کورد نە بەهەڵبژاردن و دیموکراسی،
نە بە سەرژمێریی دەستکرد لە عێراق ناباتەوە.
ئاسۆ عەبدوللەتیف✍️باسک نێت
▪️لەو میساق و دەستورەشدا، کە بە راپرسی دەستوور ناسراو تەبەننی کرا، نەک شەراکەت و هاوبەشی کوردو عەرەب وەک زاراوەو کۆنسێپتێک ژێرپێ خرا لەلایەن شیعەکانەوە، بەڵکو بینیمان لەو مێژوە تازەیەشداو لە پەنای دەستوردا شۆڤێنیزمی مەزهەبی و عەرەبی چیان هێنا بەسەر گەلی کورد، لە پێشێلی مادەی 58 و 53 و 140 ی ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوکەوە بیگرە، بۆ دەستبردن بۆ هەمواریی دەستوور و گۆڕین و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی قەوارەی هەرێم کە بە دەستوور چەسپێنراوە، تا لێدان لە خواستە نەتەوەییەکان و بڕینی بودجەو کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە بودجەو میزانیەی عێراق لە ٪١٧ ەوە بۆ ٪١٢ و جووڵاندنی هێزو میلیشیاو عەسکەر دژی هەرێمی کوردستان.
▪️سەرژمێریی لە عێراقدا هیچ بەهایەکی نەژادی و کەلتوری و نەتەوەیی نیە، بێماناترین هەنگاوی عەقڵیەتێکی ناسیۆنالیستی مەزهەبی عەرەبیە، ئەم پرۆسەیە هیچ سوودو قازانجێکی نیە بۆ تاکی کورد، گریمان نەتەوەی کورد زۆرینەش بوو لەناوچە کوردستانیەکان، دەی چی دەگۆڕێ لەبیرکردنەوەو مێنتاڵێتی عەقڵیەتێکی فاشی کە هیچ گوندو دەڤەرو شارێک بە موڵکی تۆ نازانێت، ئینجا هاتنی سەرۆک وەزیران بۆ هەرێم، خۆ ئیعتیراف نییە بەسەروەری و شکۆداریی ئەم هەرێمە بەڵکو تۆخکردنەوەی سنورەکانەو ئیشکردنە لەسەر ئەوەی بەم سەرژمێرییە تەواو بمانکەنەوە بەعێراقی.
▪️کورد نە بەهەڵبژاردن و دیموکراسی، نە بە سەرژمێریی دەستکرد لە عێراق ناباتەوەو سەدساڵی تریش کەمینەیەکی دواکەوتووە، چونکە لە بنەڕەتدا کێشەی دەوڵەتی عێراق کێشەی دامەزراوەیە، دامەزراوەو دەزگای یاسایی و دەوڵەتیی، کێشەکان ئەوەندەی کێشەی قووڵی سیاسی و فەرهەنگی و گرفتی مێنتاڵێتی تاکی عێراقی و بیرکردنەوەی زاڵی نوخبەی شۆڤێنیزمە ئەوەندە ئەو کتێبە کاغەزە ڕەنگ زەردە نییە بەناوی یاسا بنچینەییەکانی دەستورەوە کە لە پەنایدا دەیان و سەدان تاوان و پێشێلکاریی دەکرێت و هیچ دامەزراوەیەکی، حکومی – دادوەریی – تەشریعی نیە هەڵوێست وەرگرێ، بۆیە سەرژمێریی دانیشتوان فێڵێکی یاسایی و دەستوریی و سەپاندنی ئیرادەیەکی تری فاشیزمی زۆرینەیە بەسەر گەلی کوردی کەمینەدا.