ئەرشیفى بزووتنەوەنوسەران
پەیوەندی خوێندکاران، پردی پەیوەندی پەیوەندییەكانە

پەیوەندی خوێندکاران، پردی پەیوەندی پەیوەندییەكانە
سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی✍️باسک نێت
ڕێكخراوی پەیوەندی ئیسلامی خوێندكاران و لاوانی كوردستان، هیوایەكە بۆ دروستكردنی نەوەیەكی هۆشیار بە ئایین و نەتەوە و كلتوری گەلەكەی.
لە هەر كۆمەڵگایەكدا لاوان و خوێندكاران هێزی گۆڕان و دروستكردنی داهاتوون، ئەگەر ئەم هێزە بە زانست، ئەخلاق و هۆشیاری و بەرپرسیارێتی ئاراستە بكرێت، دەتوانێت ببێتە بناغەی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و بەهێز.
لەو ڕوانگەیەوە، بیرۆكەی بوون و كۆنگرەی نوێبوونەوەی ڕێكخراوی پەیوەندی ئیسلامی خوێندكاران و لاوانی كوردستان دەتوانێت هەنگاوێكی گرنگ بێت بۆ نزیككردنەوەی خوێندكاران و لاوان لە یەكتر و دروستكردنی بوارێكی گونجاو بۆ فێربوون، گفتوگۆ و خزمەتكردنی كۆمەڵگا.
ئامانجی سەرەكیی ڕێكخراوەكە دەبێت دروستكردنی كەشێكی ئیسلامی و زانستی بێت كە تێیدا لاو بتوانێت ئازادانە بیر بكاتەوە و تواناكانی خۆی پەرەپێبدات، بەبێ ئەوەی جیاوازییەكان ببنە هۆی دووبەرەكی و دابڕان.
پەیوەندی تەنها كۆبوونەوەی ژمارەیەك لاو نییە، بەڵكو دروستكردنی پردێكە لەنێوان خوێندكار، مامۆستا، زانكۆ، كۆمەڵگا و دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان.
ڕێكخراوەكە دەتوانێت شوێنێك بێت بۆ ناسین و نزیكبوونەوەی لاوانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموون و بیرۆكە، و هاوكاری بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خوێندكاران و لاوان.
ئایینی ئیسلام، خوێندن و بەدەستهێنانی زانست و بڕانامەی زانستی بە پڕ بەهاو گەورە دەزانێت.
بۆیە ڕێكخراوێك كە هەڵگری ناوی ئیسلامییە، پێویستە زانست و پەروەردە لە ناوەندی كارەكانی خۆی دابنێت.
لەو ڕوانگەوە، لاوی ئیسلامی نابێت تەنها لە ژووری خوێندن و كۆبوونەوەدا بمێنێتەوە، بەڵكو دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەی كۆمەڵگادا بەرهەمدار بێت و بەرهەمی هەبێت.
بۆیە ڕێكخراوەكە دەتوانێت پرۆژەی خۆبەخشین، یارمەتیدانی خوێندكارانی هەژار، چالاكییە ژینگەییەكان، پڕۆژەی خوێندنەوە، یارمەتیی پەروەردەیی بۆ منداڵان و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانی تر بەڕێوەببات.
ئەم جۆرە كارانە وا دەكەن لاو تەنها قسەكەر نەبێت، بەڵكو ببێتە مرۆڤێكی كاریگەر و خزمەتگوزار.
كوردستان بۆ داهاتووی خۆی پێویستی بە نەوەیەكی خوێندەوار، هۆشیار، بەئەخلاق و بەرپرسیار هەیە. ئەمەش بە وتار و دروشم بە تەنیا بەدەست نایەت، بەڵكو پێویستی بە كار و دامەزراوەی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی هەیە.
ڕێكخراوی پەیوەندی ئیسلامی خوێندكاران و لاوانی كوردستان، ئەگەر بتوانێت پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان ئیمان، زانست، ئەخلاق و خزمەتكردن دروست بكات، دەتوانێت ببێتە یەكێك لەو بوارانەی لاوان تێیدا تواناكانی خۆیان دەدۆزنەوە و بۆ داهاتووی خۆیان و كۆمەڵگاكەیان ئامادە دەبن.
لە كۆتاییدا، سەركەوتنی کۆنگرەکە و ڕێكخراوی پەیوەندی، بە ژمارەی ئەندامەكان یان ژمارەی چالاكییەكان ناپێورێت، بەڵكو بەوە هەڵدەسەنگێندرێت كە چەندە لاوی هۆشیار و زانا و بەئەخلاق و خزمەتگوزار لە دامنێكی ئەودا پەروەردە دەبن.




