نوسەران

سێ ھێزی شەڕەنگێز لە یەک بەرەدا

عوسمان حمەکریم زەڵمی

لەمێژووی مرۆڤایەتیدا سێ ھێزی شەڕەنگێز گەرچی مەودایشیان ھەبێت، بەڵام بەرژەوەندی ھاوبەش پێکیانەوە دەبەستێ و ڕێچکەی یەک دەگرن ، وە بۆ دژایەتی ھەق دەبنە یار و پشتیوان ، جا قورئانی خێردار بۆ مرۆڤایەتی نموونە یانی تۆمارکردوە و وەک سەروەیەکی ئەزموونکراو بەخشیویەتی، بە قەستی خستنە گەڕی ئاوەزو وەرگرتنی پەند تیایدا.
لە ڕیزبەندی ئەواندا ئاماژەی تەواکاری دەبینی، (فیرعەون) ڕەمزە بۆ ھێزی جێبەجێ کارو بەڕێوەبردنی زۆردارانەو داپڵۆسێنەرانە، (قارون) سیمایە بۆ ھێزی ماڵ و دارایی پۆخڵ و پڕخەوش ، وە (سامری) وێنایە بۆ ھێزی دووڕووی چەواشەکاری بێبار.
یەکەم: ھێزی باڵای ڕووبەروو (فیرعون)، کە نمونەیە بۆ ھەموو یاخێکی لەو چوو ، ھەمیشە دەسەڵاتی جێبەجێکار لە کەسی یەکەم بۆ خوار بەیەک دەستەو دەزگا دەناسرێن و ھاوبەشن لە خراپەکاریدا: (إِنَّ فِرْعَوْنَ وَهَامَانَ وَجُنُودَهُمَا كَانُوا خَاطِئِينَ/ القصص: ٨)، بەڵام کەسی یەکەم ھێماو نیشانەیە بۆ ناساندنی کۆی کەسانی ڕێکخراوو پشتیوان لەو دەسەڵاتە ستەمکارو شەڕەنگێزەدا. جا لەڕوانگەی زاراوەی قورئانەوە ناساندنی شیاوو جێگیری بۆ کراوە: (إِنَّ فِرْعَوْنَ عَلَا فِي الْأَرْضِ وَجَعَلَ أَهْلَهَا شِيَعًا يَسْتَضْعِفُ طَائِفَةً مِّنْهُمْ يُذَبِّحُ أَبْنَاءهُمْ وَيَسْتَحْيِي نِسَاءهُمْ إِنَّهُ كَانَ مِنَ الْمُفْسِدِينَ/ القصص: ٤). بەم شێوەیە:
ـ زاراوەی: (فِرْعَوْنَ)، ناوی نە ھێنراوە تاوەکو ببێتە ھێمایەک بۆ ھەر ھاوشێوەیەکی لە ستەمکاری و شکستخواردندا.
ـ (عَلَا فِي الْأَرْضِ)، خۆ بە بەرزو زاڵ نواندن لەسەر زەوی، وە خۆ بە بەرز ناساندن لە ئاست ھۆزو گەل ، لە حاڵێکدا خەڵکی ھەمووی لە ماف و ئەرک دا چوون یەک و یەکسانن ، بەڵام ئەو خۆی جیا دەکاتەوە لەوانی دیکەوەک بڵێی شایستە نین بێنە ئاستی.
ـ (الاسراف)، لە سنوور دەرچوون و بە فیڕۆدان و پەڕگیری ، سنووری یاسایی نایگرێتەوە ، ئازادە لە خەرجکردن و بە فیڕۆدانی خێرو بێری وڵاتدا، ھارو پەڕگیرە لە مۆچاندندا: (وَإِنَّ فِرْعَوْنَ لَعَالٍ فِي الأَرْضِ وَإِنَّهُ لَمِنَ الْمُسْرِفِينَ/ يونس ٨٣).
