ئەرشیفى بزووتنەوەكاروانی شەهیداننوسەران

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی و شه‌ڕی به‌عس و سه‌ركرده‌ شه‌هیده‌كانی به‌ یادی ١٩٩١/٤/١١ داستانی كۆڕێ

وه‌ك هێزێكی سرووشتیی ئه‌م خاكی كوردستانه‌ به‌ڵام ده‌ستبه‌ده‌ستنوێژ و پڕ له‌ یه‌قین و عیشقی خودایی، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی به‌شێكی زۆری له‌ شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕیی به‌رده‌كه‌وێت و خاوه‌نی سه‌روه‌رییه‌كی گه‌شه‌كردووه‌ تا كورد مابێت كه‌ به‌شدارێكی فیعلیی بووه‌ له‌ خه‌باتی شاخی ئه‌م وڵاته‌دا، دژ به‌ سته‌می حكوومه‌تی عێراق و سه‌دامی له‌ناوچوو.

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی سه‌دان داستانی دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی مۆنۆپۆلگه‌ری به‌عسی عه‌ره‌بی تۆماركردووه‌ و شان به‌ شانی هێزه‌ چه‌كداره‌ كوردییه‌كان وه‌ك یه‌كێتی و پارتی و شیوعی و حزبی سۆسیالیست گڕیان به‌ قه‌ڵای دوژمنه‌وه‌ ناوه‌ له‌ لوتكه‌ی هه‌ژموونی خۆیاندا، ئه‌م مێژووه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت نكۆڵی لێبكات و كه‌سیش ناتوانێت بیسڕێته‌وه‌.

پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك گه‌مژه‌ و نۆكه‌ر و عه‌قڵ سووك كه‌ ده‌ڵێن بزووتنه‌وه‌ و ئیسلامییه‌كان چییان كردووه‌ بۆ كورد، ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ یادی داستانی كۆڕێی نزیك به‌ چیای سه‌فین له‌ نزیك شاری شه‌قڵاوا، ئه‌و داستانه‌ی كه‌ تێیدا پێشمه‌رگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شی به‌ره‌ی كوردستانی توانییان زه‌برێكی كوشنده‌ له‌ به‌عس و سوپای عێراق بده‌ن، به‌ڵام به‌ ئاودانی خوێنی چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ كه‌ یه‌ك له‌و پێشمه‌رگانه‌، شه‌هیدی سه‌ركرده‌ و لێهاتوو، شه‌هیدی پاك و خۆشه‌ویست و پڕ له‌ عیشقی خودا، شه‌هید (مه‌لا عومه‌ر موسته‌فا)یە كه‌ ئه‌وكات لێپرسراوی عه‌سكه‌ریی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری بزووتنه‌وه‌ بوو.

له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌ خودی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێز (مه‌سعوود بارزانی) شاهیده‌ و خۆی له‌و شه‌ڕه‌دا به‌شدار بووه‌ كه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ لێی له‌و قۆڵه‌وه‌ی كه‌ بزووتنه‌وه‌ به‌شدار بووه‌ شه‌ڕه‌كه‌ توندتر بووه‌ و هێزی بزووتنه‌وه‌ هێزی پێدانه‌وه‌ی دڵنیایی و خۆشبه‌ختیی بووه‌ بۆ ئه‌و داستانه‌ و تێیدا شه‌ش ده‌بابه‌ی به‌عسیان تێك شكاندووه‌.

له‌م یاده‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌كات پاش ٣٣ ساڵ له‌و داستانه‌، به‌نده‌ خۆشه‌ویستیی بۆ رۆحی ئه‌م شه‌هیده‌ قورئانبه‌ده‌سته‌ ده‌نێرم و له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كه‌ خوێنی خۆیان كرده‌ قه‌ڵغان تا سوپا هیچ و پوچه‌كه‌ی به‌عس ده‌ست نه‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ئه‌تكی خوشك و براكانیان.

سڵاو له‌ رۆحی هێزی ئیسلام و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی و دروود بۆ شه‌هید مه‌لا عومه‌ر و هاوڕێكانی و دروودیش بۆ ئه‌و هێزه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ندێك كه‌للەپوت پێی ده‌ڵێن تۆ چیت كردووه‌ بۆ كورد و ئه‌م خه‌ڵكه‌…!!!

ئاری عەبدولەتیف
٢٠٢٤/٤/١١
وێنه‌ – شه‌هیدی سه‌ركرده‌ – مه‌لا عومه‌ر مسته‌فا
ئه‌رشیف – ئاری عه‌بدولەتیف
ئەم وتارەم پێش یانزە ساڵ نوسیوە بە كەمێك دەستكارییەوە

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close