
هەڵبژاردنی خەڵک یان هەڵبژاردنی سمارت و ئاڵگۆریزە کراو
یەحیا کامیل✍️باسک نێت
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای چاوەڕوانییەکی زۆری ئومێد بەخشی خەڵک ئەنجام درا، وە بۆ یەکەمین جار هاوڵاتی باوەڕی بە پرسی هەڵبژاردن و بەشداری زۆرینە هەبوو بۆ بڕیاردان لە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ڕژێمە سیاسیەکە . بەڵام ئەوەی شۆک هێنەر بوو ، دەرئەنجام و دەنگە جیاکراوەکان بوو کە بەتەواوی دوور بوو لە لۆجیک و ویستی زۆرینەی هاوڵاتی، بەجۆرێک کە کەمینەیەکی میلیتاریزەی خۆسەپێن بوونە سوپرایز و زۆرینەی زیاد لە سنوری پڕۆسەکە.
سەرنجی من لەسەر پڕۆسەکە لە دوو ڕوانگەوەیە ، یەکەمیان تەکنیک و تەکنەلۆجیای پڕۆگرام کراوی پێش وەختەیە، دووهەمیش واقیعی هیزە لە کوردستان. لەسەر سەرنجی یەکەم ، ئەوەی کە پێویستە بوترێت دان نانە بە گەورەترین مەترسی سەردەم ، کە ئەویش تەکنەلۆجیای زانیاریە . ئەگەر مارکس کۆمۆنیزمی بە ڕۆحی سەردەمی خۆی زانیبێت ، یاخود هۆبسهاوم توندڕەوی بەڕۆحی سەردەم دانابێت ، یان کاش مودە پۆپۆلیزمی بە ڕۆحی سەردەم دانابێت ، ئەوا تەکنەلۆژیای نانۆ و سیستەمی ژیانی ئاڵگۆریزەکراوی خەڵک سیما ترسناکەکەی ئەم سەردەمەی ئێمەیە . سیناریۆکە بەشێوەیەکە زیاتر دوای پڕۆسەکە بەدەرکەوت و پیشانی هەمووانی دا کە بە ڕێگایەکی زۆر ئاسان توانیویانە ئامێرەکان و سندوقە ئەلییکترۆنیەکان پێشوەخت بە پڕۆگرام بکەن و نەخشەی هێزی پێشوەختە دابڕێژن. ئەوانەی لە بواری ئایتی و پڕۆگرامینگ شارەزاییان هەیە ، بەتەواوەتی پاڵپشتی ئەوە دەکەن ، ئەو مۆرە تایبەتەی کۆمسیۆن کە دەنگدەر لەسەر لیست و پارتی جێی مەبەستی خۆی دایناوە، بەئاسانی دەتوانرێت لەڕێگەی ئامێری ناو سندوقەکەوە مۆرەکە هەڵبگیرێتەوە و لەشوێن و لیستی جیاوازتر مۆرەکە دابنرێت ، هەڵبەت بە پشت بەستن بە کولێتی و جۆری ئەو مرەکەبەی کە بە پێنوسی دەنگدانەکەوە هەیە ، کە بە ئاسانی بتوانرێت هەڵبگیرێتەوە.
سەرنجی دووەمم لەسەر پڕۆسەکە لایەنی واقیعی هێز و پێگەی جەماوەری هێزەکانە بەتایبەت دەسەڵات . ئەوەی لای هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە ڕوونە ئەوەیە کە هەردوو هێزی دەسەڵات لەماوەی حوکمڕانی ڕابردوو وە شەش ساڵی حوکمڕانی کابینەی ڕابردوو، ئەوەی نەهامەتی و داڕووخانە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا هێناویانە ، ئەمە ڕاستیەکە ڕەنگە بۆ خۆشیان نکۆڵی لێ نەکەن، بەم پێدراوە هیچ لۆجیکێک پاڵپشتی ئەوە ناکات پێگەی جەماوەری ئەم دوو هێزە لەبری شکست و داکشانێکی گەورە ، بەپێچەوانەوە هەڵکشانێکی گەورە لە ڕێژەی دەنگەکانیان ڕووی داوە .
لەلایەکی ترەوە لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا هەردوو هێزی دەسەڵات لە سایەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆکانی هەڵبژاردنی کوردستان کە وەک ئۆرگانێکی حیزبی خۆیان بوو ، سەدان هەزار ناوی دووبارە و دەنگی مردوویان هەبوو ، پاشان لە ناوەندەکانی بژاردنی دەنگەکان و گواستنەوەی دەنگەکان گەورەترین ساختەکارییان دەکرد ، بەوجۆرەش خاوەنی 800 هەزار دەنگدەر بوون . بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دیزاینەکە بەجۆرێک بوو سەرەڕای پاک کردنەوە تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە و مردوو و نەهێشتنی پێشێلکاریەکان هەر دوو هێزەکە 400 هەزار دەنگیان زیادی کردووە واتە بوونە خاوەنە ملیۆنێک و دووسەد هەزار دەنگدەر، کەواتە ڕوونە ساختەکارییەکە لە چ ڕێگایەکەوە کراوە.
خاڵی کۆتایی ئەوەیە ، زۆرینەی ئەوانەی لە ڕابردوودا بایکۆتی دەنگدانیان کردبوو، کە باوەڕیان بە پڕۆسەکە نەبووە لەسایەی هەردوو هێزی دەسەڵات ، کەچی زۆرینەی ئەو دەنگە بایکۆتانەی لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار بوون و ئیعتیباریان بۆ پڕۆسەکە گەڕایەوە ، دەنگەکانیان لەسەر هەژماری پارتی و یەکێتی دانراون ، کە ئەمە بەتەواوەتی پڕۆسەکە نەک دەخاتە ژێر پرسیار بەڵکوو دەیکاتە گاڵتەجاڕترین هەڵبژاردنی سەدە.



