نوسەران

ملنەدان بۆ ھەق لە ڕوانگەی قورئانەوە

عوسمان حمەکریم زەڵمی

بۆ دۆزینەوەی چارەسەری درووست و ئاسان کردنەوەی گرێ کوێرە لەژیانی مرۆڤدا، ئەوا پێویستە لەسەرچاوەی ڕاست و ئەزموون کراو بگەڕێن ، ئەو سەرچاوەش قورئانی خێردارە کە فەرمایشتی خوایەو مرۆڤیش مارکێتەکەی ھەمان کارخانەی خوای بەدێھێنەرەو تەنھاو تەنھا ئەو بە ڕاست و ڕەوان پێکھاتەی وردو درشتی دەزانێت.
ئەم پرس و دۆزە (ملنەدان بۆ ھەق)، زیندووە و پانتایێکی گەورەی لە ژیان داگیر کردووە، ڕۆژانە چەندین ناھەقی زەق دەبینین و دەبیسین کە مرۆڤ دەرھەق بە مرۆڤ ئەنجامی دەدات و ئاسانیش لەبەری دەڕوات. جا پرسیاری جددی لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ھۆکاری ئەم ناھەقی کردنە چی بێت؟! یاخود چارەسەری چۆن بکرێت؟!
بۆ وەڵامی ڕاست و ئاسان سەرنجی خوێنەرو بیسەر بۆ ئاماژەیەکی وردو ناسکی قورئانی موبارەک ڕادەکێشم کە لەمێژە ئەم باس و خواسە ڕوویداوەو کەسانێکی زۆر لە زەمەنی خۆیاندا کەوتوونەتە باری لاری و ئەوەی ویستوویانە و بۆیان لواوە لە تاوان و ستەمکاری کردویانە، ئەگەرچی خوای باڵادەست بێدارکەرەوەی بۆ ناردوون کەچی ئەوان ملیان نەداوە بۆ حەق. ئێستاو دواتریش ئەمە دووبارەو چەندبارە دەبێتەوەو ھۆکاریش ھەر ھەمان ھۆکارە.
جوان لەم دیمەنە قورئانیە بڕوانن، تا ببینن ئەو جۆرە مرۆڤانە چۆن خۆیان نواندووە بۆ کۆتا پەیامبەر(ﷺ)ی خوا: (وَمِنْهُمْ مَنْ يَسْتَمِعُونَ إِلَيْكَ) ، ھەندێ لەوان چاک گوێت بۆ دەگرن ، وشەی (یستمعون) یانی گوێت بۆ دەگرن ، بەدوایدا (الیك) ھاتووە نەک (لك) ، واتە لەکاتی گوێگرتنە کەشیاندا ڕوویان تێکردویت، بەجۆرێک تۆ ئەو ھەستەت بۆ درووست ببێت لەوانەیە نزیک بێت ئەمانە بکەونە سەر ڕێی ڕاست، بەڵام شتێکیان کەمە بۆ ئەوەی تۆ ئەو چاوەڕوانیتە لێان بێتە دی ، ئەویش ئەوەیە ئەوان لە ناخەوە ئامادەییان نیە ، دەنگ دەبیسن و ھەق و ڕاستی دەچێت بەگوێیاندا بەڵام لەناخدا کەڕوکاسن وەک چۆن کەڕێکی ئاسایی چەندین دەنگ بدەی بەگوێیدا نابیستێ ئەمانیش دەربارە بە ھەق ئاوان : (أَفَأَنْتَ تُسْمِعُ الصُّمَّ وَلَوْ كَانُوا لَا يَعْقِلُونَ)، جا ئایا تۆ دەتوانیت دەنگی ھەق بگەیەنیت بە گوێی ئەوانەدا کە کەڕن ئەگەرچی ئەو کەڕانە ھیچیش تێنەگەن. کەواتە چاوەڕوانی ئەمە نەبیت بەبێ ئەوەی ئەوان ئامادەییان ببێت بیانخەیتە سەر ڕێی ڕاست و گەردنکەچ بن بۆ ھەق .
پرس و دۆزەکە زیاتر ورد دەکاتەوە: (وَمِنْهُمْ مَنْ يَنْظُرُ إِلَيْكَ)، ھەندێک لەوان کەسانێکن کە دەڕوانن بۆ تۆ چاوەکانیان ڕوودەکەنە تۆو وادەردەکەون کە بۆت دەڕوانن، بەڵام نە، تەنھا ئەو ڕوانینەیە، دەمی تۆو قیافەی تۆ دەبینن، ئەو ھەقە نابینن کە تۆ بۆیان ڕۆشن دەکەیتەوەو درووست دەیخەیتە پێش چاویان: (أَفَأَنْتَ تَهْدِي الْعُمْيَ وَلَوْ كَانُوا لَا يُبْصِرُونَ)، ئایا تۆ دەتوانیت کوێرەکان بێنیتە سەر ڕێ تەنھا بە ڕێنموویی، دەی سەبارەت بە ناسین و وەرگرتنی ھەق مرۆڤ دەبێت لە ناخەوە ئامادەیی بینین و وەرگرتنی ھەبێت.
