
( مونیرە عەلی عەبدول عەزیز ) ژنە سەرکردە شێرەکە
پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
هەڵوێستی ژنە سەرکردەیەکی سیاسیی ئیسلامی ناوداری وەک خاتوو مونیرە عەلی عەبدولعەزیز لە مەڕ ڕوداوی کچە ڕۆژنامەنوسە لاوەکە و بەرپرسە باڵاکە لە زانکۆی سلێمانی ، تەنها هەڵوێستێکی ئیدانەکردن نیه ، بەڵکو دەستنیشانکردنێکی ورد و زیڕەکانەبوو بۆ جەوهەری ئەو ڕوداوە کاتێک بەرپرسە بەڵاکەی بە( مێشێل عەفلەق )ی کوردستان لەقەڵەم دا .
ئەم ژنە سەرکردەیە ویستی بەهەموان بڵێ : عەقڵیەتی ڕژێمی بەعس لەبەغدا کە دژایەتی لەچک و باڵاپۆشی دەکرد ، ئێستا لەبەرگێکی نوێی کوردانەو بە پاساویی ڕۆشنگەریی جارێکی تر گەڕاوەتەوە کوردستان .
هەڵوێستەکەی خاتوو مونیرە بۆ زۆر وردو زیرەکانە بوو :
یەکەم / خاتوو مونیرە هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوە .. چۆن :
لەبری ئەوەی تەنها بەرگری لە سەرپۆش و باڵاپۆشی بکات ، هێرشی کردە سەر بەرپرسەکەو داوای کرد لەبەردەم دادگای سلێمانیدا دادگایی بکرێ و ، پرسەکەی لە فەیسبوک و سۆشیال میدیاوە گواستەوە بۆ یاساو دادگا.
دووەم / لەرزۆکی و ساختەیی گوتاری فێمێنیزمی نیشاندا .
ئەم هەڵوێستەی ئەم خاتونە سەرکردەیە سەرجەم ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و میدیای خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی ڕاستەقینە بەوەی : ئایا بەرگریکردنی ئێوە لە ژنان ئافرەتە لەچک بەسەرو باڵاپۆشەکانیش دەگرێتەوە یان نا ؟
سێهەم/ ئەم هەڵوێستە بەرگرییە لە شوناس .
خاتو مونیرە نیشانیدا باڵاپۆشی ئافرەت و ژنی کورد ، باڵاپۆشیەکی حیزبی و سیاسی نیە ، بەڵکو ئەو باڵاپۆشیە بەشێکە لە شوناسی کۆمەڵگەی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان.
بۆیە ئەم هەڵوێستە ئازاو بوێرانەیە جێی پێزانین و سوپاسکردنە ، چونکە ئەوەی ئەو ئەنجامیدا بەدەیان پەرلەماتتارو بەرپرسی پلە باڵای پیاو نەیانتوانی ئەنجام بدەن ، هەڵوێستی ئەم خاتونە لەمێژووی بزاوتی ئیسلامیدا وەک ( خاڵی وەرچەرخان ) تۆماردەکرێت ، وەرچەرخان لە بزاوتێکەوە کە تەنها بەرگریی لە مزگەوتەکان دەکرد بۆ بزاوتێک کە بەرگریی لە ژنان و ئافرەتان دەکات لەبەردەم دادگاو شەقام و ڕاگەیاندندا.
خاتوو مونیرە نمونەی ژنە سەرکردەیەکی بوێری ڕاستەقینەیە ، ئەو ئەو ژنەیە کەبەڕاستی و بە کردەوە — نەک بە دروشم — نوێنەرایەتی باڵادەستی ژنان و ماف و شکۆو کەرامەتی ئافرەتان دەکات.




