نوسەران

۹٦ساڵ لە ئامادەیی و ئازایەتی .. بۆچی جیهان ئەم کەڵەپیاوەی لە بیر ناچێتەوە ؟

٩٦ ساڵ لە ئامادەیی و ئازایەتی .. بۆچی جیهان ئەم کەڵەپیاوەی لە بیر ناچێتەوە ؟

پ . د. سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

ڕۆژی ٢٦ / ٩ / ٢٠٢٢ واتە چوار ساڵ پێش ئێستا ئیمام و زانای گەورەی جیهانی ئیسلامی شێخ یوسف قەرزاوی لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا لەوڵاتی قەتەر کۆچی دوایی کرد .

ئیمام قەرزاوی ٩٦ ساڵ تەنها بۆخۆی نەژیا ، بەڵکو بۆ ئوممەتەکەی ژیا … بۆیە ئێستا جیهان چۆن دەتوانێت پیاوێک لەبیر بکات کاتێک هەر یەکێک لە ئێمە بەشێک لە خۆی لە ئەودا دەبینێتەوە ؟

ئەو لەلای قوتابیانی زانست و عەوداڵانی مەعریفەدا ( عەبقەریەکەی زانست و مەعریفە ) بوو ، کە خاوەن زیاتر لە 170 کتێب بوو ، هەر لە کتێبی ( الحلال والحرام) ەکەیەوە تا کتێبی (فقە الزکاة)ەکەی ، ئەو کتێبانەی کە بەزمانێک نوسرابوون مرۆڤی سادەش زۆر بەئاسانی لێیان تێ دەگەیشت ، ئەکادیمیەکانیش ئەوپەڕی ڕێزیان دەگرت لێیان .

مرۆڤە دیندارو پاک و زاهیدو بۆخواسوڵحاوەکانیش قەرزاوی بە ( عەبقەریەکەی فیقهو شەریعەت ) تەماشا دەکەن ، کە توانی قوفڵەکانی توندوتیژی بشکێنێت و ، فیقهو شەریعەت لە بن و قوڵایی کتێبەکانەوە بۆ قوڵایی واقیع و ژیانی خەڵک بگوازێتەوە ، گواستنەوەیەک کە لێوان لێوی بوو لە ئاسانکاریی و میانەڕەویی و مەقاسید .

لە لای گەنج و لاوە تازە پێگەشتوەکانیش ئەو (عەبقەریەکەی دەعوە و بانگەواز ) بوو ، کە بەهیچ شێوەیەک ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوانی ڕاونەدەناو نەیئەتۆراندن و کافری نەدەکردن ، بەڵکو لەڕێی شاشەکانەوە بە ( ئەی کوڕەکانم ) دیدواندن و ملیۆنان گەنجی بەرەو مزگەوتەکان گەڕاندەوە.

قوتب و چاکسازو چاکخوازەکانیش ئیمام قەرزاوی بە ( عەبقەریەکەی چاکسازیی و ئیسڵاح ) دێتە پێش چاویان کە توانی لەیەک کاتدا شەڕی دوو بیریی کوشندە بکات : بیریی ( غلو / زیادەڕەویی ) کە خەڵکی کافر دەکات ، لەگەڵ بیریی ( تغریب /بێگانەکردن ) کە هەوڵی سڕینەوەی شوناس دەدات ، هەوڵی گۆڕینی ڕەسەنایەتی و دین و کلتوری کۆمەڵگەی ئیسلامی دەدات … ئەو هەمیشە ئەم ڕستە بەناوبانگەی دەوتەوە کە دەڵێ : ئیسلام ئایینی میانەڕەوییە ، میانەڕەویی لە نێوان ( زیادەڕەویی ) و ( کەمتەرخەمی) دا ..

لە دیدو تێڕوانینی ئەوانی تریشدا قەرزاوی ( عەبقەریەکەی مەیدانی سیاسەت ) یش بوو ، چونکە ئەو هەرگیز بێ دەنگ نەدەبوو ، ڕۆژێک لە ڕۆژان فەقیهی سوڵتان و پیاوی دەسەڵات نەبوو ، بەڵکو فەقیهو شەعزانە گەورەکەی گەلانی ستەمدیدە بوو ، تا کۆتا هەناسەی ژیانی پشتیوانی گەلی فەلەستینی کرد ، بەردەوام و بێ دوو دڵی لەگەڵ شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیدا بوو ، بۆیە گرتن و بەندکردن و ڕاوەدوونان و دەرکردن بووە باجی حەقبێژیەکانی ، لەکۆتاییشدا هەر سازشی نەکرد..

لەبەر ئەم هۆکارانەیە ئێستا جیهان ناتوانێت قەرزاوی لەبیر بکات ، چونکە ئەو تەنها زانایایەک نەبوو فەتوا دەربکات ، بەڵکو بۆ ماوەی 96 ساڵ وێژدانێکی زیندوو بوو ، ٩٦ ساڵ پارچەیەک بوو لە بوێری و ئازایەتی و حەقبێژیی .

ئێستاش لە ساڵیادی کۆچکردنیدا ئێمە ناڵێین ماڵئاوا ، چونکە زانایان ماڵئاواییان لێ ناکرێت ، ئەو خەزێنەیەک پڕو گەورەی لە نوسین و کتێب ، هەزاران قوتابی ، ملیۆنەها دڵی لەدوای خۆی بەجێ هێشت ، کە فێری کردن ئیسلام ڕەحمەت و دادگەریی و میانەڕەوییە .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close