نوسەران

دێگەڵە وەک قەیران

دێگەڵە وەک قەیران؛

د. ئارام ئەحمەد ✍️ باسک نێت

ئەمڕۆ، لە سەدەی بیست و یەکدا، کاتێک جیهان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بەرەو دیجیتاڵی بوون و گڵۆباڵیزم هەنگاو دەنێت، دێگەڵە، وێنەیەکی بچووککراوەی قەیرانێکی گەورەتری مرۆڤایەتیمان پیشان دەدات. ئەم قەیرانە لە سەرەتای بەهارێکی غەمگیندایە، کاتێک دێگەڵە وەک تابلۆیەکی شێواو، وێنەی تراژیدیایەکی قووڵی دەکێشێت. دێگەڵە وەک ئاوێنەیەکی شکاو ڕووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەیەکی دابەشبوو و پەرتەوازەی نیشاندا.

ئەم دیاردەیە، کە فەیلەسوفی فەڕەنسی ژان بۆدریار پێی دەڵێت “هایپێرڕیالیتی”، لە دێگەڵەدا خۆی لە شێوەی دابڕانێکی قووڵ نێوان واقیع و گوتار دەردەخات. زانکۆ، کە دەبوو شوێنی بەرهەمهێنانی مەعریفە و ڕەخنەی بنیاتنەر بێت، بووەتە هێمای ئەو دۆخە پارادۆکسیکاڵەی کە تێیدا وشەکان مانای خۆیان لەدەست دەدەن و تەنها وەک دەنگێکی بێناوەرۆک دەمێننەوە.

لە ڕوانگەیەکی نیچەییەوە، ئەم دۆخە نیشانەی “مردنی بەهاکان” نییە، بەڵکو دەرخەری قۆناغێکی نوێی “ترانسڤاڵیوەیشن”ـە – واتە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی هەموو بەهاکان. کاتێک بەرنامەکانی فاروق ڕەفیق، کە ڕۆژێک وەک مینبەری ڕۆشنبیری دەناسران، دەبنە بەشێک لەو گومانە گشتگیرە، لەدواجاریش وەک دەنگی تەپڵێکی کونبوو دێنە بەرگوێ.

لەم نێوەندەدا، زمانی هێز و خۆڕاگری دەبێتە تاکە دەربڕینی ڕاستەقینە. ئەمەش یادخەرەوەی بۆچوونەکەی میشێل فۆکۆیە کە دەڵێت هێز و مەعریفە دوو ڕووی یەک دراون. لە دێگەڵەدا، ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزە لە نێوان هێز و مەعریفەدا خۆی لە شێوەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەردەخات کە داوای گۆڕانکاری بنەڕەتی دەکات، نەک تەنها لە شێوازی دەربڕین، بەڵکو لە خودی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و فیکریشدا.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close