
زۆر بەداخەوە بۆ ئەم ڕەفتارە !
پ . د. سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
ئەوەی سەرنج بدات تێبینی دەکات کە هەندێک لە مامۆستایان و کەسانی ئەکادیمیی و ئەوانەی تەمەنێکە سەرقاڵی زانستن لە زانکۆ و دامەزراوەو ناوەندە زانستیە جۆراوجۆرەکاندا ، کاتێک بڕوانامە ، یان نازناوی زانستیی ، یان پلەی وەزیفیان بەرز دەبێتەوە ، یان دەگەنە تەمەنێکی دیاریکراو ، ئیتر واز لە فێر بوون و خوێندنەوە و کتێب و زانست ئەهێنن و ، بەشتی لابەلاو لاوەکیەوە سەرقاڵ دەبن ، هەندێ جار هەندێکیان تەنانەت خۆی ڕزگار دەکات لە کتێبخانەکەی بەوەی یان دەیفرۆشێ ، یان دەیبەخشێتە کەسانی تر ! یان هەندێ جار بەیەکجاری واز دەهێنێ و تەنها خۆی بە عیبادەت و پەرستش و نوێژو ڕۆژوو گرتن و زۆر خوێندنەوەی قورئان سەرقاڵ دەکاو هیچی تر!!!
من دەڵێم :
لەڕاستیدا ئەمە کەمتەرخەمی و هەڵەیەکی زۆر گەورەیەو لە خەڵکی نوخبە و کەسانی دۆست و دڵسۆزی ڕاستەقینەی کتێب و کتێبخانەو ڕۆشنبیریی و قەڵەم و نوسین ناوەشێتەوە !! لێرەدا پێویستە بەوردی و بەقووڵی بیر لە سەرەنجامی خراپی ئەم جۆرە بیرکردنەوەو مامەڵەیە بکرێتەوە ، هەروەها ئەم جۆرە تێڕوانین و بیرکردنەوەیە ڕاست بکرێتەوە !!
چونکە لەڕاستیدا سەرقاڵ بوون بەوەرگرتنی ( زانستی بەسوود ) بەکۆی ڕای زانایان گەورەترین عیبادەت و پەرستش و پیرۆزترین ڕێگەی خوا لەخۆ ڕازیکردنە!
پشت هەڵکردن لە زانست و مەعریفەو کتێب و خوێندنەوە بۆ ( کەسانی قاڵ بوو و پێشتر لێبڕاو بۆ ئەو بواره ) تەنهاو تەنها بە بیانووی خۆسەرقاڵ کردن بە نوێژو ڕۆژوو و پەرستشەوە فێڵێکە لە شەیتانەوە و هەڵخلیسکان و ڕێ لێ تێکچوونە !!
خۆ ئەگەر سست بوون و وازلێهێنانەکە تەنها لەپێناو ڕووکردنە خۆشی و لەزەت و حەزو ئارەزووە دنیایی و بەرژەوەندیە ماددیە ڕووتە تایبەتەکان بێ ، ئەوا کارەساتەکە ، ماڵوێرانیەکە ، سەرلێشێواویەکە ، گەورەترو بێ وێنە ترە.!!




