نوسەران

ئیسرا و میعراج چییە و چۆن ڕویداوە؟پێویستە ھەموو موسڵمانێك بیخوێنێتەوە

✍️ئاری عەبدولەتیف✍️باسک نێت

ڕووداوی پەرجۆ و موعجیزەی گەورەی ئیسرا و میعراج یان شەوڕەویی و بەرزبوونەوەی پێشەوای مرۆڤایەتیی (محەممەد ـ ﷺ)، لە شەوی ٢٧ی ڕەجەبدا، ھەروا ڕوداوێكی ئاسایی نییە و خوای پەروەردگار زیاد لە چەندین مەبەست و ئامانجی ھەیە بۆ پێغەمبەری پێشەوا و تەواوی موسڵمانان و مرۆڤایەتیی تا دوا چركەی ژیانی سەر زەوی.
ئیسرا واتە شەوڕەویی پێشەوا لە مزگەوتی حەرام لە مەككەوە بۆ مزگەوتی ئەقسا یان قودس لە فەلەستین بە ڕۆح و جەستە بە ھاوڕێیەتیی حەزرەتی (جوبرەئیل) و بە گیاندار یان تیشكۆی بوراق، بە بەڵگەی ئایەتی قورئانی پیرۆز لە سورەی ئیسرا، كە ھەر لە سەرەتاوە پەروەردگار بە (سبحانه) دەستپێدەكات كە بەڵگەیە بۆ موعجیزەیەكی گەورە بە قودرەتی بێسنووری پەروەردگار خۆی كە دەفەرموێ: (سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِّنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا ۚ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ).
میعراجیش واتە بەرزبوونەوەی پێشەوا بە جەستە و ڕۆح لە مزگەوتی ئەقساوە بۆ ئاسمان و بڕینی ھەر حەوت چینەكە و گەشتن بە دوا ئاستانە و پەردەی حەرەمی پەروەردگار كە پێی دەڵێن سیدرەی كۆتایی (سدرة المنتهى)، سەرباری بینینی پێغەمبەرانی پێش خۆی و گەشتن بە پەروەردگار و گفتوگۆ لەگەڵی و بینینی بەھەشت و دۆزەخ و فریشتەكان و جۆرەھا نھێنیی و پلەی بەرزی مەلەكوت و ئایاتی تر كە خوا خۆی دەزانێت، بە بەڵگەی ئایەتی قورئانی پیرۆز لە سورەی نەجمدا كە دەفەرموێ:(وَالنَّجْمِ إِذَا هَوَى (1) مَا ضَلَّ صَاحِبُكُمْ وَمَا غَوَى (2) وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى (3) إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى (4) عَلَّمَهُ شَدِيدُ الْقُوَى (5) ذُو مِرَّةٍ فَاسْتَوَى (6) وَهُوَ بِالْأُفُقِ الْأَعْلَى (7) ثُمَّ دَنَا فَتَدَلَّى (8) فَكَانَ قَابَ قَوْسَيْنِ أَوْ أَدْنَى (9) فَأَوْحَى إِلَى عَبْدِهِ مَا أَوْحَى (10) مَا كَذَبَ الْفُؤَادُ مَا رَأَى (11) أَفَتُمَارُونَهُ عَلَى مَا يَرَى (12) وَلَقَدْ رَآهُ نَزْلَةً أُخْرَى (13) عِنْدَ سِدْرَةِ الْمُنْتَهَى (14) عِنْدَهَا جَنَّةُ الْمَأْوَى (15) إِذْ يَغْشَى السِّدْرَةَ مَا يَغْشَى (16) مَا زَاغَ الْبَصَرُ وَمَا طَغَى (17) لَقَدْ رَأَى مِنْ آيَاتِ رَبِّهِ الْكُبْرَى)، تا كۆتایی سورەتەكە، كە جەخت دەكاتەوە لەسەر بەرزبوونەوە و گەشتن بە سیدرەی كۆتایی كە ئەو شوێنەش تەنیا لە ئاسمانە و نە پێش پێغەمبەر و نە پاش ئەویش (ﷺ) كەس نەڕۆشتووە و ناشڕوات.
بڕوانەبوون بەم موعجیزەیە، بێ بڕوایی بە شوێن خۆیدا دەھێنێت و ھیچ پاساو و ڕاجیاییەك شوێنی نابێتەوە، بە تایبەت ئەوەی دەوترێت بە ڕۆح یان خەو بووە و بە جەستە نەبووە یان دەوترێت تەنیا شەوڕەویی بووە و بەرزبوونەوە نەبووە كە ئێمە ھەردوو بەڵگەكەمان ھێناوەتەوە كە ڕاستە و حەقیقییە.
