وەرزش

خولێکی گەورەی ئەوروپا رێگە بەگەڕانەوەی هاندەران دەدات

فیدراسیۆنی تۆپی پێی رووسیا بڕیاریدا یارییەکانی خولی وڵاتەکەی بە ئامادەبوونی هاندەرانەوە دەستپێبکاتەوە، سەرەرای ئەوەشی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا مەترسییە لەسەر جیهان.

فیدراسیۆنەکە دوو هەفتە لەمەوبەر بڕیاریدا، رۆژی 21ـی حوزەیران یارییەکانی خولەکە لە پشت دەرگا داخراوەکان بکرێن، هاوشێوەی هەموو ئەو وڵاتانەی بڕیاری گەڕانەوەی خولەکانیان داوە.

سەرەرای ئەم بڕیارە فیدراسیۆنی تۆپی پێی رووسیا لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەکەی گەیشتە رێککەوتن بۆ ئەوەی 10٪ هاندەران ئامادەی یاریگە ببن.

فیدراسیۆنەکە دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێت هاندەران ئەوانەی ئامادەی یارییەکان دەبن، بەتەواوی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ ئەوەی سەلامەتی خۆیان و هەموو لایەک پارێزراوبێت.

لەلایەن خۆیەوە دیمیتری چیریشینکۆ، جێگری سەرۆکوەزیرانی دەڵێت، زۆر گرنگە کە هاندەران دەگەڕێنەوە نێو یاریگەکان و ئەوان بەشێکی هەستیار و تایبەتی تۆپی پێن.

رووسیا یەکەم وڵات نییە رێگە بە گەڕانەوەی هاندەران بۆ نێو یاریگەکان دەدات، هەنگاریاش بە مەرجی جێبەجێکردنی رێنماییەکان رێگەی بەگەڕانەوەی هاندەران داوە.

بابەتی دیكە

Close