
لە هۆڵی چۆڵەوە بۆ سیستەمی بۆ نادادپەروەرانە: شیکارییەک بۆ کۆبوونەوەی خولی ٨١ی نەتەوە یەکگرتووەکان
د.ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت
پێشەکی: کاتێک جێهێشتن دەبێتە وتار
کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، تەنها شوێنی ئاڵوگۆڕکردنی ڕستە دیپلۆماسییە باوەکان نەبوو؛ بەڵکو گۆڕەپانی بەیەکدادانی سێ ئاستی سەرەکیی دەسەڵات بوو: دەسەڵاتی هێزی سەربازی و ئابووری، دەسەڵاتی ڕەوایەتیی یاسایی، و دەسەڵاتی وێنە و نواندنی سیاسی. لە لایەکەوە، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵیان دا چەمکەکانی «ئاسایش» و «خۆپاراستن» بکەنە تاکە چوارچێوەی شەرعیەتپێدانی ڕەفتارەکانیان. لە لایەکی ترەوە، دەوڵەتانی وەک تورکیا، ئێران و بلۆکێکی فراوان لە دەوڵەتانی باشووری جیهانی (Global South)، پرسی غەززە، داگیرکاری لە جۆلان، دووڕوویی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و مۆنۆپۆڵکردنی بڕیاری سیاسییان لەلایەن پێنج ئەندامە هەمیشەیییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە گەڕاندەوە بۆ ناوەندی گفتوگۆکان.
دیاردەی جێهێشتنی بەکۆمەڵی هۆڵەکان چەندە نیشانەی گۆڕانی هاوسەنگیی دەنگ و هاوسۆزییە جیهانییەکان بێت، ئۆتۆماتیکیانە بەواتای گۆڕینی هاوسەنگیی هێز ناهێنێت. ئەم جۆرە ئاکتە نوانکارییانە تەنها کاتێک دەبنە هەوێنی گۆڕانکاریی گرنگ، کە پشت ببەستن بە میکانیزمی کردارەکی؛ وەک دەنگدانی یەکگرتوو، سزای دیپلۆماسی و ئابووری، و بەکارهێنانی دامەزراوە یاسایییە نێودەوڵەتییەکان.
دوو هۆڵ و دوو گوتاری دژبەر
دیمەنی هۆڵەکە لە کاتی وتاری سەرکردەکاندا ڕەنگدانەوەی پەرتەوازەییی قووڵی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. لە کاتی وتاری بەرێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، جێهێشتنی هۆڵەکە لەلایەن شاندی ئیسرائیلەوە ئاماژەیەک بوو بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو گوتارەی سیاسەتەکانی تەلئەبیب ڕاستەوخۆ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بەڵام کاتێک بنیامین ناتانیاهۆ چوو سەر سەکۆی وتارەکە، جێهێشتنی بەکۆمەڵی دەیان شاندی نێودەوڵەتی ڕووی دا—کە لەلایەن ئاژانسەکانی هەواڵی وەک ڕۆیتەرز و بیبیسییەوە پشتڕاست کرایەوە—واتایەکی جیاوازی هەبوو. ئەمەی دووەمیان نەک کەرستەی کێشمەکێشێکی دووقۆڵی، بەڵکو دەربڕینی شێوازێکی فرەلایەنەی بێزاری بوو لە شەرعیەتپێدان بە ڕەفتارەکانی ئیسرائیل.
بۆیە پەرچەکرداری ناتانیاهۆ و وەسفکردنی ئەو کردارە بە «ترسنۆکیی ئەخلاقی»، لەگەڵ داواکاریی لە ئەندامانی ماوە بۆ چوونە دەرەوە، نیشاندەری ستراتیژیی وەرگێڕانی شکستە دیپلۆماسییەکان بوو بۆ دەستکەوتی سیاسی. ناتانیاهۆ لە ڕاستیدا لە هۆڵێکی چۆڵدا قسەی بۆ دیپڵۆماتکارەکان نەدەکرد؛ بەڵکو هۆڵەکەی وەک شانۆیەک بەکارهێنا بۆ ناردنی پەیام بۆ دەنگدەری ناوخۆیی ئیسرائیل و جەختکردنەوە لە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی جینۆساید لەژێر ناوی «خۆپاراستن»دا.