یان دەڵێن چۆن دەكرێت بە جەستە ئەم حاڵەتە ڕوو بدات، بێ ئاگا لەوەی كە لای پەروەردگار ئەمە مەحاڵ نییە و پێش ئەم موعجیزە چەندین موعجیزەی تر بۆ پێغەمبەرانی تر ڕوویداوە وەك:(خەوتنی سێ سەد ساڵی ھاوڕێیانی ئەشكەوت و بەرزكردنەوەی حەزرەتی عیسا و گواستنەوەی عەرشی بەڵقیس لە یەمەنەوە بۆ شام و دارعەساكەی موسا و خەولێخستنی پێغەمبەر عوزێر بۆ سەد ساڵ و ساردبوونەوەی ئاگر لەسەر حەزرەتی ئیبراھیم و قوتدانی حەزرەتی یونس لە لایەن حوتەوە و دەیان موعجیزەی تر).
لەو دەمەی ئەم موعجیزە ڕوودەدات، كە دەكاتە كەمترین كات لەم شەوەدا، دەبێت ئەوە بزانین كە زانست ئێستەش نەبێت ڕۆژێك خۆی ڕاست دەكاتەوە لەگەڵ ئەم حاڵەتە فیزیكییەدا و ئەگەریش وانەبێت پەروەردگار توانای تێكشكانی ھەموو پرەنسیپێكی ھەیە لە یاسا و دانراوە گەردوونیەكان و ھێزی موعجیزەش ھەر ئەوەیە كە سنوور و یاسا و ڕێساكان لە ژیاندا تێدەپەڕێنێت.
بەڵگەی زۆر ھەن كە ئەم موعجیزە پشتڕاست دەكاتەوە جگە لە دەقی ھاتوو، لە قورئان و فەرموودەش، كە ئەویش، وەڕاستگەڕانی چۆنیەتیی ڕێگای لە مەككەوە بۆ فەلەستینە كە لە لایەن خەڵكەوە بۆ ڕۆژەكەی پێشەوا باسی دەكات بۆیان لە كاتێكدا پێشەوا ھەرگیز نەڕۆشتووە بۆ قودس.
لەو قۆناغەی كە ئەم موعجیزە ڕویداوە، موسڵمان لە چوار بۆ پێنج كەس تێنەپەڕیوە و پێشەوا زۆر غەمبار بووە و تازیەباریش بووە بە ھۆی كۆچی خێزانێكی و دژایەتیی كافران و پەروەردگاریش بە مەبەست ئەم موعجیزەی بە پێشەوا كردووە تاببێتە ھۆكاری ھەم دڵنیاكردنەوەی پێشەوا لە ڕاستەقینەیی و گەورەیی ئەم گەردوونە و بچووكیی ئەم دونیا و زەویی و ژیانە و بەڵگەیەكیش بۆ بێبڕوایان و پیشاندانی دەسەڵاتی پەروەردگار و حەقیقەتی پێغەمبەرایەتیی (محمد ـ ﷺ)، سەرباری بێھیوانەبوونی پێشەوا لە سەردەمی نوێی بوون بە پێغەمبەردا لە مەككە كە لە ئەو ماوەی پێنج ساڵەشدا تەنیا چوار بۆ پێنج كەس موسڵمان بوون و دواتریش بە ھۆی لاوازییەوە دوانیان وازیان لە ئیسلام ھێنا.
لەم دەمەدا و بۆ ئێستای حاڵی دونیا و جیھان و بێبڕوایان و موسڵمانانیش، دوای چواردە سەدە زیاتر و تا قیامەتیش، ئەم موعجیزە دەبێت ھۆی پتەوبوونی ئیمان و ڕاستێتیی ئەم ئاینە و دەسەڵاتی پەروەردگار بێت.
دەبێت سەرلەنوێ نوێكردنەوەی عەقیدە بێت، ھێزی دڵنیایی و دەمەزەردكردنەوەی بڕوابوون بێت بە یەكتاپەرستیی (الله) و پێغەمبەرایەتیی (محمد ـ ﷺ).
زۆر بەڵگە و حیكمەت و ڕاستەقینە ھەبوو كە باسی بكەم بە نەقڵ و عەقڵ، بە شیكارییەكی بەڵگەیی و زانستیی و فاكتیش بەڵام لەبەر درێژنەبوونی بابەتەكە و تاقەتی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی، پێم بەس بوو.
پەروەردگار.. لەم شەوە پیرۆزەدا، ھێزی دڵنیایی و نوێكردنەوەی ئیمان ببەخشەوە بە تەواوی موسڵمانان و ژیان و عاقیبەتی ھەموومان بەخێر بگێڕیت و لەسەر ئەم ئیسلامە بێ لەكە و بێ پەڵە بمانژێنە و بمانمرێنە.
سوپاسگوزاری ھەر ئازیزێكم ئەم بابەتە بڵاوبكاتەوە تا یەك لە مەلایین نیشانە و بەڵگە و حیكمەتەكانی پەروەردگار و پێغەمبەرەكەی بگەیەنین بە تەواوی مرۆڤایەتیی و موسڵمانان لەم دەورانی سەركزیی و ساردبوونەوە و كاڵبوونەوە ئیمانیی و ئیسلامەتییەدا، بەتایبەت ئەم شەوە بكاتە ھۆكاری گەشەی ئیمان و ئیسلامخوازیی پڕ وەلائوبەڕائی موسڵمانانی كورد و ئارامیی و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی و دوور لە دەرد و بەڵای ئەم نەتەوە لە ھەرێمی كودستان و ھەر كوردێك لە ھەر شوێنێك.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

هەروەها

Close
Close