
عێراق لە كڕینی كاڵای ئێرانیدا پێش چین كەوتووە
باسک نێت
روحوڵڵا لوتفی وتەبێژی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پەرەپێدانی بازرگانی لە خانەی پیشەسازی و بازرگانی ئێران:
لە ئۆكتۆبەری رابردوودا قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی تردا زیاتر لە (22 ملیۆن و 809 هەزار) تەن بووە، بە بەهای (13 ملیارو 698 ملیۆن) دۆلار.
بە بەراورد بە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، ئۆكتۆبەری ئەمساڵ قەبارەی بازرگانی ئێران بەرێژەی 39% زیادی كردووە.
بازرگانی نانەوتیی ئێران لە ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا لە هاوردەو هەناردەو ترانزێتی بیانیدا گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێك:
بڕی زیاتر لە (18 ملیۆن و 359 هەزار) تەن كاڵا بە بەهای (6 ملیارو 771 ملیۆن) دۆلار هەناردە كراوە.
بەراورد بە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لەڕووی (كێش)ەوە هەناردەی ئێران بەڕێژەی 58.6% و لەڕووی (بەها)شەوە بەرێژەی 62.6% زیادی كردووە.
سەرباری ئەوەی مانگەكانی رابردوو زۆرینەی هەناردەی ئێران لەلایەن (چین)ەوە كڕدراوە، بەڵام مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو عێراق لە كڕینی كاڵای ئێرانیدا پێش چین كەوتووە بەبڕی (2 ملیارو 780 ملیۆن) دۆلار، لەم مانگەدا چین بەبەهای (ملیارێك و 434 ملیۆن) دۆلار كاڵای ئێرانی كڕیوە، لەدوای ئەویش توركیا دێت بەبەهای (925 ملیۆن) دۆلار پاشان ئیماراتی عەرەبی بەبەهای (783 ملیۆن) دۆلار، لەكۆتایی ریزبەندی وڵاتانی هاوردەكاری كاڵای ئێرانیدا؛ ئەفغانستان هەیە كە لە ئۆكتۆبەردا بەبەهای (249 ملیۆن) دۆلار.
سەبارەت بەو وڵاتانەی كە لە ئۆكتۆبەری رابردوودا كاڵایان بە ئێران فرۆشتووە، لە پلەی یەكەمدا ئیمارات دێت بە بەبەهای (2 ملیارو 180 ملیۆن) دۆلار كاڵای هەناردەی ئێران كردووە پاشان چین بەبەهای (ملیارێك و 755 ملیۆن) دۆلار، دواتر توركیا بەبەهای (ملیارێك و 442 ملیۆن) دۆلار، ئەڵمانیا بەبەهای (200 ملیۆن) دۆلار، روسیا بەبەهای (161 ملیۆن) دۆلار.