەی کۆیە بۆ 2 یاری و پێبژاردنیان بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار.

و _ ئامادە نەبوونی بەڕێوەبەری کار و باری یاریزانان ( شاهۆ حوسامەدین ) لە سەرجەم بۆنە و کار و چالاکیەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ ماوەی 2 ساڵ و بە هیچ شێوەیەکیش مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.

س _ دوورخستنەوەی ( سەرکار کرێکار ) لە سەرجەم بۆنە و کار و چالاکیەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ تا هەتایە.

ش – کەمکردنەوەی 7 خاڵ لەکۆی گشتی خاڵەکانی وەرزی داهاتووی یانەی کۆیە واتە بە -7 خاڵ دەست بەخول دەکات وەسەرجەم یاریەکانی وەرزی 2024 _ 2025 لەدرەوەی یاریگای خۆی دەبێت بێ ئامادەبوونی هاندەر، وە پێبژاردنیان بەبڕی 5000000 پێنج ملیۆن دینار..

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close