ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنهوهی ئیسلامیرابــهری گشتینوسەران
دەوڵەت مەدەنی لە کوردستان و ڕوڵی هۆشیاری سیاسی لە بونیاتنانیدا

دەوڵەت مەدەنی لە کوردستان و ڕوڵی هۆشیاری سیاسی لە بونیاتنانیدا
سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی✍️باسک نێت
لە کۆمەڵگایەکدا کە بەردەوام لە نێوان ململانێی سیاسی، ئایدیۆلۆجی و ئاینییەکاندا دەژی، بابەتی دەرکەوتنی (دەوڵەتی مەدەنی) وەک یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان، هەنوکە گرنگی گەورەی خۆی هەیە، چونکە دەوڵەتی مەدەنی ئەو دەوڵەتەیە کە لەسەر بنەمای ئایین، یاسا، هاووڵاتیبوون، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، نەک لەسەر بنەمای توندڕەوی و تاكڕەوی.
لەم چوارچێوەیەدا، قسە و بیرۆکەکانی مامۆستا عرفان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ڕۆڵی ئەو تەنها لە بازنەی ئاینی یان سیاسی قەتیس نابێت، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا هەیە.
دەوڵەتی مەدەنی بەو مانایە دێت کە هەموو هاووڵاتییان لەبەردەم یاسادا یەکسان بن، دەسەڵات بە دامەزراوە بڕوات و بگەڕێتەوە، و هیچ گروپێک نەتوانێت لەسەر بنەمای ئایین، نەژاد، حیزب یان چەک، دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت. واتە دەوڵەتی مەدەنی پێویستی بە کۆمەڵگایەک هەیە کە لە ناویدا جیاوازییەکان هەبن، بەڵام ئەو جیاوازییانە نەبنە هۆی دووبەرەکی و ململانێ، وەک ئەو بێ سەروبەرییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.
ڕۆڵی مامۆستا عرفان وەک کەسایەتییەکی ئاینی و سیاسی
لە قۆناغێکی هەستیاردا کە کۆمەڵگا پێویستی بە دەنگی هۆشدار و هەوڵی ڕێکخستنی حوکمڕانی هەیە. بەشێوەیەک ڕۆڵی ئەو دەتوانرێت لە چەند ئاستێکی جیاوازدا بخوێنرێتەوە:
یەکەم/ دروستکردنی هۆشیاریی سیاسی
مامۆستا عرفان لە وتار و گفتوگۆکانیدا هەمیشە هەوڵی داوە مێژوو و ئەزموونی سیاسیی کۆمەڵگا بخاتە بەرباس. ئەمەش بابەتێکی گرنگە، چونکە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت دەوڵەتی مەدەنی دروست بکات ئەگەر هاوڵاتیانی تێنەگەن لە مێژووی ململانێکان، هۆکارەکانی سەرکەوتن و شکستی هێزە سیاسییەکان، و کاریگەریی بڕیارەکان لەسەر ژیانی خەڵک، چونکە شکستی حوکمڕانەکانی ڕابردوو نەبینرێت و باسی لێوە نەکرێت، زەحمەتە هاووڵاتی مل بۆ دەوڵەتێکی لەو شێوەیە کەچ بکات.
دووەم، هاوسەنگکردنی نێوان ئایین و ژیانی مەدەنی
یەکێک لە قورسترین پرسیارەکانی کۆمەڵگای ئێمە ئەوەیە کە چۆن ئایین بتوانێت لەگەڵ ژیانی مەدەنی و دامەزراوەیی هاوتەریب بێت. مامۆستا عرفان لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە هەوڵی داوە پیشانی بدات کە ئایین دەتوانێت ببێتە هۆی ڕێکخستن و هۆشیاری، نەک ببێتە هۆی ململانێ. چونکە پێغەمبەری خودا لە مەدینە ئەو کارەی کرد، و ململانێکانی کۆتایی پێهێنا، ئەگەر ئەم تێگەیشتنە بە شێوەیەکی دروست بگوازرێتەوە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک کە هەمووان تێیدا شوێنیان هەبێت.
سێیەم/ ڕەخنەگرتن لە توندڕەوی و ناهاوسەنگی
دەوڵەتی مەدەنی لە بنەڕەتدا دژ بە توندڕەوییە، چونکە لەسەر گفتوگۆ و یاسا و دانپیانان دادەمەزرێت. ئەگەر بتوانرێت بە ئاشکرا ڕەخنە لە توندڕەوی، چەکداریی بێکۆنتڕۆڵ و بەکارهێنانی ئایین بۆ بەرژەوەندیی سیاسی بگیرێت، ئەوا ئەمە خزمەتێکی گەورە دەبێت بە بیرۆکەی دەوڵەتی مەدەنی. چونکە کۆمەڵگا پێویستی بەو دەنگانە هەیە کە لە ناوخۆیەوە بانگەوازی ئارامی و یاساپارێزی بکەن.
چوارەم/ بونیادنانی پلەیەک لە نێوان مێژوو و داهاتوو
مامۆستا عرفان تەنها باس لە ڕابردوو ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی تێروانینی خۆیەوە هەوڵ دەدات وانە لە مێژوو وەربگرێت. ئەمەش گرنگە، چونکە دەوڵەتی مەدەنی تەنها بە دروستکردنی دامەزراوە درووست نابێت، بەڵکو بە فێربوونی کۆمەڵگا لە هەڵەکانی ڕابردوو دروست دەبێت. ئەو کەسایەتییانەی دەتوانن رابردوو شیبکەنەوە و ئەنجامی لێوەربگرن، دەتوانن بەشدار بن لە دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر.
پێنجەم/ هاندانی کۆمەڵگا بۆ بەرپرسیارێتی هاوبەش
دەوڵەتی مەدەنی تەنها کاری دەوڵەت نییە؛ کاری هاووڵاتییشە. واتە هەمووان دەبێت هەست بە بەرپرسیاری بکەن. لەم ڕووەوە، ئەگەر بتوانرێت بە وتار و ڕێنمایی هاووڵاتیان هان بدرێن بۆ بەشدارییەکی هۆشیارانە، قبوڵکردنی جیاوازی، و داواکاریی مافەکانیان بەشێوەیەکی ئاشتییانە، ئەوا ڕۆڵی ئەو کەسانە تەنها ڕۆڵێکی تاکەکەسی نابێت، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە پڕۆژەی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین بابەتی دەوڵەتی مەدەنی بابەتێکی گرنگ و هەستیارە، چونکە پەیوەندی بە داهاتووی کۆمەڵگا و شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەوە هەیە. ئەگەر دەوڵەتی مەدەنی وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی پەسەند بکرێت، ئەوا کەسایەتییە هۆشیار و کاریگەرەکان، دەتوانن ڕۆڵی باشیان هەبێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، ڕەخنەی دروست، و فەرهەنگی گفتوگۆ. بەهۆی ئەو ڕۆڵە، دەتوانرێت بەشێک بن لە دروستکردنی کۆمەڵگایەک کە یاسا تێدا بڵاوبێت، مافەکان پارێزراوبن، و جیاوازییەکان وەک دەرفەت ببینرێن نەک وەک مەترسی.
دروستکردنی ئەو دەوڵەتەکە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، هەروەها شاهیدی باشی کەمینە ئاینیی و لایەنەکان لەو سەردەمەدا بۆ ئەو ئیدارەیە باشترین نمونەیە بۆ دروستکردنی ئیدارەیەکی گەورەتر و گەشەسەندنی زیاتر تاکو بتوانرێت هەرێم بگەیەنرێتە ئاستی پەرەسەندنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.




