
چوار خاڵ .. بۆئەوەی ئیسلامیەکان لەکۆنفرانسی ئەستەمبۆڵ بەدەستی خاڵی نەگەڕێنەوە
پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
جیاوازی نێوان گەشتیار و سیاسەتمەدار ئەوەیە : گەشتیار دەچێتە ئەستەنبۆڵ وێنەیەک لەگەڵ قەرەداغی و کەسایەتیە ئیسلامیە بەناوبانگەکانی تر دەگرێت و دەگەڕێتەوە .. سیاسەتمەدار دەچێت پێنج سوود یان پێنج وانە وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە.
واقعی ئێوەی سێ لایەنی ئیسلامی لاوازە و جێی ئیرەیی پێ بردن نیە ، نەک لەبەر ئەوەی جەماوەرتان نییە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەرک و ڕۆڵتان لاوازبووە یان نەماوە ! کۆنفرانسەکانی وەک “ئوممەتی ناوەند” دەرفەتن بۆ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵتان و وەزیفەتان .
چۆن :
یەکەم /ئەزموون و نموونەکەتان هەناردە بکەن ، نەک شەرعییەت هاوردە بکەن .
وەک شوێنکەوتوو مەچنە تورکیا داوای پشتیوانی بکەن ، وەک شارەزا بچن . ئێوە تاکە نموونەی ئیسلامیی سیاسیی کوردین کە ٣٠ ساڵە لەگەڵ دیموکراسی و عەلمانیەتدا بەبێ چەک و تەکفیر ژیاون. ئەمە ئەو شتەیە کە جیهانی ئیسلامی پێویستیەتی.
دووەم / یەکێتی کردەیی ، نەک دروشم.
میساقی ئەستەنبوڵ باسی بازاڕی هاوبەش دەکات . لە نێوان خۆتاندا جێبەجێی بکەن . لەجیاتی سێ قوتابخانە و سێ کۆمەڵەی جیا کە رکابەری دەکەن و دەدۆڕێن ، تۆڕێکی خزمەتگوزاریی یەکگرتوو دروست بکەن کە خەڵک بیبینێت : بنکەی تەندروستی ، سندوقی تەکافول .. خەڵک دەنگ بە خزمەت دەدات نەک بە میساق.
سێهەم / میتۆدەکە بکەنە کوردی.
کۆنفرانسەکە جیاوازی دەکات لە نێوان نەگۆڕ و گۆڕاوەکان . بە وتاری فەلەستین و کشمیر و سۆدان مەگەڕێنەوە. بیکەنە کێشەی کوردی : نەگۆڕەکانمان چین؟ خێزان ، زمان ، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان. گۆڕاوەکانمان چین؟ شێوازی بەشداری لە حکومەت . میساقێک بۆ خێزانی کوردی دابنێن کە تەنانەت عەلمانیش واژۆی بکات.
چوارەم / دابەشکردنی رۆڵەکان
هەرسێکتان لەسەر هەمان دەنگدەر لە هەمان گەڕەک رکابەری دەکەن و دەدۆڕێن . بازاڕەکە دابەش بکەن : حزبێک بۆ بەهاکان و پەرلەمان ، حزبێک بۆ خزمەت و شارەوانی ، حزبێک بۆ شار و گەنجان.. بەمە دەبنە تەواوکەری یەک نەک رکابەری یەک.




