نوسەران

چی ئەبێت ئەگەر ئەنتەرنێت یەک هەفتە ببڕێت ؟

چی ئەبێت ئەگەر ئەنتەرنێت یەک هەفتە ببڕێت ؟

پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت

هەندێک وا دەزانن پرسیارەکە پەیوەندی بە تەکنۆلۆژیاوە هەیە ..بەڵام من پێم وایە ئەم پرسیارە پەیوەندی بە خودی مرۆڤەوە هەیە ..
باشە چی ڕوودەدات ئەگەر ئەنتەرنێت بۆ ماوەی یەک هەفتەی تەواو ببڕێت ؟
پرسیار لە کۆمپانیاکان و ، بازاڕەکان و ، تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ناکەم..
من پرسیار لەخودی خۆمان ئەکەم ..
چەند کەس بۆی دەردەکەوێت کە نازانێ جی بەکاتەکانی بکات ، چۆن کاتەکانی بەسەر ببات ؟
چەندە خێزان بۆ یەکەمجار هەموو پێکەوە لەسەر یەک سفرەی خواردن دادەنیشن بێ ئەوەی هیچ یەکێکیان سەرقاڵ ببێت بە شاشەی مۆبایلەکەیەوە ؟

چەند کتێب دەکرێتەوەو دەخوێنرێتەوە دوای ئەوەی چەندین ساڵە لەسەر ڕەفەکان تۆزیان لێ نیشتووە؟

چەند دۆست و هاوڕێ سەردان دەکرێن و بەسەر دەکرێنەوە لەجیانی ئەوەی وەک ڕابردوو تەنها نامەیەکی هەواڵ پرسینیان بۆ بنێردرێ ؟
ئێمە ڕاهاتووین کاتێک هەست بە بۆشایی و دەست بەتاڵی بکەین خێرا دەست بۆ مۆبایلەکانمان ببەین .. تا وای لێهاتووە خودی بێکاریی و دەست بەتاڵیەکە جێی ترس بێت لەلامان ، لەکاتێکدا مرۆڤ پەی بەخۆی نابات و خۆی ناناسێت تەنها لەو کاتانەدا نەبێت سەرقاڵ نەبێت و هەست بە ئارامی خۆی بکات .. هەروەها گوێ لە ڕاوبۆچوون و بیرۆکەکانی تر ناگرێت کاتێک نەبێ کەمێک لە دەوروبەرو جیهان دوورکەوێتەوە..
ئەڵبەتە من داوای ئەوە ناکەم واز لە تەکنۆلۆژیا بهێنرێ ، چونکە لەڕاستیدا تەکنۆلۆژیا نیعمەتێکی گەورەو ناوازەیە ئەگەر بە شێوەیەکی جوان و ڕێگەیەکی شیاو بەکار بهێنرێت .

بەڵام من پرسیارەکەم ئەوەیە :

ئایا ئەوە ئێمەین تەکنۆلۆژیا بەکاردەهێنین ، یان بە پێچەوانەوە ئەو ئێمە هەڵدەسوڕێنێ و بەکاردەهێنێ ؟
ئایا بەڕاستی ئێمە دەتوانین بە ئارەزوو و هەوەس و ویستی خۆمان یەک تاکە ڕۆژ دوور لە ئەنتەرنێت و تەکنۆلۆژیا بەسەر ببەین ؟

یان نەخێر ..مەسەلەکە زۆر لەوە قورس و ناڕەحەتترە کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە ؟
بە بڕوای من ئازادی ئەوە نیە هەموو شتێک بۆ تۆ ڕێگە پێدراو بێت ، هەموو شتێک ئامادەکرابێت و لەبەردەست بێ بۆ ژیانی تۆ .. ئازادی ڕاستەقینە ئەوەیە بەویستی خۆت هەرکات حەزت کرد بتوانی بێنیاز بی لەشتە بەردەستەکان..

ئەگەر مرۆڤ نەیتوانی تەنها بۆ ماوەی چەند کاژێرێکی کەم واز لەشتێک بێنێت ، ئەوە ئەو کات ئەو شتە نەک تەنها شتێک نیە بەشێک بێت لە ژیانی ئەو ، بەڵکو ئەوە هەڵسوڕێنەری ژیانی ئەوە..

بۆیە لەڕاستیدا هەر یەکێک لە ئێمە لەنێوان کاتێک بۆ کاتێکی تر ، لەماوەیەک بۆ ماوەیەکی تر پێویستی بەوە هەیە کەمێک لە ئەنتەرنێت دوور کەوێتەوە…. تا بتوانێ جارێکی تر پەیوەندی بە خۆیەوە بکاتەوە .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close