نوسەران

لەنێوان دوو بژاردەی ئاوەزو حەزدا … بۆ ئەم دۆخەی ئێستا

لەنێوان دوو بژاردەی ئاوەزو حەزدا … بۆ ئەم دۆخەی ئێستا

عوسمان حمەکریم زەڵمی

     ھەقیقەتەو لێی دڵنیاین کە خواوەند بە دانایی ڕەھای مرۆڤی بۆ تاقیکردنەوە بەدیھێناوە، وە ئەم ژیانی دونیایەش مۆتەکەیەتی، بۆ ئەو مەبەستە بەنرخترین ھۆکاری سەرکەوتنی پێ بەخشیوە کە ئاوەزو ژیریە ، لەگەڵ دژەکەیدا کە حەزو ئارەزووە، مرۆڤ ھەرکام لەوانەی کردە ڕێنمای خۆی ئەوەیان زاڵ دەبێت بەسەر ئەویتریاندا.

    ھەرکات ئادەمیزاد کەوتە شوێن حەزو ھەوەسی راستەوخۆ ئەقڵ و ژیری لاوازدەبێت ، چونکە ناکرێ و ناتوانێ لە یەککاتدا بەدوو ئاراستە ڕێ بکات، ھەم بە ئاوەزو وەھەم بە حەز، وەخۆی ئازادو سەرپشکە، دەتوانێت یەکێکیان ھەڵبژێرێ و ئاکامەکەشی قەبوڵ کات،      وەختێک خواوەند ئاماژە بەتیاچوونی گەلێ دەدات باسی ھۆکارەکەشی دەکات، بەبەڵگەی: (فَاسْتَخَفَّ قَوْمَهُ فَأَطَاعُوهُ إِنَّهُمْ كَانُوا قَوْمًا فَاسِقِينَ/ الزخرف:٥٤) . لێرەدا پەیوەندیەکی ورد ھەیە لەنێوان وشەی (الفسق) لەگەڵ (خفە العقل)دا، یەکەمیان بە واتای لە سنوور دەرچوون دێت و دووەمیش بە مانای ڕێکوپێک ئاراستە وەرنەگرتن لە بواری گووفتارو کردارو بڕیارو ھەڵوێستدا.

   ئەو غەریزانەی کە خوا لە مرۆڤدا بەدیھێناون، ڕێگای دروستی دیاریکردووە بۆ دەخستنیان ، ئەوە ئەرکی ئاوەزە بیناسێت و پاشان ھەم بەدروستی دەستیان بخات وەھەم سودیان لێ ببینێت، چونکە نادروست دەسکەوتن و خراپ بەکارھێنان دەبێتە دەرچوون (الفسق) لە یاساو سوننەتی خالق و بەخشەری ئەو نیعمەتانەو دژی ژیری دەوەستێتەوەو خاوەنەکەی بە ھیلاکدا دەبات.

   کەوایە ئامانج لە بەخشینی ئاوەز بۆ ئەوەیە تاکو ببێتە ئامرازێک بەدەست مرۆڤەوەو بە ھۆیەوە ئەرکی خۆی بناسێ و بە دروستی جێبەجێی بکات ، بەمە مرۆڤبوونی دەسەلمێ و لەباقی شتەکانی تر جیا دەبێتەوە، بەپێچەوانەوە گەر بێتو کەسێ شتێک پەسەند کات و دژ بێت بە ئەقڵی ساغ، ئەوە ئەو کەسە نەزانەو بە ھەرزان بەھای خۆی ھەڕاج کردووە، وە بەکەوتنە دوای ویست و حەزو ھەوەسی دابەزیوەتە ئاستی ئاژەڵان.