لەم نێوەندەدا پەیامەکانی ناتانیاهۆ بەرەو دوو ئاڕاستەی سەرەکی داڕێژرابوون. ئاڕاستەی یەکەم ناوخۆی ئیسرائیل بوو: لە سایەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن و دروستبوونی گومان لەسەر پێگەی وەک «پیاوی ئاسایش»، ناتانیاهۆ هەوڵی دا ڕوخساری سەرکردەیەکی سەختگیر و دابڕاو لە سازش پێشان بدات کەیاری لەگەڵ گوشارە جیهانییەکاندا ناکات.
ئاڕاستەی دووەمی بەرەو واشنتن بوو؛ بە ستایشکردنی «ڕێبەرایەتیی بەهێزی» دۆناڵد تڕەمپ و پێناسەکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران وەک دەستکەوتێکی هاوبەشی شارستانییەت، ناتانیاهۆ هەوڵی دا هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل وەک پێویستییەکی نەگۆڕ نیشان بدات. بەڵام زیانی مەودادرێژی ئەم ستراتیژە ئەوەیە کە دیپلۆماسی لەسەر بنەمای زۆرینەی ئەندامان دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندیی ناوخۆیی و گۆشەگیریی نێودەوڵەتیی وڵاتەکەی قووڵتر دەکاتەوە.
دیموکراسیی نێودەوڵەتی و قەیرانی سەختی نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕەخنەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرامبەر بەوەی کە «نابێت ١٩٣ دەوڵەت ببنە بارمتەی بەرژەوەندیی پێنج دەوڵەت»، دەستنیشانکردنی قەیرانە قووڵەکەی ڕەوایەتییە لە سیستەمی جیهانیدا. ئەنجوومەنی ئاسایش کە لەلایەن پێنج ئەندامی هەمیشەییی خاوەن مافی ڤیتۆوە بەڕێوە دەبرێت (ئەمریکا، ڕووسیا، چین، فەڕەنسا، شانشینی یەکگرتوو)، ئاستەنگی سەرەکییە لە بەردەم جێبەجێکردنی ئیرادەی کۆمەڵەی گشتی.
بۆیە دەکرێت بڵێین گواستنەوە لە سیستەمی «هێزی کەمینە» بۆ «هاوبەشیی زۆرینە» ڕووبەڕووی دوو ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە: یەکەم، خودی ئەو پێنج دەوڵەتەی مافی ڤیتۆیان هەیە دەبێت ڕازی ببن بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی خۆیان؛ دووەم، نەبوونی هاودەنگی لە نێوان دەوڵەتانی گەشەسەندوو لەسەر مۆدێلێکی بەدیل بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش. لێرەدایە کە ڕەوایەتیی ژمارەیی لەگەڵ توانای جێبەجێکردندا تووشی لێک ترازان دەبێت.
دووڕوویی ستانداردەکان و ئاڵۆزیی چاودێریی ناوەکی
لێدوانەکانی بەڕێز مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، تیشکی خستە سەر ناهاوسەنگیی سیستەمی چاودێریی نێودەوڵەتی. پرسیارکردن لەوەی چۆن ئێران لەژێر توندترین چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ناوەکیدا بێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە دەرەوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی (NPT) بێت و خاوەنی چەکی ناوەکی بێت، پرسیارێکی ڕەوایە لەسەر بێلایەنیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.
بۆیە خوێندنەوەی بەڵگەکان پێویستی بە هاوسەنگی هەیە. ئیسرائیل پەیڕەوی لە سیاسەتی «ناڕوونی ناوەکی» (Nuclear Ambiguity) دەکات و بە فەرمی دانی بە چەکی ناوەکیدا نەناوە، بەڵام پێگەی بەکرداری وەک دەوڵەتێکی ناوەکی وەرگیراوە. لە لایەکی ترەوە، بانگەشەی ئاشتیخوازانەی بەرنامەی ناوەکیی ئێران ئۆتۆماتیکیانە ڕەوایەتی بە لابردنی چاودێرییە نێودەوڵەتییەکان نادات. بۆیە چارەسەر، داڕشتنەوەی سیستەمێکە کە تێیدا ڕێساکان بە یەکسانی بۆ هەموو لایەنەکان جێبەجێ بکرێن.
