
مانگە حەرام کراوەکان ، دیدێک بۆ حورمەتی کات و گەورەیی تاوان
شەپۆل احمد✍️باسک نێت
ههموو خولهکێک ٦٠ چرکەیە و ههموو ڕۆژێک ٢٤ کاتژمێرە.
ئەوانە لە هەر ئان و ساتێک دا لەو ڕەوتە فیزیایی و گەردونیەی خۆیان لا نادەن، ئەی کە وایە بۆچی مرۆڤیان وابەستە کردووە بەوەی هەندێ ڕۆژ لە هەندێکیان پیرۆزترن؟ هەندێ کات لە هەندێ کات فەڕزترن و هەندێ مانگ لە هەندێکی تر فەزڵتر؟
مرۆڤ لە هەر کات و ساتێکدا دا تاوان بکات هەر تاوانە یان هەندێ جار تاوانەکەی گەورەترە بە پێ شوێن و کات؟
هەندێک مانگمان هەیە پێیان دەڵێن مانگە حەرام کراوەکان کە چوار مانگی دیاری کران لە نێو ساڵدا:
زولقەعدە (ذو القعدة): مانگی ١١ی کۆچی.
زولحیججە (ذو الحجة): مانگی ١٢ی کۆچی (مانگی حەج و جەژن).
موحەڕەم (المحرم): مانگی ١ی کۆچی (سەری ساڵ).
ڕەجەب (رجب): مانگی ٧ی کۆچی (کە بە تەنیا دێت و دەکەوێتە نێوان مانگەکانی جمادي الآخرة و شەعبان).
وشەی حەرام لێرەدا بە واتای قەدەغەکراو یان خاوەن حورمەت و پیرۆزی دێت، بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوە:
یەکەم بە مانای قەدەغەکردنی جەنگ و خوێنڕشتن:
لەو چوار مانگەدا، شەڕکردن و دەست پێشخەری لە جەنگدا بە تەواوی قەدەغە بووە.
ئەو نەریتە تەنانەت پێش ئیسلامیش لەسەردەمی جاهیلیەت دا لە نێو هۆزە عەرەبەکاندا ڕێزی لێ دەگیرا؛ چەکەکانیان دادەنا بۆ ئەوەی ڕێبواران، بازرگانان و حاجیان بتوانن بە سەلامەتی و بەبێ ترس هاتوچۆ بکەن.
ئیسلامیش کە هات ئەم نەریتە ئاشتی پارێزەی پەسەند کرد و زیاتر جەختی لەسەر کردەوە.
دووەم قورسیی تاوان و گەورەیی پاداشت:
لەو مانگانەدا ئەنجامدانی ستەم و تاوان گوناهەکەی زۆر قورستر و گەورەترە لە کاتەکانی تری ساڵ. لە بەرامبەردا، کردەوەی چاک، بەخشین، ڕۆژوگرتن و عیبادەت پاداشت و خێرێکی زۆر زیاتری هەیە.
مانگە حەرام کراوەکانیش ڕێک وەک ئەو ئاگربەستی ئێستا وابوون؛ کاتێک کۆمەڵگە ڕێککەوتنێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەکات کە ئەم کاتە کاتی ئاشتییە، شکاندنی ئەو ئاشتییە نیشانەی تێکچوونێکی قووڵی دەروونی و لادانێکی گەورەی ئەخلاقییە.
خۆ یاسا شتێکی مرۆڤ کردە بە پێی لۆژیک و تێگەیشتن لە بنەما ئاسمانیەکان ، لۆژیکی پشت ئەم بابەتەش پەیوەندی بە جۆری بێ ڕێزی کردنەکە هەیە و زیانی کۆمەڵایەتیش.
کاتێک مرۆڤ لە کاتێکی ئاساییدا هەڵەیەک دەکات، تەنها سنوورێکی ئەخلاقی بەزاندووە. بەڵام کاتێک لە کاتێکی دیاری کراودا تاوان دەکات کە هەمووان لەسەر پیرۆزی و هێمنیەکەی ڕێککەوتوون، ئەو دوو تاوانی ئەنجامداوە هەروەک چۆن دزینی پارە لە مارکێتێک تاوانە.
بەڵام دزینی پارەی سندوقی خێرخوازیی نەخۆشخانەیەکی شێرپەنجە لە ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجەدا، تاوانێکی زۆر قێزەونترە چونکە بکەرەکە نەک تەنها دزی کردووە، بەڵکو بێڕێزیی بە هاوسۆزیی گشتی و کات و شوێنی مرۆڤایەتیش کردووە. لە ڕووی عەقڵانییەوە، مرۆڤێک هێندە ویژدانی مردبێت کە حورمەتی کاتە پیرۆزەکان یان ناوچە حەرام و ئارامەکان نەگرێت، مەترسییەکەی بۆ سەر کۆمەڵگە زۆر زیاترە، بۆیە قورسایی تاوانەکەی زیاتر دەبێت.
ئێستا ئەو دیدگایەی کە دەڵیت کات تەنها ژمارەیە و ئەم کایە پیرۆزکارییانە کۆنن ئەگەر قووڵتر سەیری سیاسەتی مۆدێرنە بکەین، دەبینین جیهانی مۆدێرن نەک گاڵتەی نایەت بەو بابەتە، بەڵکو خۆی ڕێک و پێک هەمان سیستم پەیڕەو دەکات، بەڵام بە ناوی عەلمانی و دامەزراوەیی جیاوازەوە!
جیهانی مۆدێرن تێگەیشتووە کە مرۆڤ بەبێ دیاریکردنی کاتی تایبەت ناتوانێت سەرنجی لەسەر پرەنسیپە ئەخلاقییەکان بمێنێت. بۆیە سیستمی مۆدێرن پڕییەتی لە کاتی هۆشیاری
کاتی دیاریکراو بۆ پرسی مرۆیی: (Earth Hour) یان کاژێری زەوی کە تێی دا جیهان بۆ یەک کاتژمێر گڵۆپ دەکوژێنێتەوە. لۆژیکی مۆدێرن دەڵێت لەم کاتژمێرەدا وزە سەرف مەکە؛ ئەگەر کەسێک بە ئەنقەست لەو کاتژمێرەدا هەموو تەلاری کۆمپانیاکەی دابگیرسێنێت، سزا دەدرێت و وەک بێڕێزی بەرامبەر ژینگە سەیر دەکرێت.
هەفتە و مانگی هۆشیاری: مانگی هۆشیاری لە شێرپەنجەی مەمک” یان ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. ئەگەر لەم ١٦ ڕۆژەدا بەرپرسێک یان دەزگایەک توندوتیژی بکات، شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان و قورسایی تاوانەکەی لە ڕووی میدیایی و جەماوەرییەوە چەند هێندە دەبێت لە کاتێکی ئاسایی، چونکە حورمەتی کەمپینە گشتییەکەی شکاندووە.
لە ڕاستیدا داهێنانی دەروونناسیی وابەستەن بە دانانی کەرەنتینەی ئەخلاقی .
جیهانی مۆدێرن ناتوانێت ئەمە ڕەت بکاتەوە، چونکە خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری مرۆڤەکان، پەنا بۆ دروستکردنی کات و ساتی هێمایی دەبات تا ویژدانی مرۆڤەکان بێدار بکاتەوە. ئیسلامیش بەم یاسایە، ساڵانە چوار مانگی داناوە وەک دەرفەتێک بۆ سڕینەوەی کینە، ڕاگرتنی شەڕ و ڕاهێنانی دەروون لەسەر خۆگرتنەوە.




