نوسەران

(دۆناڵد ترەمپ) …. ئەو سەرۆکەی كە یاساو  ڕێسا نازانێ !

(دۆناڵد ترەمپ) …. ئەو سەرۆکەی كە یاساو  ڕێسا نازانێ !

پ . د .  سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

لەو كاتەوەی گەڕاوەتەوە كۆشكی سپی هەموو جیهانی خستۆتە بەردەم قۆناغێكی نوێوە  ، قۆناغێك  كە جارێكی تر نەخشەی دیمەنی سیاسی نێودەوڵەتی بەشێوەیەك دابڕێژێتەوە كە وێنەی نەبووبێ ! نامۆ نیە هەڵسەنگاندنەكان بۆ (دۆناڵد ترەمپ) جیاواز بن  ، هەندێك لایەنگیری بكەن و بە سەرۆكێكی كاریزما و خاوەن تێڕوانینی تایبەتی بێ وێنەی لە قەلەم بدەن  ، هەندێكیش دژی بوەستنەوە و بە هەڕەشەی بزانن بۆ سەر سیستەمی جیهانی ،  بەڵام ئەوەی كە ناكرێ نادیدە بگیرێ ئەوەیە  : ئەو پیاوە كەسێكە بە مامەڵە و ڕەفتارو هەڵسوكەوت و لێدوانەكانی هەمووان ناچار دەكات بە بەرنامە و نەخشە و پلان و بڕیارەكانیاندا بڕۆنەوە ! (ترەمپ) تەنها سەرۆكێك نیە گەڕابێتەوە بۆ دەسەڵات ، بەڵكو ئەو دیاردەیەكی سیاسیە خۆی لە شكاندن و دەرچوون لە یاسا و رێسا باو و كارپێكراوەكاندا دەنوێنێ!
لێدوانەكانی ئەم سەرۆكە نوێیە سەبارەت بە (غەززە) و گواستنەوەی دانیشتوانەكانی  ، سەبارەت بە (دانیمارك) و (كەنەدا) و (پەنەما)  ، سەپاندنی ئەنجامدانی یەك تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بەسەر سعوودیەدا  ، ناچاركردنی ڕێكخراوی ئۆپێك بەزیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ لاوازكردنی ڕووسیا  ، داواكردنی ملیارەها دۆلار لە ئەڵمانیا و یابان لەبەرانبەر پاراستنی خاكەكەیان لەلایەن ئەمریكاوە  ، داواكردن لە چین بە زیادكردنی هاوردەكردنی كاڵا ئەمریكییەكان… ئەمانە تەنها لێدوان و بابەتی میدیایی نین  ، بەڵكو ئەمانە ڕاگەیاندنی ئاشكراو ڕوونی نەهجی ئەم سەرۆكەیەن  لەمەڕ سەپاندنی واقیع و كەشێكی نوێ لە ناوچەكە و جیهاندا كە تەواو جیاواز بێ لە تێگەیشتنە ڕابردووەكان ! ئێمە ئێستا چۆن لەم پەرەسەندنانە  ، لەم لێدوانە توندو سەیرو سەمەرانەی (ترەمپ) تێبگەین؟!
ئایا ئێمە ئێستا لەبەردەم سەرۆكێكی نوێداین كە دەیەوێ هەیبەت و شكۆ بۆ ئەمریكا بگێڕێتەوە كە پێشتر لەلایەن ئیدارەكەی (بایدن)ـەوە لە دەستدرابوو؟
یان ئێستا ئێمە لە سەرەتای قۆناغ و چەرخێكی نوێداین كە پڕی دەبێ لە ناكۆكی و فەوزای ڕێكخراو و ئاڕاستەكراو؟!
بێگومان قۆناغی دوای هاتنە پێشەوەی (ترامپ) وەك قۆناغی پێش هاتنی نیە ، (ترەمپ) سیاسەت تەنها وەك ئامڕازێك بۆ ئیدارەدانی قەیرانەكان تەماشا ناكات ، بەڵكو ئەو پێی وایە سیاسەت مەعرەكەیەكی بەردەوامە بۆ جارێكی تر ڕێكخستنەوەی كارتەكان بەوشێوەیەی كە خزمەتی تێڕوانینەكانی ئەو دەكات! ئەو بە فیعلی و بەكردەوە دەستی كردووە بە جوڵاندنی ئاوە ڕاوەستاوەكە  ، بەڵام ئایا ئەو بەڕاستی توانای جێبەجێكردنی بڕیارو بیرۆكە و هەڕەشەكانی هەیە ؟ یان بڕیارو ڕەفتارەكانی جارێكی تر دەبنە هۆی دروستكردنی پشێوی و ئاژاوە لە ناوچەكە و جیهاندا؟! دیارە كەسایەتی (ترەمپ) تەنهاو تەنها ئەوە نیە سیاسییەكی جیاوازە  ، بەڵكو ئەو كەسایەتیەكە بەهۆی بڕیارە چاوەڕوان نەكراوەكانیەوە هەمیشە جەدەل و مشتومڕێكی چڕی لەسەرخۆی هێناوەتە ئاراوە!
ئەوانەی (ترەمپ) بە شێت و لاسارو سەرەڕۆ وەسف دەكەن بێ ئاگان لەوەی كە خودی ئەم سیفەتانەیە پاڵ بەوەوە دەنێن مێزەكە هەڵگێڕێتەوە و هاوكێشەكان جارێكی تر بەشێوەیەك دابڕێژێتەوە كە كەس نەتوانێ دەرك بە ئەنجامەكانیان بكات!
ئەوەی گەڕانەوەی ئەمجارەی (ترەمپ)ی سەرنجڕاكێشتر و تایبەتی تر كرد  كات و قۆناغی گەڕانەوەكەیەتی  ، ئەو كاتێك گەڕایەوە كە جیهان پڕیەتی لە نائارامی و كێشە و ناكۆكی ، هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بیگرە تا دەگاتە ئۆكرانیا و ، ساردی و گرژی نێوان چین و وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا! ئەو لە كاتێكدا دەگەڕێتەوە كە سیستەمی نوێی جیهانی زۆر لەرزۆكە و لەبەرانبەر قەیرانە یەك لەدوای یەكەكاندا توانای خۆڕاگری نیە ، گەڕانەوەی (ترەمپ) بە تەنها گۆڕانكاری نیە لە سەركردایەتی كردنی ئەمریكادا ، بەڵكو تاقیكردنەوەیەكە بۆ ئەندازەی توانای جیهان لە ڕادەی خۆگونجاندن لەگەڵ وەرزێكی نوێی سیاسەتی شۆكهێنەردا!
لەوانەیە هەندێك ئەم بۆچوونە وەك موبالەغە لێك بدەنەوە ، بەڵام ئەوانەی بەچاوی ڕەخنەوە چاودێری دیمەنە سیاسییەكە دەكەن تێدەگەن و بۆیان دەردەكەوێ كە گەڕانەوەی ئەمجارەی (ترەمپ) ڕووداوێكی ساكارو سادە نیە ، چونكە مەعلومە كە ئەو نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ ئەو بارودۆخە جیهانیەدا بگونجێنێ کە ئێستا هەیە ، بەڵکو ئەو  دەیەوێ ئەو دیمەنە سیاسییەی كە هەیە بەو شێوە ڕەنگ و نەخش بكاتەوە كە خۆی حەزی لێیەتی و بیری لێدەكاتەوە!
ئێستا جیهان لەبەردەم سەرۆكێكدایە كە دان بە نەریت و یاسا و ڕێسا باوەكاندا نانێت  ، دان بە سنوورەكاندا نانێت  ، بەهیچ شێوەیەك گوێ بە ڕەخنە و مەترسیەكان نادات!  جیهان وەک کێڵگەیەکی گەورەی کشتوکاڵی و ، گەلانی دنیاش وەک ئاژەڵ و کۆمەڵە مەڕو ماڵاتێک تەماشا دەکات ،  لەتێڕوانینی ئەویشدا پارەو سامان و دەستکەوتی ماددی جۆرو سروشتی پەیوەندیەکان دیاری دەکات ! پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە : ئایا جیهان بەرگەی دەرەنجام و بەركەوتەكانی

