كوردستانهەواڵ

موچەی مانگی (1)ی ئەو موچەخۆرانە رادەگیرێت كە خۆیان لە (هەژماری من) تۆمار نەكردووە

موچەی مانگی (1)ی ئەو موچەخۆرانە رادەگیرێت كە خۆیان لە (هەژماری من) تۆمار نەكردووە
باسک نێت
ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی (هەژماری من):
بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەر و موچەخۆر و سودمەندان لە پرۆژەی (هەژماری من) تۆمار کراون.

بۆ موچەی ئەم مانگە نزیکەی 700 هەزار موچەخۆر لەڕێگەی (هەژماری من) موچە وەردەگرن.
جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە بۆ راگرتنی موچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەرو موچەخۆرانەی خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) تۆمار نەکردووە یاخود کارتی بانکییان تەواو بووە و کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.

بڕیاردرا ڕێكاری پێویست لەگەڵ ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە لە مانگەکانی ڕابردوو کێشەی نەبوونی سەنتەری پەیوەندی و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و کەمی ئامێری ATM یان هەیە و هۆشداری توندیان پێ بدرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشانە.

پرسی کێشەکانی بانکی بازرگانی عێراقی ( TBI ) یەکێکی تر بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کە لەماوەی ڕابردوودا ئەو بانکە چەندین کێشەی هەبووە لەوانە کێشەی تەکنیکی بەردەوام و دانەنانی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان و نەبوونی سەنتەری پەیوەندیکردن و کەمی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەنتەری پارێزگاکان و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە ناوی خۆیان تۆمار کردبوو لەئێستادا بەشێوەی ئارەزومەندانە دەگوازرێنەوە سەر بانکی دڵخوازی دووەمی خۆیان و ئیجرائاتی پێویستیش لەگەڵ بانکی ناوبراو دەکرێت.

هەر بانکێک توشی سزاو سنوردارکردنی خزمەتگوزارییەکان ببێتەوە لە پڕۆژەکە دوردەخرێتەوە، ئەم هەنگاوانەش هەر بانکێک دەگرێتەوە کە پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان و نەتوانێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە موچەخۆران بکات.

تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی تۆمارکردنی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پرۆژەی (هەژماری من)، کە لەکۆی 455 هەزار سودمەند تائێستا 438 هەزاریان زانیارییەکانیان وەرگیراوەو زیاتر لە 354 هەزار کەسیشیان لە پڕۆژەکە تۆمار کراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان تۆمار دەکرێن.

ئاماژە بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیاران کرا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە بە ئامانجی ئەوەی سەرجەم جوتیاران ببنە خاوەن هەژماری بانکی و شایستەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە ڕێی کارتی بانکییەوە وەربگرن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close