نوسەران

نیگارکێشە بێدەنگەکەی ناخمان

نیگارکێشە بێدەنگەکەی ناخمان

شەپۆل احمد✍️باسک نێت

لەناو قوڵایی و تاریکییەکی ڕەهای بێ کۆتاییدا، لە پشت چینە ئەستوور و پێستەکانی کەللەی سەر، ئۆرگانێک نیشتەجێیە کە تەواوی ژیانی لە تەنیاییەکی بێ پەنجەرەیی دا بەسەر دەبات.
مێشکی مرۆڤ لە ژیانیدا هەرگیز بە چاوی خۆی تیشکێکی ڕووناکی نەدیوە، ڕاستەوخۆ گوێی لە هیچ ئاوازێک نەبووە، و دەستی بەر پەڕەی هیچ گوڵێک نەکەوتووە.

تەواوی ئەو جیهانە ڕەنگاوڕەنگەی لە دەوروبەرماندا دەیبینین، تەنیا داڕشتنەوەیەکە کە ئەم ڕێکخەرە نادیارە لەناو تاریکییەکی بەستوودا دروستی دەکات؛ چاوەکانت تیشکی ڕووناکی دەکەنە ئاماژەی کارەبایی، گوێچکەکانت لەرەلەری هەوا دەکەنە کۆدی کۆئەندامی دەمار، و مێشک لەناو ئەو تاریکییە تەواوەدا تەواوی ئەم کۆد و ئاماژە بێدەنگانە وەردەگرێت و دەیانکاتە نیگارێکی زیندی، ڕەنگین، و پڕ لە هەست.

بۆ ئەوەی لەم جیهانە ئاڵؤزە بەڕاستی تێبگەین، با تەماشای نموونەیەکی زیندیی ڕۆژانە بکه ین:

کاتێک لە ئێوارەیەکی پاییزیدا لەسەر ڕێگەیەک دەڕۆیت و گەڵایەکی زەرد بە لێواری پەنجەکانتدا دەخزێت، پەنجەکانت هیچ زانیارییەک بە ناوی ڕەنگی زەرد یان ساردیی پاییز بۆ مێشک نانێرن، بەڵکو تەنیا چەند لێدانێکی کارەبایی بچووک لە ڕێگەی دەمارەکانەوە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بەرەو ژوورە تاریکەکەی مێشک سەرەکەون.

مێشک لەو تاریکییەدا وەکو نیگارکەشێکی نابینا بەڵام بلیمەت دەکەوێتە کار، ئەم لێدانە کارەباییانە شی دەکاتەوە و لە یەک چرکەدا بۆت دەکاتە ساردیی بایەکە، ڕەنگ زەردیی گەڵاکە، و تەنانەت بیرەوەرییەک لە پاییزانی منداڵیت.

تەواوی ئەو هەستەی کە تۆ پێیت وایە لە دەرەوە ڕوو دەدات، بەکۆی دەنگ و ڕەنگ و هەستەکانیەوە، تەنیا سیناریۆیەکی تەواو ئاڵۆز و شاکارێکە کە لەناو زیندانێکی تاریک و بێ پەنجەرەدا خولقێنراوە.
ئەم واقیعە زانستییە قووڵە، مرۆڤ تووشی سەرسامییەکی ڕوحی و ئیمانیی بێسنوور دەکات؛ چۆن دەکرێت لە بێدەنگیی ڕەهادا هۆشیاری و دەنگ لەدایک ببێت، و لە تاریکییش دا گەردوونێک لە ڕووناکی بچێنرێت؟

ئەمەیە ئەوەی قورئانی پیرۆز بە هۆشیارییەوە ئاڕاستەی ژیریمان دەکات و دەفەرموێت:
«وَفِي أَنفُسِكُمْ ۚ أَفَلَا تُبْصِرُونَ»

(لە ناخی خۆشتاندا نیشانە و بەڵگەی گەورەی دەسەڵاتی خودا هەیە، ئایا سەرنج نادەن و لێی ناکۆڵنەوە؟).
ئەم شاکارە پێمان دەڵێت کە بینین و بیستن و تێگەیشتن لە ڕاستیدا پرۆسەیەکی ماددیی ڕووت نین، بەڵکو دەسەڵاتێکی ئیلاهیی سەرسوڕهێنەرن کە هۆشیارییان لە زیندانی تاریکی کەللە سەردا کردووەتە دەروازەیەک بۆ ناسینی جوانییەکانی گەردوون. پەروەردگارێک کە توانای هەیە لە بێدەنگترین شوێندا ئاوازی ژیان بخولقێنێت، بە مرۆڤ دەڵێت کە ڕووناکی لە دەرەوە نییە، بەڵکو لە ناخدا چێنراوە، تا مرۆڤ لە ڕێگەی تێڕامان لەم ئایەتانە ڕێگەی خۆڕووناککردنەوە و گەیشتن بە حەقیقەت بدۆزێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close