گەڕانەوەی (ترەمپ) دەگرێ؟ یان ئێستاكە جیهان پێدەنێتە سەرەتای قۆناغێكەوە كە كەس ناتوانێ پێشبینی ئەنجامەكانی بكات؟!

سەرۆكی هەڵبژێردراو لە ناوخۆدا هەڕەشەی دەستبەرداربوون دەكات لەو ئاژانس و دامەزراوە حكومیە سەربەخۆیانەی ئەمریكا كە ئەو خۆشی ناوێن ، هەڕەشەی ئەوەی لە هەندێكیان كرد كە دەیانگوازێتەوە بۆ كەرتی تایبەتی خۆی ، هەوڵی بە سیاسی كردنی دامەزراوەی سەربازیی ئەمریكا دەدات.

هەوڵی تێپەڕاندنی کۆنگرێس دەدات ئەگەر ئەو پاڵێوراوانە ڕەت بکاتەوە کە بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستە جیا جیاکاندا دایمەزراندوون ، ڕەخنەی توندو ئاشکرا لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەگرێت ، ئەو پێی وایە یاسا نێودەوڵەتیەکان و دامەزراوەکانی وەک ( ڕێکخراوی نەتەوەیە گرتوو ەکان) و ، ( ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی ) و ، ( ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ) هیچ بەرژەوەندیەکیان بۆ ئەمریکا تێدا نیە ! زەرورەتی ئێستای ئەمریکا بەدوو کەسایەتی وەک ( ترەمپ ) و ( ماسک ) کە هەردووکیان پیاوی نێو جیهانی پارەو سامانن و ، قاڵبوو و کاریزمای نێو سیاسەت و پارتە سیاسیە زەبەلاحە کۆنەکان نین ، بەڵگەیەکی ئاشکراو هەرە دیارە لەسەر لەرزۆکیی و هەڵدێریی سیاسیی و ، کاریگەری گەورەو دوور مەوداش بەسەر سیاسەتی جیهانیی و سیستەمی نێودەوڵەتیدا بەجێدەهێڵێ ! هەفتەکان و مانگەکانی داهاتوو ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە ئایا گۆڕانکاریی و داواکاریەکانی ( ترەمپ ) دەچنە خانەی بەرژەوەندی ئارامی و ئاسایشی جیهانیەوە ؟ یان نەخێر ..هەڕەشەکان و سیاسەتەکانی ( ترەمپ ) سەرەتای قۆناغێکی پڕ لە کێشەو فەوزاو ناکۆکی و بەریەککەوتن دەبن کە جیهان چەندان ساڵی تر بۆ دواوە دەگێڕنەوە !

 

س: وێستگەنیوز

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close