وەرزش

بارسێلۆنا ده‌یه‌وێت 4 یاریزانی دیكه‌ بگوازێته‌وه‌


بارسێلۆنا لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان تا ئێستا پێنج یاریزانی نوێی گواستووەتەوە، بەڵام یانەکە بەسەرکردایەتی چاڤی هێشتا چوار یاریزانی دیکەی ئامانجە لە کاتێکدا چەند رۆژێکی کەم بۆ داخرانی بازاڕی یاریزانان ماوە.

گەرچی بارسێلۆنا لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان پێنج یاریزانی گواستووەتەوە، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە لەژێر سەرکردایەتی چاڤی هێرناندێز هێشتا چاوی لە گواستنەوەی چەند یاریزانێکی دیکەیە پێش ئەوەی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دابخرێت، جگە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی چەند یاریزانێکی دوای ئەوەی سەرکەوتووبوو لە تۆمارکردنی کۆندێ لە لیستی تیپەکەیدا.

بارسێلۆنا سەرکەوتوو بوو لە گواستنەوەی لیڤاندۆڤسکی و رافینیا و فرانک کیسێ و کریستێنسن و کۆندێ، توانیشی گرێبەستی عۆسمان دێمبێلێ و سێرجی رۆبێرتۆ نوێ بکاتەوە و ئەم دوو یاریزانەش بە موڵکی یانەکە دەمێننەوە.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردەوە، چاڤی هێرناندێز هێشتا چاوی لە گواستنەوەی چوار یاریزانی دیکەیە بۆ لای راست و چەپی یاریگا، لە نێوانیشیاندا مارکۆس ئالۆنسۆی بەرگریکاری چێڵسی و خاڤی گالانی یاریزانی سێلتاڤیگۆ.

سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە، چاڤی هێرناندێز سەرسامە بە خوان فۆیسی یاریزانی ڤیاریال، بەڵام ئەو نرخەی یانەکە داوای دەکات رەنگە کێشە بۆ گواستنەوەکە دروست بکات کە ڤیاریال داوای 20 ملیۆن یۆرۆ دەکات، لە لیستەکەی چاڤی یاریزانێکی دیکە هەیە ئەویش تراورێی یاریزانی یانەی رێنی فەرەنسیە.

ئاس هێمای بۆ ئەوش کردووە بارسێلۆنا هیوایەکی کەمی بۆ گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤا ماوە و مان سیتی دەرگای رۆیشتنی بەرووی ئەم یاریزانەدا داخستووە و نایەوێت لە یانەکەیان بڕوات.

بارسێلۆنا ئامانجیەتی بە گواستنەوەی ئەم یاریزانە وەرزێکی گەورە بەڕێ بکات و بگەڕێتەوە سەر سەکۆی ناسناوەکان، لە نێوانیاندا بردنەوەی ناسناوەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close