كوردستانهەواڵ

بزووتنەوەی ئیسلامی: پێویستە بەزوترین کات لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرەیەکی هاوبەش پێکبهێنن و خۆیان ئامادەبکەن بۆ قۆناغی داهاتوو

مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز پەیامێکی بڵاوکردەوە

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

مانگی پیرۆزی رەمەزان دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ خواناسان و ئەهلی ئیمان بە ئامانجی نوێکردنەوەی بەڵێن و پەیمان بۆ کاروانی خواپەرستی و جیهانبینی بڕواداری راستەقینەو وەرع وتەقواو وەرزی کۆکردنەوەی زادو زەخیرە بۆ دوا رۆژ، بە بۆنەی جەژنی رەمەزان پیرۆز بایی گەرم ئاراستەی سەرجەم موسوڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین، داواکارین لە خودای باڵا دەست کە پەرستشەکانی ئەم وەرزی خەزانەی موسوڵمانانی وەرگرتبێت، وە بە پێویستیشی دەزانین سوپاس وپێزانین و دەستخۆشیمان ئاراستەی هەموو خواپێداوان وخێرومەندانی کوردستان لەگشت شارو شارۆچکەو دێهاتەکان بکەین کە دەست وقاسەو گیرفان و دڵەکانیان کردەوە بۆ هەژاران و هەڵمەتی هاوکاریان بۆ نیازمەندان کە رۆڵێکی گەورەیان گێڕا بۆ دڵخۆشکردنیان لە مانگی میهرو و خواپەرستی، بەتابیەت سوپاس و دەستخۆشیمان هەیە بۆ گشت مەڵبەندو ئۆرگان و ڕێکخراوە مەدەنی وخێرخوازیەکانی بزووتنەوەکەمان و هەموو ئەندام وکادیرەکانمان کە دڵسۆزانە بوونە پردی پەیوەندی لە نێوان هەژاران و خوا پێداوان هەوڵەکانتان بەرز دەنرخێنین، خودای گەورە پاداشتی هەموان بداتەوە، بە ئومێدی ئەوەی ئەم جەژنە پیرۆزە ببێتە مایەی کۆتایی هاتنی زوڵم وستەم و نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستان و کۆتایی هاتنی دڕدۆنگی و دۆخی چەقبەستووی ئێستای هەرێمەکەمان کە بۆتە مایەی دڵتەنگی و نیگەرانی هاوڵاتیانی کوردستان بەگشتی، پێمان وایە هێزەکانی دەسەڵات بێباکن بەرامبەر ماف و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان، ئەوەی ئێستا لە ساحەی سیاسی کوردستان دەگوزەرێت بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندی حزبی وکەسی نێوان لایەکانی بەشدار لەدەسەڵات، خەریکە دەگاتە لووتکە و تەنانەت پەکخستنی پڕۆسەی سیاسی و کێشە دەستووری و یاسایی وسیاسیەکانی نێوان هەولێر و بەغداش سەربارو بنار، دواکەوتنی دابەشکردنی موچەو نەبوونی خزمەتگوزاریەکانی تریش هەندەی تر دۆخی ئابووری و کۆمەلایەتی سیاسی خەڵکی کوردستانی شڵەقاندووە، پێمان وایە کەمتر خەمی لایەنەکانی دەسەڵات و حکومەتی کوردستان ئەخاتە بەردەم مەترسی گەورە لەداهاتووداو جەماوەری کوردستان لەوە زیاتر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی پێ هەزم ناکرێت، لەلایەکی تریشەوە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش هیچ پلان وبەر نامەو ستراتیژیەتێکی هاو بەشیان نیە، ئێمە پێمان وایە پێویستە بەزوترین کات لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پاکێجەکانی خۆیان یەک خەن و بەرەیەکی هاوبەش پێکبهێنن و خۆیان ئامادەبکەن بۆ قۆناغی داهاتوو و تەوقی بێدەنگی بشکێنن و شەقام بجوڵێنن لەدژی ئەوناعەدالەتی وقۆڕخکاری وپاوانخوازیەی کە لە کوردستان هەیە، وە حاڵەتی ئیسلامی کوردستانیش پێویستی بە خۆڕێکخستنەوەو موڕاجەعەیەکی جددی هەیە، چونکە ئینحیرافاتی فکری و ئەخلاقی وکۆمەڵایەتی بەپشتیوانی ئەجیندای ناوخۆیی ودەرەکی مەترسی گەورە دروستدەکات لەسەر هزرو ناخی تاکی کوردی، ئەوەش پێویستی بەپلان وبەرنامەی هاو بەش هەیە لە نێوان گشت تەوژم ولایەنە ئیسلامیەکانی کوردستان.

لەکۆتاییدا با جەژن بکەینە هەوێنی برایەتی وگیانی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان تاکەکانی کۆمەلگە، بەردەوامبوون لەسەر خواپەرستی پابەند بوون بە پەیامە پیرۆزەکانی ئیسلام.

مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
2022/5/1

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close