
قاسم ئەعرەجی:
كشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە مانای كۆتایهاتنی هاوبەشی نایەت بەڵکو دەگۆڕێت بۆ هاوکارییەکی ئەمنی و هەواڵگریی دووقۆڵی پتەوتر
باسک نێت
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە رێکخراوی داعش بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق، بە مانای کۆتاییهاتنی هاوبەشی لەگەڵیاندا نایەت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ هاوکارییەکی ئەمنی و هەواڵگریی دووقۆڵی.
ئەعرەجی لە پەیامێکدا لە سەكۆی “ئێكس” نوسیویەتی، ئەمڕۆ دەگەیەینە وێستگەیەکی گرنگ بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بوونی هێزەکانی و گواستنەوە بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی ئەو هاوپەیمانییەدا، بە شێوازێک کە سەروەری بچەسپێنێت و خزمەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و خواستەکانی گەلی عێراق بکات.
راشیگەیاندووە، سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی داعشدا بە قوربانیدانی عێراقییەکان و ئازایەتی هێزە چەکدارەکانمان بە هەموو جۆر و پێکهاتەکانیانەوە و بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتە دۆست و دۆستەكان هاتە دی، کە ئەم رۆڵە بە هەند وەردەگرین و پێزانینمان بۆی هەیە.
ئەعرەجی نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانییەکە بە مانای کۆتاییهاتنی هاوبەشی نایەت، بەڵکو گواستنەوەیە بۆ پەیوەندییەکی دووقۆڵیی پتەوتر، لەگەڵ بەردەوامبوونی هاوکارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و شارەزایی و بونیادنانی تواناکان، لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، بە جۆرێک کە ئاسایش و سەقامگیری بەهێزتر بکات و پشتگیری لە خواستەکانی گەلەکەمان بکات بەرەو ئاشتیی بەردەوام و گەشەپێدان و بووژانەوە.




