نوسەران

کاتێ هەنگاوی دواترت لە ژیانی خۆت دەزانی ، کەواتە لەسەر ڕێچکەی کەسێکی تریت!

کاتێ هەنگاوی دواترت لە ژیانی خۆت دەزانی ، کەواتە لەسەر ڕێچکەی کەسێکی تریت!

شەپۆل احمد✍️باسک نێت

ژیانی ڕاستەقینە لەو شوێنەوە دەست پێ ناکات کە نەخشەی بۆ کێشراوە، بەڵکو لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە تەم ومژ داهاتوومان دادەپۆشێت.
کاتێک ئێمە هەموو وێستگەکانی داهاتووی خۆمان دەزانین، لە ڕاستیدا گەشتیار نین لە گەشتە تایبەتەکەی خۆماندا، بەڵکو تەنها ڕێبوارێکین بەسەر شوێن پێی کەسانی تردا.
دڵنیایی تەواو لە داهاتوودا، نیشانەی چەقبەستووییە؛ چونکە داهێنانی ڕاستەقینە و دروستکردنی ناسنامەی سەربەخۆ، پێویستی بە سەرکێشی، گومان و بڕینی ئەو ڕێگایانە هەیە کە پێشتر هیچ پێیەک پێیدا نەڕۆیشتووە. مرۆڤ کاتێک دەبێتە خۆی، کە بوێری ئەوەی هەبێت هەنگاو بەرەو نادیار بنێت.
یان دەتوانین بڵێین ئەگەر هەمیشە بزانیت پێچەکەی داهاتووی ڕێگاکەت چی لێ شاردوویەتەوە، دڵنیابە تۆ لەسەر ڕێگای کێشراوی کەسێکی تریت. ژیانی ڕەسەن پڕە لە نەزانراوەکان. جوانیی گەشتەکە لەوەدایە کە خۆت ڕێگاکە بپشکنی و هەنگاوەکانت تاقیکردنەوەی نوێ بن، نەک تەنها کۆپیکردنەوەی نەخشەی سەرکەوتن یان شکستەکانی دەوروبەرت.

وەرن با بوێری ئەوەمان هەبێت کە داهاتوومان بە دەستی خۆمان بنووسینەوە، تەنانەت ئەگەر هەنگاوی داهاتووشمان لێ ڕوون نەبێت.

کاتێک تۆ بە تەواوی دەزانیت دە ساڵی داهاتووت چۆن دەبێت و هەنگاوی دواترت چییە، تۆ لە ڕاستیدا ناژیت، بەڵکو دەقێکی نووسراو دووبارە دەکەیتەوە کە کۆمەڵگا، دابونەریت، یان سیستەم بۆیان داناویت. ڕێگای ڕاستەقینەی خۆت هەمیشە تەمومژاوی و پڕ لە سەرکێشی یە.

سارتەر دەڵێت:(( مرۆڤ مەحکوومە بە ئازادی )) ئەم ئازادییە ترسی لەگەڵدایە، چونکە کاتێک تۆ خۆت بڕیار دەدەیت، نازانیت ئەنجامەکەی چی دەبێت.

ئاسودەیی تێدایە، چونکە بەرپرسیارێتی کەمە (ئەگەر شکست بهێنیت، دەڵێیت سیستەمەکە وابوو). چونکە هەنگاوی داهاتوو دیار نییە، بەڵام ئەمە تەنها ڕێگایە کە تێیدا تۆ دەبیت بە خودی خۆت نەک سێبەری کەسێکی تر.

هونەرمەندێک، نووسەرێک، یان داهێنەرێک کاتێک دەست بە کارێک دەکات، ئەگەر پێشوەختە بزانێت تابلۆکە یان دێڕی کۆتایی چی دەبێت، ئەوا کارەکەی دەبێتە کۆپیکردن نەک داهێنان.
داهێنانی ڕاستەقینە لە ڕێڕەوی پرۆسەکە خۆیدا لەدایک دەبێت. ژیانیش بە هەمان شێوەیە؛ کاتێک ڕێگاکە نادیارە، تۆ ناچاریت بیربکەیتەوە، دابهێنیت و گەشە بکەیت.

کۆمەڵگاکەی ئێمە هەمیشە حەز بە ڕێگای ڕوون دەکات: بخوێنە، دابمەزرێ، هاوسەرگیری بکە، خانەنشین ببە و بمرە. ئەمە ڕێگایەکی سەلامەتە و هەنگاوەکانی دیارە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە لەم ڕێگایەدا تۆ وەک تاک بوونت نییە، بەڵکو تەنها ژمارەیەکی لەناو کۆی گشتیدا. کاتێک لەم بازنەیە دەچیتە دەرەوە و دەڵێیت: من نامەوێت بەم شێوازە تەقلیدییە بژیم.

لێرەوە ژیانی ڕەسەنی خۆت دەست پێدەکات ئەم وتەیە داوات لێناکات کە بێ پلان و سەرگەردان بژیت، بەڵکو هۆشداریت دەداتێ کە لە ناو بونیای خۆت دا خۆت بیت و خۆت قەراردەری هەنگاوێکی نادیار بیت.

کەوتن ئەزموونە و ئەزمونیش باشترین مامۆستایە ، کەواتە هەستانەوە هەوڵ دانە و چونە ناو قاڵبی ڕاستەقینەیی خۆت پێویستی بە بڕیاری مەردانە هەیە.

ئەو تەرزە فیکریە دەچێت بە باڵای حیزبی کەوتوو مرۆڤێکی چەقبەستوو و کەسێکی ون بوو لە خودی خۆی دا.

بەو ئومێدەی هەمومان خۆمان بین و پلانە نادیارەکان هەنگای خێر و بەرەکەت داو وەرچەرخان و گەورە بن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close