    کەواتە وەک مرۆڤ شتێکمان نیە بە ئەندازەی ژیری پلەو پایەی مرۆڤ بەرز بکاتەوەو جـوانی سەرداریەتی دەربخات. دەی لەبەر ئەم بەھاداریەیە قورئانی موبارەک نزیک بە ھەزار ئایەتی باس لە ئەقڵ و زانست و مەرعیفەی کردووە ، ئەوەیە کە وتراوە ئیسلام ئاینی ژیری و ئەقڵ و ئاوەزە: ( أفلا يعقلون ؟  أفلا ينظرون ؟ أنى تؤفكون ؟  قليلاً ما تذكرون ).

  لیڕەدا پێویستە وردتر لەگەڵ ئەم پرسەدا بدوێین ، بەتایبەتی لەم دۆخەی تێی کەوتوین چەندین کێشەو گرفت دەورمانی تەنیوەو لەبان گشتیانەوە ئەم پەتاو وەبای کۆرۆنایە، کە بەداخەوە لەم دواییانە زۆرێکمان لەداخی دەسەڵات وەختە بەھەوەس و دوور لەئاوەز مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، کە ئەمە بۆخۆی زۆر ترسناکەو دەرھاوێشتەی خراپی یەخەی خۆمان دەگرێتەوە.

   ھەربۆیە وەک باوەڕدار ئەرکمانە ئاگایانەو بە ئاوەز مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکەدا بکەین، لەبیرمان بێت مرۆڤ وەختێک گەورەیە کە بە گەورەیی بیردەکاتەوەو گەڵاڵەی کار دادەڕێژێ و تەنھا بۆخۆی ناژی بەڵکو ئەوەندەی پێی دەکرێ وا لەخەم و خزمەتی دیگەراندا. کاتێ بۆنی دەمی ناخۆشە بەھۆی خواردنەوە فرمانی پێکراوە نەڕوات بۆ مزگەوت: (مَن أكَلَ البَصَلَ والثُّومَ والْكُرَّاثَ فلا يَقْرَبَنَّ مَسْجِدَنا/ صحيح مسلم (٥٦٤)، ھەرکەس سیرو پیازو کەوەری خوارد با نزیکی مزگەوتمان نەکەوێتەوە. ئەوەی پێچەوانەی ئەم خواستە بجوڵێتەوە ئەوە دوای ھەوەس کەوتووە نەک ئاوەز، وە سەرلێشێوای بەدوادا دێت: (وَلَا تَتَّبِعِ الْهَوَىٰ فَيُضِلَّكَ عَن سَبِيلِ اللَّهِ ).

    با بەراوردێک بکەین لە نێوان ئەزیەتی بۆنی ناخۆش، لەگەڵ پەتاێک وا شارەزایانی دڵسۆز زەنگی مەترسیان بۆ لێداوە، بەدڵنیاییەوە پێویستەو ئەرکە تاک بەتاکمانە خۆپارێزی بەدرووستی ئەنجام بدەین ، بگرە لەداخی درۆو گەنەڵی دەسەڵات و بە سیاسیکردنی ئەم وەبایە، نابێتە پاساو بۆ ئاوەزدار بۆ ئەوەی کەمتەرخەمی بنوێنێت. چونکە ئەوە ھەوەس پێی دەکات نەوەک ئاوەز. دەی کەوتنە دوای حەزو ھەوەس گوێڕایەڵیە لە شەیتان کە لەم دەرگایەوە مرۆڤ دەخەڵەتێنێ و گومڕای دەکات: (إِنَّهُ عَدُوٌّ مُّضِلٌّ مُّبِينٌ/ القصص: ١٥)، وە گومڕاکردن (ضلالة) واتە: بە ھەڵەدابردن و سەرلێشێواندن و نەگەیاندن بە مەقسەدو مەبەست و ئامانج . دەی کاتێک ئەو خۆی سەری لەخۆی شێواندووەو سەرگەردانبووە، ھەر ئەوەشی لێ دەوەشێتەوە. ھەروەک بە ئاوەز کارکردن گوێڕایەڵیە لە فرمانی خواوەند، کەوایە با بەدەست و ویستی خۆمان، خۆ نەخینە دۆخی مەترسیەوە:(وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ/البقرة: ١٩٥).

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close