جیهانعێراقهەواڵ

قائانی لە بەغداد لەگەڵ سەركردەی گروپە چەكدارەكان كۆبووەتەوە

“قائانی لە بەغداد لەگەڵ سەركردەی گروپە چەكدارەكان كۆبووەتەوە”
باسک نێت
رۆژنامەی (العربي الجدید):
سەرەڕای ئەو زمانە هاوسەنگەی حكومەتی عێراق بەرامبەر بە سوریا پیادەی دەكات، لەگەڵ دەربڕینی خواستی خۆی بۆ دروستكردنی پەیوەندی هاوبەش، بەڵام هێزە شیعیە دەسەڵاتدارەكان لە چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگرن لەسەر هێرشە میدیاییەكان و دروستكردنی دردۆنگی سەبارەت بەو گۆڕانكارییانەی لە سوریا رویداوە.

بەغداد بڕیاریداوە كاری نێردەی دیپلۆماسی لە دیمەشق دەستپێبكاتەوە، لە هەنگاوێكدا بۆ پیشاندانی نیازپاكی و سودانیش چەند جارێك خواستی عێراقی بۆ سەرقامگیری لەناوچەكەو سوریا بە دیاریكراوی دەربڕیوە.
بەڵام لێدوانی هێزە سیاسیە كاریگەرەكان لە حكومەت، هاوتەریبی تێڕوانیەكانی حكومەت نییە، بەجۆرێك هەندێك لە هێزە دیارەكان بەردەوامن لە هێرشە میدیاییەكانیان بۆ سەر دیمەشق.

نوری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان، هۆشداریدا لەكاریگەری قەیرانی سوریا لەسەر شەقامی عێراقی و وتی: قەیرانەكە گەورەیە، ئەوە لە سوریا رویدا جێی داخبوو، پێشبینی نەكرابوو بەوشێوەیە هەرەسبهێنێت و رادەستبێت.
لای خۆیەوە، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی “فەتح” كە لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە دەستكیردووە بە بەسەكردنەوەی سەربازگەكانی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە: روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، پرۆژەیەكی زایۆنیە بە موبارەكەی ئەمریكا، داواشی لە هێزەكان كردووە وریاو چاوكراوەبن و ئەركە سەربازییەكانیان چڕبكەنەوە بۆ زامنكردنی بەردەوامی سەقامگیری و ئاسایش.

شاهۆ قەرەداغی، لێكۆڵەری سیاسی لە كاروباری عێراق، سەر سەرسوڕمانی خۆی پیشانداوە لەسەر پێداگری ئەو لایەنانە لە توندكردنەوەی وتاری میدییان و، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) نوسیویەتی: تەنانەت ئێرانیش زمانی خۆی گۆڕیوەو وتارێكی دیپلۆماسی پیادە دەكات، بۆچی ئەمانە سورن لەسەر ئاڵۆزی لەگەڵ هەمووان؟.
توندكردنەوەی ئەو زمانە میدیاییە لە عێراق، هاوتەریبە لەگەڵ لێدوانە یەك لەدوای یەكەكانی محمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، كە لەبارەی ئاسایشی عێراق قسەیكردووەو بەپێویستی زانیوە لە تیرۆرستان بپارێزرێت.

ئەو پێشهاتانە لەكاتێكدان، سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایان كردووە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی گۆڕانكارییەكانی سوریا، سەردانی بەغدادی كردووەو، ژمارەیەك لە سەركردەی گروپە چەكدارەكانی بینیوە، وەك رابردوو چاوی بەهەموو سەركردەكانی شیعیەكان نەكەوتووە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close