بەڵام وانەزانن خوای دادپەروەر جیاوازی کردووە لە نێوان مرۆڤەکاندا، ھەندێک چاکن و گەردنکەچن بۆ ھەقە وەھەندێک ملنادەن بۆ ھەق، نەخێر: (إِنَّ اللَّهَ لَا يَظْلِمُ النَّاسَ شَيْئًا) بەدڵنیایەوە ئەوە بزانن کە خوا ھیچ ستەمێک لە خەڵکی ناکات: (ۆڵکِنَّ النَّاسَ ڕَنْفُسَەُمْ ێڤْلِمُونَ)، ئەوە کە خۆیانن زوڵم لەخۆیان دەکەن. ئەوەی پێویستە بە مرۆڤی بەخشیوە، لە بینین و بیستن و پەیپێبردن، بەڵام ئازادی و ئیرادەی پێ بەخشیوە و خۆی سەرپشکە لە بژاردنی ھەق و ناھەق دا ، وەختێک ئەو ئامادەیی تیا نیە ھەق و ڕاستی ببیسێت یاخود ببینێت دەی یاسای خوا ڕێ نادات بەزۆر ملی پێ بدرێت، وە پاداشتی خوا لەسەر ئەم ئامادەیی و ویست و گەردن کەچییە بە ئازادانە، ھەروەک سزاکەشی لەسەر نەبوونی ئەو ئامادەیی و ویست و ملنەدانیەتی بە مەیلی خۆی.
مرۆڤ بەھۆی ئەو توانا ژیری و ئاوەزیەی کە پێی دراوە لە بەرانبەر دوو شتدا بەرپرسیارە، یەکەم ناسین و جیاکردنەوەی چاک و خراپ (ھەق و ناھەق). دووەم لە ھەڵبژاردنی چاک و خراپ (ھەق و ناھەق)دا، کاتێک کە بە ھۆی ئەقڵەوە ھەم چاک (ھەق)دەناسێ و دەتوانێ ئازادانە ھەڵیبژێرێ و کاری پێ بکات، وەھەم خراپ (ناھەق) دەناسێ و دەتوانێ بە ویستی خۆی ھەڵیبژێرێ و کاری پێ بکات، دەی ئا ئەم ئامادەییەی بۆ ملدان بە ھەق یان ملدان بە ناھەق دەیخاتە ژێر بەرپرسیاری لەلای خاوەنەکەی .
وە ھۆکاری ئەم ڕووگەردانیەی مرۆڤ لە ھەق، وە ئەم بێباکی و کەللە ڕەقیەی لە بەرانبەر ھەقیقەتەکان، وە ئەوەی وای لێ دەکات ئەو تواناو لێھاتن و ئامادەییەی خۆی کوێر بکاتەوە و وەک کەڕێک نابینایەک مامەڵە و سەودا بکات لەگەڵ ھەق و ھەقیقەتدا، ئا ئەوە تەنھا و تەنھا لەبەر تام و چێژو ڕابواردنێکی کاتیە لە ژیانی دونیا. ئەو ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستخستنی دەسەڵات و سەروەت و سامان و ناو بانگێک، بێ گوێدانە ھەق و ڕەوایی بەڵکو تەنھا دەستی کەوێت!!
جا خاوەنی مرۆڤ و بەدیھێنراوان وێناێکی ھەقیقی دونیای خستووەتە پێش چاوان بۆ ئەوانەی بە ئاوەزەوە دەکەونە دوای ناسینی ھەق و ناھەق و پەیڕەوی لەھەق دەکەن و دوورە پەرێزی لەناھەق دەکەن ، ژیانی دونیا (لعب) کارێک بۆ خاوەنەکەی سودێکی نیە، وە (لھو) سەرگەرمی و کات کوشتنە، (زینة) ڕازاندنەوەو کەیفکردنە، (تفاخر) خۆ ھەڵکێشان و نازین بەسەر کەسانیتردا، (تکاثر) زەخیرە کردن و پێشبڕکێ لە کۆکردنەوەی موڵک و سامان و ھەواداردا: (اعْلَمُوا أَنَّمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا لَعِبٌ وَلَهْوٌ وَزِينَةٌ وَتَفَاخُرٌ بَيْنَكُمْ وَتَكَاثُرٌ فِي الْأَمْوَالِ وَالْأَوْلَادِ/ الحديد: ٢٠).
سەرەنجام بەو تەمەنە کەمو کورتەی ھەیانە ڕۆ دەچن لەناو گێژاوی دونیاداو بە ناھەقیکانی مەست دەبن تاکو لەناکاو مەرگ دێت و مردن یەخەیان پێ دەگرێت، لەوەودوا کە ڕاپێچ دەکرێن بەرەو لێپرسینەوە ئیتر تەوای ڕابواردنی دنیا بە ئەندازەی سەعاتێک دێتە پێش چاویان، لەوێ ھەموان یەکتر دەناسنەوەو دەزانن زەرەرمەند بەس خۆیانن: (وَيَوْمَ يَحْشُرُهُمْ كَأَنْ لَمْ يَلْبَثُوا إِلَّا سَاعَةً مِنَ النَّهَارِ يَتَعَارَفُونَ بَيْنَهُمْ قَدْ خَسِرَ الَّذِينَ كَذَّبُوا بِلِقَاءِ اللَّهِ وَمَا كَانُوا مُهْتَدِينَ/ يونس:٤٢ ـ ٤٥).

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close