نوسەران

فەتوا بۆ فرۆشتن !

فەتوا بۆ فرۆشتن !

پ . د .سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

دەگێڕنەوە دەسەڵاتدارێک سێ مەلای لە مەلاکانی وڵاتەکەی بانگهێشت کردن و بەئامادەبوونی وەزیرەو سکرتێرە تایبەتەکەی خۆی پرسیاری لێکردن : بڕیاری شەریعەت چیە لەمەر تەزویرو ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان ؟
یەکێکیان وتی : ڕێگە پێدراوو ئاساییە ئەگەر دەزگا ئەمنیەکان داوای بکەن.
دوەمیان وتی : بۆ ئەوەی ڕێگە لەسەرکەوتنی زندیق بگرین ڕێگە پێدراوە یاری بە سندوق بکەین.

سێهەمیان وتی : تەزویرو ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان حەرام و ڕێگە پێ نەدراوەو مرۆڤی پێ گوناهبار دەبێت !
دەسەڵاتدارەکە خێرا وتی : مەلای یەکەمم بۆ دامەزرێنن و بیکەنە دادوەری دادوەرەکان ، چونکە مەلایەکی درۆزنەو ئەم جۆرە مەلایانەم پێویستە… مەلای دووەمیش لە پایتەخت بیکەنە پێشنوێژی مزگەوتێکی گەورە ، چونکە مەلایەکی فێڵبازەو مەلای فێڵبازیش کارمان پێی دەبێت .. مەلای سێهەمیش مۆڵەتنامەی مەلایەتی و وتاربێژی لێ بسەننەوە ، چونکە مەلایەکی ڕاستبێژو ڕاستگۆیە ، مەلای ڕاستگۆو ڕاستبێژیش دەبێت لابدرێت و لە ئەرکەکەی دوور بخرێتەوە !

دواتر ڕووی کردە سکرتێرەکەی و پێی وت : ئەی تۆ ڕات چۆنە لەبارەی ساختەکردنی هەڵبژاردنەکانەوە ؟ سکرتێرەکە لەوەڵامدا وتی : جەنابی سەرۆک چۆن کەسێکی وەک من فەتوا بۆ کەسێکی وەک بەڕێزتان دەردەکات ؟! دەسەڵاتدارەکەش وتی : کەواتە تۆش کەسێکی دووڕوویت ، مرۆڤی دووڕووش لای ئێمە خۆشەویستە !

ئەڵبەتە مەبەست لە گێڕانەوەی ئەم چێرۆکە قسەکردن نیە لەسەر پرسی دیموکراسییەت و بابەتی هەڵبژاردنەکان ، بەڵکو مەبەست ئەو دیکۆرو دەم و چاوو ڕیشانەیە بەپارەو بە کرێ گیراون ، مەبەست ئەو فەتوایانەیە کە پڕ بەباڵای سەرۆک و دەسەڵاتداردا دوراون ، ئەوانەی ئامادەن ئاین و بڕوا و عەقیدەی خۆیان بە چەند درهەم و دینارو دنیایەکی هیچ و بێ نرخ بفرۆشن یان بگۆڕنەوە!!

ئێمە دەزانین لەم دنیاو سەردەمەدا هەموو شتێک ئافەت و دەردو فیتنەیەکی هەیە ، دەردو فیتنەی زاناو مەلاکانیش سوڵتان و دەسەڵاتدارەکانن! ئەم ڕاستیەش فوقەهاو زانایانی چەرخی ئیسلامی کۆن زۆر چاک دەرکیان پێ کردبوو لێی حاڵی بووبوون ، بە پێچەوانەی زانایانی سەردەمی نوێ کە جگە لە کەمێکیان نەبێ ئەگەر نا زۆربەیان گیرۆدەی ئەم بەڵاو ئافەتە بوون ، سەرنج بدەن …

لەسەردمی ( پێشەوا نەوەوی)دا دەسەڵاتدار لە پێشەوا نەوەوی بێزارو توڕە دەبێت و بە حاشیەو پاسەوانەکانی دەڵێت : موچەکەی ببڕن و لە پۆست و ئەرکەکەی دووری خەنەوە! ئەوانیش وتیان : قوربان… نەوەوی نە موچەی هەیە بیبڕین ، نە ئەرک و پۆستی هەیە لێی بسەنینەوە !

ڕاستە پلە و پۆست و پارەو موچە نەنگی نیەو گرفتێک نیە بۆ دین و دینداری ، بەڵام یاساو ڕێسای پەروەردگار لەم گەردوونەدا وایە هەرکەسێک پارەو موچەو نانی دەسەڵاتدار بخوات ئەوا هەر بە شمشێری دەسەڵاتیش دژایەتی دەکرێت ! هەموو شمشێرێکیش بە پێی پێگەو تایبەتمەندی خۆی شەڕی تایبەتی خۆی پێ دەکرێت ، شمشێری زاناو مەلاکانیش قسەکانیان و وتارەکانیان و فەتواکانیانە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close