ـ (کَژَّابٌ)، زۆر درۆزن، فێڵبازو دەستبڕو ساختەکار: (إِنَّ اللَّهَ لا يَهْدِي مَنْ هُوَ مُسْرِفٌ كَذَّابٌ/ غافر: ٢٨).
ـ (مُّرْتَابٌ)، زۆر بەگومان ، پڕە لەگومان و دوودڵی، گومانکەرو بێ باوەڕو بێ متمانە بە دەوروبەری: (كَذَلِكَ يُضِلُّ اللَّهُ مَنْ هُوَ مُسْرِفٌ مُّرْتَابٌ/ غافر: ٢٨). خۆی کە فێڵکارو درۆزنە پێی وایە بەرانبەریش خەریکە درۆی لەگەڵ دەکات و فێڵی لێ دەکات.
ـ (وَجَعَلَ أَهْلَهَا شِيَعًا)، پارچە پارچەکردنی خەڵکەکەی، پەرتەوازەکردن و جیاوازی خستنە نێوانیان، بۆ زاڵبوون بەسەریاندا، بەجۆرێک نەتوانن یەکبگرن و لەڕووی سەرەڕۆیی و ستەمکار بووەستنەوە.
ـ (يَسْتَضْعِفُ)، درووستکردنی لاوازی و بێھێزی و بەزین (صناعة الاستضعاف)، بە بەرنامە کارکردن لەسەر لاوازکردن و بێ ھێزکردن و سڕینەوەی گیانی بەرگری و بەرھەڵستکاری، بە پەراوێزو زیندانی و ئاوارەو کوشتنی ڕەگەزی نێرینە، وە لەخشتەبردن و سەرقاڵکردنی ڕەگەزی مێیینە بە دروشمی بریقەدارو بەڵێنی بێ ناوەڕۆک و فریودەر: (يَسْتَضْعِفُ طَائِفَةً مِّنْهُمْ يُذَبِّحُ أَبْنَاءهُمْ وَيَسْتَحْيِي نِسَاءهُمْ).
ـ (الفساد)، گەندەڵی و شێواندن، تێکدان و ناشیرین کردنی گشت کایە سروشتیەکانی ژیان ، ھەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی ڕەوشت و سیمای جوانی مرۆڤبوون و پێکەوە ژیانی ئادەمیانە: (إِنَّهُ كَانَ مِنَ الْمُفْسِدِينَ). بێگومان سەرەنجامی کارو کردەی ئەم ھێزە لوتبەرز و گەندەڵ و تاڵانچیە پوچەڵ و نەزۆک و کۆتا دەبێت، چونکە: (إِنَّ اللَّهَ لا يُصْلِحُ عَمَلَ الْمُفْسِدِينَ/ يونس: ٨١). خواوەند کردەوەی خراپکاران چاک و سەرکەوتوو ناکات، ڕۆڵ بینین و نمایشکردن کاتیەو زوو لەبەین دەچن. (فَكُلًّا أَخَذْنَا بِذَنبِهِ)، ئەوسا ئێمە ھەریەک لەوانمان بە تاوانی خۆی سزاداو دەورانمان پێچانەوە. وە ئەم ھێزە لوتبەرزە لە ئاودا خنکێنران: (وَمِنْهُم مَّنْ أَغْرَقْنَا/ العنكبوت: ٤٠).
