
وۆڵ ستریت جۆرناڵ:
ترەمپ پێشنیازە حەوت رۆژییەكەی ئێرانی بۆ كردنەوەی گەرووی هورمزو هەڵگرتنی سزا دەریاییەكانی سەری رەتكردەوە
”
باسک نێت
رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” ئاشكرایدەكات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا پێشنیازە حەوت رۆژییەكەی ئێرانی بۆ ئاگربەست رەتکردووەتەوەو بە یاریدەدەرەکانی راگەیاندووە، پێشبینی دەکات لە دوای هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەی خول کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، بۆردومانکردنی ئێران دەستپێبکاتەوە.
پێشنیازەکەی تاران کە بەم دواییانە خستیەڕوو، بڕیار بوو بێتە هۆی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، لە بەرامبەردا ئەمریکا ئابڵۆقەی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت کە زیانێکی گەورەی بە ئابوری ئەو وڵاتە گەیاندووە.
بەگوێرەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، ترەمپ لە گفتوگۆ تایبەتەکانیدا گومانی لە ئەگەری جێبەجێکردنی داواکارییەکانی لەلایەن ئێرانەوە راگەیاندووەو بە تیمەکەی وتووە، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێی بۆردومانکردن ئەگەرێکی بەهێزە، وەک بەرپرسان ئاشکرایان کردووە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا لە نێوان هەوڵدان بۆ دیپلۆماسی و دەرکردنی بڕیاری هێرشی ئاسمانی و توندکردنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێراندا دودڵەو یەكلانەبووەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوەش کردووە، لەوانەیە تێڕوانینەکانی ئیمڕۆی بەردەوامی شەڕ لە هەفتەکانی داهاتوودا بگۆڕێت، هەروەها رەنگە بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەی خولیشەوە.



