نوسەران

کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا: سەکۆیەکی نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی هەژموون و بنیاتنانی پەیوەندییە سیاسییەکان

کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا: سەکۆیەکی نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی هەژموون و بنیاتنانی پەیوەندییە سیاسییەکان

تەنیا هەورامی✍️باسک نێت

ئەنتاڵیا – لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە سیستەمی نێودەوڵەتی بەخۆیانەوە دەبینن، (کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا) وەک یەکێک لە گرنگترین سەکۆ جیهانییەکان دەردەکەوێت کە بڕیاربەدەستان و سەرکردە فکرییەکان کۆدەکاتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی ئاسایش، سەقامگیری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی. ئەم کۆڕبەندە ساڵانە لەلایەن **وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە** لە شاری (ئەنتاڵیا) ڕێکدەخرێت و کەسایەتییە باڵاکانی سەرانسەری جیهان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.
کۆڕبەندەکە بەشدارییەکی بەرفراوان بەخۆوە دەبینێت کە سەرۆکی دەوڵەتان و حکومەتەکان، وەزیرانی دەرەوە، نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە دیارەکانی وەک **نەتەوە یەکگرتووەکان** و **ناتۆ**، لەگەڵ بژاردەیەک لە ئەکادیمیستان، شارەزایان و سەرکردەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەخۆدەگرێت. ئەم هەمەجۆرییە لە ئامادەبووان، سیمایەکی گشتگیر دەبەخشێتە کۆڕبەندەکە کە لە نێوان دیدگای سیاسی و شیکاری ئەکادیمیدا کۆدەبێتەوە.
شێوازی بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکەدا تا ڕادەیەکی زۆر بە بژاردەیی (انتقائي) دەکرێت، چونکە زۆرینەی جار پشت بەو بانگهێشتنامە فەرمییانە دەبەستێت کە ئاڕاستەی کەسایەتییە خاوەن کاریگەرییە سیاسی و فکرییەکان دەکرێن. لە هەمان کاتدا، دەرفەت بەشێوەیەکی سنووردار بۆ ئەکادیمیستان و ڕاگەیاندکاران دەڕەخسێنرێت تاوەکو لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن. هەروەها هەندێک لە بەشداربووان دەتوانن لە چوارچێوەی وەفدە فەرمییەکان یان لە ڕێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ئامادە بن.
لە ڕووی سیاسییەوە، بەشداریکردن لەم کۆڕبەندەدا دەرفەتێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتی؛ چونکە ڕێگە بۆ بەشداربووان خۆش دەکات تۆڕی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردە و بڕیارەبەدەستانی وڵاتانی جیاواز بنیات بنێن، و کەناڵەکانی پەیوەندی دیپلۆماسی بکەنەوە کە ڕەنگە ببێتە هۆی لێکتێگەیشتن یان هاوبەشیی لە داهاتوودا. جگە لەوەش، کۆڕبەندەکە فەزایەک دەڕەخسێنێت بۆ خستنەڕووی دیدگا و دەسپێشخەرییەکان سەبارەت بە پرسە جیهانییەکان، ئەمەش توانای بەشداربووان بۆ کاریگەری لەسەر ئاڕاستەی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان بەهێزتر دەکات.
گرنگیی ئەم کۆڕبەندە تەنها لەوەدا کورت نابێتەوە کە سەکۆیەک بێت بۆ گفتوگۆ، بەڵکو تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە ئامرازەکانی “هێزی نەرم”.
ئەو وڵات و کەسایەتییانەی بەشداری دەکەن، هەوڵدەدەن وێنەی نێودەوڵەتی خۆیان باشتر بکەن و پێگەی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسی جیهاندا جێگیر بکەن. لەم چوارچێوەیەدا، هەندێک جار بەشداریکردن وەک جۆرێک لە دانپێدانانی سیاسی ناڕاستەوخۆ بە هەندێک لە کارەکتەرەکان دادەنرێت، بەتایبەتی ئەوانەی لەو ناوچانەوە دێن کە شاهیدی گۆڕانکاری سیاسیین.
لەکۆتاییدا، کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا پێگەی خۆی وەک فەزایەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەکان و بنیاتنانی لێکتێگەیشتن جێگیر دەکات، لە سەردەمێکدا کە پێویستی بە گفتوگۆ وەک جێگرەوەیەک بۆ ململانێ، و دیپلۆماسی وەک دەروازەیەک بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری جیهانی، لە هەموو کات زیاترە.

تەنیا هەورامی

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close