باسک نێت – کلار
ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنەی سەر بە کەلار گردبوونەوە و دەڵێن، “ڕێگە نادەین بەرپرسانی دەسەڵات لە ڕۆژی یادکردنەوەی ئەنفال لە ڕێوڕەسمەکاندا بەشدار ببن، چونکە ئەوان تەنها لەو رۆژەدا ئێمەیان بیر دەکەوێتەوە و ساڵانە چەندین بەڵێنی بێ کردارمان پێ دەدەن”.
بەختیار رەئوف نوێنەری کەسوکاری ئەنفالکراوان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان 115 کەس لە کەسوکاری قوربانی ئەنفال دەرچووی زانکۆ و پەیمانگان، بەڵام بەشێکیان نزیکەی 13 ساڵە خوێندنیان تەواو کردووە و تا ئێستا دانەمەزراون.
ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە و لە هەرێمی کوردستاندا لە دۆخێکی خراپدان و چارەسەریان بۆ نەکراوە، لەکاتێکدا ئەوانەی کە هۆکارن بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بەو دۆخەوە بژین، بە باشترین شێوە دەژین.
باسی لەوەش کرد، داوا دەکەن کاری فیلمسازی بکرێت بۆ دۆسیەی ئەنفال و هەڵەبجە و جینۆسایدی گەلی کورد، دەتوانرێت لەو ڕێگەیەوە کەیسی ئەنفال و هەڵەبجە و جینۆساید بە هەموو گەلانی جیهان بناسێنرێت.