سیاسەتی «کەسایەتیی بەهێز» و نیشانەناسیی گوتاری باڵا
پەسندکردنی سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایەن تڕەمپەوە وەک «پیاوێکی بەهێز»، گوزارشت لە بازدان دەکات لە سیاسەتی دامەزراوەیی بۆ سیاسەتی پەیوەندییە کەسییەکان. لە کاتێکدا ئەردۆغان داوای گۆڕینی یاسا و بنەماکانی سیستەمی جیهانی دەکات، ئەمە دەری دەخات ڕامانی تڕەمپ تەنها لەسەر هاوسەنگیی هێزە ئامادەکراوەکان و کارەکتەرە ناودارەکان دەسوڕێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، گوتارە ڕەخنەییەکەی ئەحمەد شەرع (کە پێشنیاری دانی نیوجێرسی کرد لەبری جۆلان)، نموونەیەکی بەهێزی «دیپلۆماسیی باڵایە» ئەم ئاکتە کاتێک وەک وێنەیەکی ڕەخنەیی دەخوێندرێتەوە کاریگەریی میدیایی هەیە چونکە لۆژیکی دەستبەسەرداگرتنی خاکی وڵاتان بەبێ ڕەزامەندیی خاوەنەکانیان زەق دەکاتەوە؛ بەڵام وەک ئامرازێکی یاسایی ناتوانێت جێگەی دانوستانکاری شێلگیر لەسەر سەروەریی خاکی سوریا بگرێتەوە.
ڕەهەندە پەراوێزخراوەکان و واقیعی نێودەوڵەتی
چەند ڕەهەندێکی تر لەم کۆبوونەوەیەدا شایەنی سەرنجن:
بەربەستی ئیداریی دیپلۆماسی: بەشداریی مەحموود عەباس لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەهۆی نەدانی ڤیزا لەلایەن ئەمریکاوە، نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت دەستگەیشتن بە ڕووبەری لێدوان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ هەموو لایەک بە یەکسانی بەردەست نیە.
گوتاری ناوەڕاستی ئۆراسیایی: هەڵوێستی جورجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، نیشانی دا کە ئاراستەیەکی سێیەم هەیە کە هەوڵ دەدات لە یەک کاتدا ڕەخنە لە کردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیل بگرێت و هاوکات بەرپرسیارێتیی بزووتنەوەی حەماس لە سەرهەڵدانی قەیرانەکەدا دەستنیشان ببات.
جیاکاری لە نێوان تۆمەت و بڕیاری دادگا: تۆمەتەکانی جینۆساید کاتێک قوورساییی یاسایی وەردەگرن کە لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا سەلمێندرابن. ئەگەرچی ڕێکخراوە زانستییەکان و بڕیارە بەراییەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی (ICJ) ئاماژە بە مەترسییەکان دەکەن، بەڵام جیاکردنەوەی گوتاری سیاسی لە بڕیاری کۆتایی دادگا بۆ پاراستنی وردبینیی شیکاری پێویستە.
ئەنجامگیری: ئایندەی ناڕەزایییە نێودەوڵەتییەکان
لە ئاستی نواندن و دروستکردنی وێنەدا، ئەو لایەنانەی هۆڵەکەیان بەتاڵ کرد توانییان پەیامێکی بەهێزی ڕەخنەیی بنێرن. بەڵام لە ئاستی دیپلۆماسیی واقعدا، هیچ لایەنێک سەرکەوتنی تەواوەتی بەدەست نەهێناوە. ناتانیاهۆ سەرەڕای پاراستنی هاوپەیمانیی واشنتن، لە ناو گۆشەگیرییەکی دیپلۆماسیدایە؛ سەرۆک کۆماری تورکیا بەرێز ئەردۆغان و سەرۆک کۆماری ئێران بەرێز پزیشکیان، سەرەڕای ڕەخنە دروستەکانیان، پێویستیان بە هاوپەیمانیی بەکردارە بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکان.
کۆبوونەوەی ٨١ی نەتەوە یەکگرتووەکان سەلماندی کە جیهان لە قۆناغی «دیپلۆماسیی بێدەنگ»ەوە ڕوو لە قۆناغی «ناڕەزایەتیی ئاشکرا» دەکات. بەڵام هۆڵە بەتاڵەکان تەنها وەک دیمەنێکی مێژوویی دەمێننەوە، ئەگەر نەگۆڕدرێن بۆ فشارێکی سیاسیی کۆنکریت، گۆڕانکاری لە یاسای نێودەوڵەتی، و دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ لە دەسەڵاتدا.