دووەم: ھێزی ناوخۆو ناوەند (قارون)، کە سیمایە بۆ ھێزی ماڵ و دارایی پۆخڵ و پڕخەوش ، وە لە دوای شکستی ھێزی یەکەم سەری ھەڵداوەو ھێمای ئەو ھێزە (قارون) بووە. کە لەنزیکانی ناو گەلەی پێغەمبەر موسا (علیە السلام) بووە، بەڵام لە کەس وکاری (أھل)ی ئەو نەبووە ، گەرچی شارەزای پەرتووکی ئاسمانی تەورات بووەو لەسەرەتای بانگەوازدا لە باوەڕداران و پێڕەوان بووە: (إِنَّ قَارُونَ كَانَ مِن قَوْمِ مُوسَىٰ)، بەڵام بەرگەی تاوو تینی ئارەزووی ماڵ و دارایی ناگرێ و بە سامانی دەکەوێتە دەستدرێژی و ستەمکردن لە باوەڕداران: (فَبَغَىٰ عَلَيْهِمْ)، ئەمەش بە ھۆی وەرچەرخانی دۆخی دارایی پاش ئەوەی خواوەند تاقیدەکاتەوە بە پێدانی ماڵێکی بێ شومار : (وَآتَيْنَاهُ مِنَ الْكُنُوزِ مَا إِنَّ مَفَاتِحَهُ لَتَنُوءُ بِالْعُصْبَةِ أُولِي الْقُوَّةِ).
باوەڕدارانی ناو قەومەکەی لێی دێنەپێش: (إِذْ قَالَ لَهُ قَوْمُهُ)، پێی دەڵێن: (لَا تَفْرَحْ) دڵخۆش مەبە بە ماڵ و سامانت، چونکە: (إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْفَرِحِينَ/ القصص: ٧٦) بێگومان خوا ئەو کەسانەی خۆشناوێ لە خۆبایی دەبن بە ھۆی ماڵ و سەروەتەوە.
قارون لەڕوانگەی تەماع و ھەواو ھەوەسەوە بیری دەکردەوە، وە پێی وابوو بارو دۆخەکە لە بەرژەوەندی ماددی ئەو گەڕاوەو وا بووەتە خاوەن سەروەت و ماڵێکی بێ شومار، ئەوانیش چاویان بەرایی نادات ئەم مەزنیەی ئەو ببینن!! بەڵام ئامۆژگاریکەرانی لە ڕوانگەی ئاوەزو باوەڕەوە لە پرسکەیان دەڕوانی، لەسەر دڵسۆزی خۆیان مکوڕ بوون و چوار مۆچیاریان خستە پێش چاوی بەم شێوەیە:
یەکەم : (وَابْتَغِ فِيمَا آتَاكَ اللَّهُ الدَّارَ الْآخِرَةَ)، ببەو سامان و گەنجینەی خواوەند پێی داوی ژیانی نەمری پێ بەدەست بھێنە، بە خزمەت کردنی ژیانی مرۆڤەکان و بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری. جا ئەگەر ئەمەت کردن، بەخ لەو ماڵ و داراییە ، ئەگینا ئاکامی گیرۆدەییە.
دووەم : (وَلَا تَنسَ نَصِيبَكَ مِنَ الدُّنْيَا)، ئاماژەیە بۆ پرسێکی ھەقیقی و واقعی، بەش و پشکی خۆیشت لە ژیانخۆشی لەم دونیایە لەبیرت نەچێ. لە خواردن و خواردنەوەو پۆشین و مەنزڵ و .. تاد. وە خوای خاوەن دەسەڵات پێی خۆشە شوێنەواری نازو نیعمەتی بە بەندەیەوە دەرکەوێت ، وە ئاوا ماڵ خاوێنە و لە گەشە دایە ، ئەمەش خواستی ژیریە و لێتی دەخوازێت.
سێیەم: (وَأَحْسِن كَمَا أَحْسَنَ اللَّهُ إِلَيْكَ)، لەگەڵ خەڵکیدا چاکەو پیاوەتی بکە ھەروەک چۆن خوا چاکەی لەگەڵ تۆدا کردووە . ئاوا لەناو خەڵکی پلەی ڕێزداری و خۆشەویستی و جوامێری بەدەست دەھێنی، وە لای خاوەنەکەشت پەسەندکراوو شایستەی نیعمەت دەبیت.
