
میدیای ئیسرائیل:
ناتانیاهۆ وتویەتی هیچ چارەیەكی تر نییە جگە لە هەنگاونان دژی ئێران
ترەمپ چاوەڕێی تەواوبوونی ئامادەكارییە سەربازییەكانە لە ناوچەكە
باسک نێت
کەناڵی13ی ئیسرائیلی لە زاری بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە، لە میانەی گفتوگۆ ئەمنییەکانی رۆژانی رابردوودا وتوویەتی، هیچ چارەیەكی تر نییە جگە لە هەنگاونان دژی ئێران، ئەوەش لە کاتێکدایە پەیوەندییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامن.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ناتانیاهۆ ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی ئەنجام داوە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان سەبارەت بە ئەگەری هەڵكشانی دۆخەکە لەگەڵ تاران.
هاوكات لەزاری ئەفسەرێکی باڵای ئسیرائیلیشەوە ئاشكرای كردووە، پلانی هاوبەش و پەسەندکراو لە نێوان سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەیە، جێبەجێکردنیشی چاوەڕێی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هەڵبژاردنی کاتێکی گونجاو دەکات.
لەلایەكی ترەوە، بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەنجامدانی گورزێکی ئەمریکی رەنگە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئێران بە قەبارە و چڕییەک کە رژێم پێشتر هاوشێوەی نەبینیوە.
جەختیشكردووە لەوەى، ترەمپ چاوەڕێی تەواوبوونی کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکەدا پێش ئەوەی بڕیار لەسەر ئەنجامدانی هێرش یان ئەنجامنەدانی بدات.
وتوشیەتی، ئەمریکییەکان وەک زلهێزێک مامەڵە دەکەن؛ سەرەتا کار لەسەر بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانیان دەکەن و زۆرترین کەرەستە و هێزی جەنگی لە ناوچەکەدا کۆدەکەنەوە، هاوکات لەگەڵ ئامادەکردنی هێزێکی ئاسمانیی زیاتر لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری “B-52” و “B-2” لەخۆدەگرێت، و سەرۆکیش بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتوو نادات تاوەکو سەرجەم ئەم توانایانە لە شوێنەکانی خۆیاندا ئامادە نەبن.




