نوسەران

ئایا ئۆردوگان جێگای ھیتلەر دەگرێتەوە لە ھەڵگیرسانی جەنگدا؟

ناسيح مجيد

لەساڵی ١٩١٩ دا ڕێکەوتنی فرسای بۆ ئاشتی جیھانی لە وڵاتی فەرەنسا بەسترا و بەمەش کۆتایی بەنەھامەتیەکانی جەنگی جیھانی یەکەم ھات ، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە دەوڵەتە ھاوپەیمانەکان لەم ڕێکەوتنەدا ھیچ بەھایەکیان بۆ ئیرادەی وڵاتانی تێکشکاوی جەنگ نەکردو بە ئارەزووی خۆیان مڵک و سامانی ئەو وڵاتانەیان دابەش کرد لەنێوان خۆیاندا و بەتایبەتی وڵاتی ئەڵمانیا و پاشانیش دەوڵەتی عوسمانی ،وڵاتانی ھاوپەیمان ئارەزوومەندانە مەرجەکانی خۆیانیان بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند ، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپی ڕێکەوتن کە کارگەکانی ئەڵمانیا بەردەوام بن لەسەر بەرھەم ھێنا تا ئەوان بتوانن پارەوی زەرەرو زیانەکانی جەنگیان چنگ بکەوێتەوە ،وەکاتێک ھیتلەر بووە حوکم ڕانی ئەڵمانیا لەیەکەم لێدوانیدا بۆ خەڵکی ئەڵمانیا ئەوەی ڕاگەیاند کە بەھیچ شێوەیەک ڕێکەوتنێکی شەرم ھێنەری داسەپاو بەسەرماندا جێگای قبوڵ نیە ،بۆ ئەو مەبەستەش ھیتلەر کەوتە خۆپڕچەک کردن و بەھێز کردنی سوپای وڵاتەکەی و دروست کردنی ھاوپەیمانی لەنێوان وڵاتانی بەھێزی سەربازی دا بۆ تۆڵەکردنەوەو دروشمی : ئەوروپا بۆ ئەوروپا و ئاسیا بۆ ئاسیاییەکانی بەرز کردەوە و بەمەش ئاگری جەنگی دووەمی جیھانی ھەڵگیرسا ،سەبارەت بە ئەردۆگانیش ھەمان بۆ چوون ڕاستەو وڵاتانی ئەوروپا لە پێناو ڕاگەیاندنی جەنگی خاچ پەرستی خۆیان بەسەر گەلانی موسڵماندا ،موستەفا کەمالیان ھێنا و کردیان بەحاکم بەسەر وڵاتی تورکیاوە ،خاکی ئەم وڵاتەیان بەپێی ڕێکەوتنی سایکس بیکۆ دابەش کردو لەپێناو گەیشتن بەدەسەڵات حاکمە عەلەمانیەکەی تورکیا چاوی لەھەموو بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی داخست بەمەش وڵاتانی ھاوپەیمان سنورێکی دەست کردیان بەسەر وڵاتی تورکیای پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی سەپاند کە تێکڕای سنورەکەی وەک کەلەمچەیەک وایە لەدەستی دەوڵەتدا ،لەبارودۆخی ئەمڕۆشدا پاشماوەی ئەو دەوڵەتە سەری ھەڵداوەتەوە بەڵام بەھێزێکی بەرچاوی گەورەی سەربازییەوە ،کەشان لەشانی ھێزی سەربازی تێکڕای وڵاتانی ئەوروپی ئەدات ھاتۆتە مەیدانەکەوە دەیەوێت ئەو کەلەنچەیەی کە وڵاتانی ئەوروپی لەدەستیان کردبوو بیشکێنێت و شکۆی دەوڵەتی عوسمانی بگێڕێتەوە ،ئەو سنورە جوگرافیایەی کە سەپێنراوە بەسەریدا تێکی بدات و بەشێکی زۆری وڵاتانی دەوروبەری بخاتەوە سەر خاکەکەی خۆی کە لەباشورەوە یەکەمین ناوچەیەک گورزی سەربازی تورکیای بەردەکەوێت ویلایەتی موسڵە ناوچەکوردییەکانی ڕۆژئاوایە و لە ڕووی ڕۆژ ئاواشەوە ئەو دورگە زۆرانەن کە بەدیاری لەوڵاتی عوسمانی وەرگیراون و پێشکەش بە دەوڵەتی یۆنان کراون ،لە ڕۆژھەلاتیشەوە ئەمڕۆ تورکیا جەنگی خۆی دەکات و کە خۆی دەبینێـەوە لە جەنگی ناکۆرنۆ کەرەباخ، بەڵام خواستەکە ئەمە نیە بەتەنھا بەڵکو خواستی تورکیا وایە کە لەدوای تێکشکاندنی سوپای ئەڕمینیا ،بەشێکی ئەو وڵاتەش داگیر بکات بەمەش ئاسیای ناوەڕاست بە تورکیاوە ببەستێتەوە ،لەدوای ئەمانەش ئەگەر سەیری جەگرافیای دابەش بوونی ھێزەکانی تورکیا بکەین لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینین کە ئەو ھێزانە ، لەشێوەی سێگۆشەیەکدا دابەش بوون ودەردەکەون لوتکەی سێگۆشەکە دەکەوێـتە وڵاتی قەتەر و بنکەکەشی لەنێوان وڵاتی سۆماڵ و لیبیا دایە و ئەمەش زیاتر مەبەستەکەی تورکیا ڕۆشن ئەکاتەوە کەلەقۆناغی سێیەم دا ،لیبیاو ناوچەکانی کەنداو بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوەو بەمەش لە ڕووی ژمارەی سەرباز سود لە دانیشتوانی ناوچەکە وەربگرێت و لەڕووی ئابووریشەوە ئەو ناوچانە ھەموویان ناوچەی دەوڵەمەندن لەڕووی وزەوە ، ھەروەھا پێگەیەکی جیھانیشیان ھەی لە ڕووی ئاینی و جوگرافیاوە ،چ لەسەر ئاستی ھەڵکەوتەکەی چ لەسەر ئاستی بازرگانییەکەی بەمەش تورکیا لەگەڵ وەرگرتنەوەی تۆڵەی خۆی لە وڵاتانی ئەوروپی بەھێزترین دەوڵەت بۆ خۆی دروست دەکات و شکۆی دەوڵەتی عوسمانی دەگێڕێتەوە . لێرەوە پرسیارە سەرەکیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ھیزرمان و دەپرسێت :کە ئایا ئەردۆگان جێگای ھیتلەر دەگرێتەوە یان نا؟ ئەوە ڕۆژانی داھاتوو ئەمە ئەسەلمێنن .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close