چوارەم: (وَلَا تَبْغِ الْفَسَادَ فِي الْأَرْضِ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْمُفْسِدِينَ/ القصص: ٧٧)، وە لەسەر زەویدا بە شوێن شێواندن و گەندەڵی و خراپەدا مەگەڕێ، بەڕاستی خواوەند گەن و گەندەڵ و تێکدەرو خراپەکاری خۆش ناوێت.
ئامۆژگاری، کاتێک بەرانبەر ئامادەیی تیانەبوو بۆ بیستن وەرگرتنی ئیتر بێ سوودە ، ھەربۆیە: (فَكُلًّا أَخَذْنَا بِذَنبِهِ) ئەوسا ئێمە ھەریەک لەوانمان بە تاوانی خۆی سزاداو دەورانمان پێچانەوە. وە ئەم ھێزی ماڵ و داراییە پڕخەوش و پۆخڵە: (وَمِنْهُم مَّنْ خَسَفْنَا بِهِ الْأَرْضَ)، وە ھەیان بوو بە ناخی زەویدا بردمانە خوارەوە.
سێیەم: ھێزی ناپاک و بێ بار (سامری)، کە وێنایە بۆ ھێزی دووڕووی چەواشەکاری بێبار ، ھەقیقەت و ڕاستی دەبینن، وەک (خنکانی فیرعەون و ھێزی، بەناخی زەویدا چوونی قارون)، وە لە ڕواڵەتدا خۆ وادەردەخەن لە پاکان و چاکانن. بەڵام دواجار لە ناخەوە ئامادە نین ڕاستگۆبن و بەدرووستی پێڕەوی لە ھەق بکەن. بۆچی؟! بڵێی بەنیازی ھەڵگەڕانەوەو کودەتا بن؟! خۆ ئەوان تیاچوونی گەورەترین ھێزی فیرعەون و موڵکداری قارونیان بینیوە، کەوایە ھۆکارو پاڵنەر حەزکردنە بە پلەو پایەو ڕابەرایەتی، واتە لە ناخەوە پێی پەسەند ناکرێ گوێڕایەڵ و ژێرفەرمانی ئەو باوەڕدارانە بێت ، چونکە خۆی پێ شیاوترە لەوان.
جا کاتێک کەسێک خۆی بەشیاوتر دەزانێ بۆ ڕابەرایەتی خەڵکی ، بەڵام بۆی ناچێتە سەر، ئەوجا دێت کون و کەلەبەر دەدۆزێتەوە بۆ درووستکردنی گوومان و دوودڵی و چەواشەکاری بە قەستی شێواندنی ھزر و باوەڕی باوەڕداران و لێدان و شکاندنی ڕەمزو ڕابەرانیان. وە خەڵکانێکی سادەو تێ نەگەیشتووش ، یان ھاوئاواز پێیان خۆشەو دەستی دەگرن و دەکەونە سەماو بازاڕی بۆ گەرم دەکەن ، وە زڵھێزانیش پشتیوان و ڕێخۆشکەر دەبن بۆیان.
ھەرچەندە پێغەمبەر ھارون (علیە السلام)، زۆر بە وردی لەگەڵ ئەم ھێزە ناپاکەدا مامەڵەی کردو بە وردی ئامۆژگاری کردن: (يَا قَوْمِ إِنَّمَا فُتِنْتُمْ بِهِ)، ئێوە بەم کارەی سامری کردی تاقیکرانەوە، وەخواو خاوەنی ئێوە: (وَإِنَّ رَبَّكُمُ الرَّحْمَٰنُ)، کەوایە شوێنی من بکەون و گوێ ڕایەڵی من بن: (فَاتَّبِعُونِي وَأَطِيعُوا أَمْرِي/ طه:٩٠). ئەوان ئەو ھەموو دەسەڵاتەی خوایان بینیوە . کەچی دێن بە گوێرەکەیەکی لە زێر درووستکراو کە دەنگێکی ھاوشێوەی (بۆڕاندن)ی لێوە دێت، سەرسام دەبن و دەی پەرستن!! کەوایە ئەمانە دوای زرق و برق و قسەو باسی بریسکەدار و بەڵێنی قەبەو بۆش و پوچ، دەکەون و پێی سەرسام دەبن!!
ئەم دەستەی (سامری)یە پێکەوە تاوانبارن، بوونەتە ھێزی ناپاک و بێباری چەواشەکار ، چونکە لەسەر خواستی خۆیان بەردەوام بوون و وتیان: (قَالُوا لَن نَّبْرَحَ عَلَيْهِ عَاكِفِينَ حَتَّىٰ يَرْجِعَ إِلَيْنَا مُوسَىٰ) ھەرگیز وازناھێنین و بەدەوریدا دێین ھەتا موسا دەگەڕێتەوە بۆ لامان، کەوایە لەناخەوە حەزیان لێیەتی و قەناعەتیان پێیەتی. کەم نین ئەوانەی بەدەوری کوێخایانی درۆینەدا دێن و خۆشیان دەوێن و ملکەچ و گوێڕایەڵن بۆ فەرمانیان، لە حاڵێکدا دەزانن پوچ و ناھەقن و زوو یا درەنگ وەک بڵقی سەرئاو لەبەین دەچن!!
سەرانی چەواشەکاری ناپاک و بێبار بەدەردەی دوو ھێزی پێشوو ، پشکیان شکست و ڕیسوایی و تیاچوونە: (فَكُلًّا أَخَذْنَا بِذَنبِهِ)، ئەوسا ئێمە ھەریەک لەوانمان بە تاوانی خۆی سزاداو دەورانمان پێچانەوە. سزای سامری زۆر جیاواز بوو : (قَالَ فَاذْهَبْ فَإِنَّ لَكَ فِي الْحَيَاةِ أَن تَقُولَ لَا مِسَاسَ)، دەبڕۆ دەردێکی وا بگری تاماوی لە ژیاندا ھەرکەس لێت نزیک بوویەوە بڵێیت: نزیکم مەکەوەرەوە !! دەستم لێ مەدە!! جگە لەوەش چاوەڕوانی کاتی دیاریکراوتبە کە ھەرگیز ناتوانی لێی دەرباز بیت: (وَإِنَّ لَكَ مَوْعِدًا لَّن تُخْلَفَهُ).
لە بەرانبەر ئەم سێ ھێزەی وا بوونەتە مۆڵگەی خراپەو شەڕ ، بۆ شێواندنی بارودۆخی سروشتی ژیانی ئادەمی ، ھەمیشە ھێزی نەیار بۆ گێڕانەوەی ژیان بۆ بارو سروشتی خۆی ھەبوون و دەبن . بەڕواڵەت قەت ھێزەکان بەرانبەری نەبوون و نابن، بەڵام بە ھۆی ئەوەی کە ئامانج ھەق و ڕەوایە و ھۆکار گرتنەبەر درووست و شیاو بووە ، دەبینی بەرەی بە ڕواڵەت کەم و لاواز بەڵام بە ئامانج و مەبەست زۆر و بەھێز، بەپێی ویست و سوننەتی خواوەند بوونەتە براوەو شکستیان بە ھێزی ناڕەوای ستەمکار ھێناوە : (قَالَ الَّذِينَ يَظُنُّونَ أَنَّهُم مُّلَاقُو اللَّهِ كَم مِّن فِئَةٍ قَلِيلَةٍ غَلَبَتْ فِئَةً كَثِيرَةً بِإِذْنِ اللَّهِ وَاللَّهُ مَعَ الصَّابِرِينَ/ البقرة:٢٤٩). دەسا تۆ ئەی ئاوەزداری بە ئاگا لەم بەرەی خراپەو شەڕەنگێزیە بەدووربەو لە ڕیزبەندی بەرەی چاکەو ئاشتیخوازی خۆت تۆمارکە: (فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ/الحشر:2)

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close