
چۆن لە 20 ڕۆژی ڕابردوودا ( ئامادەیی ڕۆحیی)مان
وەرگرت بۆ 10 ڕۆژی كۆتایی
پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️ باسک نێت
ڕەهەندی زەمەن و ئامادەیی ڕۆحیی :
لەتێڕوانین و ئەدەبیاتی ئیسلامیدا زەمەن تەنها هێڵێكی تایبەتی كات نیە و لەڕابردووەوە درێژبێتەوە بۆ داهاتوو ، بەڵكو زەمەن بونیادێكە لە چەند چینێك پێكهاتبووە ، نرخ و سەنگ و گرنگی ئەم بونیادە لە هەندێ كات و چركەساتی دیاریكراودا ئێجگار بەرزدەبێتەوە و زیاد دەكات ، بۆیە هەروەكو چۆن ژیانی ئەم دنیایە ئامادەیی وەرگرتنە بۆ ئاخیرەت ، بیست ڕۆژی سەرەتای مانگی ڕەمەزانیش پلەبەندیی و قۆناغ بەندییەكە بۆ سەركەوتن بەرەو لوتكە و چڵە پۆپەی مانگەكە ! بیست ڕۆژی سەرەتا ئامادەیی وەرگرتنە بۆ دەڕۆژی كۆتایی كە شەوی پیرۆزی قەدریان لەخۆگرتووە ، ئەو شەوەی كە لە هەزار مانگ گەورەترو گرنگترە!
ئەم بیرۆكەیەش تەنها دەرەنجامی تێڕامان و قووڵبوونەوەی ڕۆحیی نیە و بەس ، بەڵكو ڕاستییەكی ڕوون و ئاشكرایە و ئەحكامەكانی شەریعەت و ، ئاماژەكانی قورئان و فەرموودە و ، سروشتی جوڵە و ڕەفتارە دەروونی و ڕۆحییەكانی مرۆڤ لەو مانگە پیرۆزەدا بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن!
یەكەم / قۆناغ بەندیی لە پەرستشەكاندا و یاسای بنیاتنانی ڕۆحیی.
ئەگەر لە یاساو ئەحكامەكانی شەریعەت وورد ببینەوە دەبینین ( یاسا و بنەمای پلەبەندیی و قۆناغبەندیی) بایەخێكی ئێجگار گەورەی پێدراوە ، لە نوێژەوە بیگرە كە بە (الله اكبر) دەست پێدەكات و بە (سەلامدانەوە) كۆتایی پێدێت ، یان لە فەریزەی حەج دا – سەیركە – سەرجەم ئەركەكانی ئەو فەریزەیە بەسەر چەند ڕۆژێكی جیاجیادا دابەشبوون ، یان لەڕۆژوودا كە بەدەست هەڵگرتن لەخواردن و خواردنەوە دەست پێدەكات بەرەو وازهێنانی یەكجاری لەهەموو حەزو و ئارەزووە دەروونیی و جەستەییەكان!
لەم سۆنگەیەوە تەماشا بكەین دەبینین 20 ڕۆژی سەرەتای ڕەمەزانیش قۆناغێكە پێی دەوترێ : ( قۆناغی خۆپاككردنەوە و خۆبژاركردن ) ، واتە مرۆڤ لەو ماوەیەدا دەست دەكات بە خۆئامادەكردن بە پاككردنەوە و پاڵفتەكردنی دەروونیی خۆی و ڕاهێنان لەسەر ڕۆژووگرتن ، دواتر قۆناغی ( ڕۆچوون و قوڵبوونەوە و یەكلابوونەوە) دەست پێدەكات كە خۆی لە 10 ڕۆژی كۆتایی ڕەمەزاندا دەبینێتەوە ، لەو 10 ڕۆژەدا مرۆڤی باوەڕدار لە قۆناغی ( تەنها ڕۆژوو)ـەوە سەردەكەوێ بەرەو قۆناغ و مەقام و ئاستێكی بەرزتر كە پێی دەوترێ (مەقامی ئیعتیكاف و سەرقاڵبوون و یەكلابوونەوەی تەواو بۆ پەروەردگار ).
دووەم / بەڵگەكانی قورئان و فەرموودە لەبارەی ئەم ئامادەییە ڕۆحییە.
١ – هاتنەخوارەوەی قۆناغ بەقۆناغی قورئان و ڕۆڵی شەوی قەدر :
پەروەردگار دەفەرموێ : (ئێمە قورئانمان لە شەوی قەدردا ، دابەزاندە خوارەوە) ، واتە (شەوی قەدر) بە تەنها شەوێكی گەورە و پیرۆز نیە و بەس ، بەڵكو شەوی قەدر لەحزە و خاڵێكی جیاكەرەوەی نێوان دوو قۆناغە ، هەروەك چۆن زیندووبوونەوەی دوای مردن خاڵێكی جیاكەرەوەیە لەنێوان دنیا و ئاخیرەتدا! كەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین : 20 ڕۆژی سەرەتای مانگی ڕەمەزان بنیاتنانی دەروونییە ، ئامادەیی وەرگرتنی ڕۆحییە بۆ پێشوازیكردن لەم ڕووداوە گرنگ و گەورە و مەزنە كە (دابەزینی قورئانە).
٢ – ئامادەیی وەرگرتن بۆ 10 ڕۆژی كۆتایی لەفەرموودە پیرۆزەكاندا :
عائیشە دەگێڕێتەوە و دەفەرموێ : پێغەمبەر – درودی خوای لەسەربێ – كاتێك دەچووە 10 ڕۆژی كۆتایی ڕەمەزانەوە مێزەرەكەی توند ئەكرد ، شەوی قەدری زیندوودەكردەوە و ، خێزانەكانیشی بەخەبەر دەكردنەوە! ئەم فەرموودە ئەوە دەگەیەنێ 20 ڕۆژی سەرەتای ڕەمەزان تەنها قۆناغی ئامادەیی وەرگرتن بووە ، لەكاتێكدا 10 ڕۆژی كۆتایی لوتكەی حاڵەتی رۆحیی بووە كە پێغەمبەر – درودی خوای لەسەر بێ – تێیدا یەكلابۆتەوە بۆ عیبادەت و پەرستشكردن.
سێهەم / پلەبەندیی دەروونیی و ڕۆحیی.
١ – مرۆڤ لەنێوان نەریت و گەشەی ڕۆحییدا :
مرۆڤ بوونەوەرێكی ئاساییە و پێویستی بە كاتی پێویست و گونجاو هەیە تا بتوانێ خوو و نەریتە دەروونیی و لاشەییەكان بكشێنێ ، خۆ ئەگەر ڕەمەزانیش بەشەوە كۆتاییەكەی دەستی پێ بكردایە مرۆڤ نەیدەتوانی ئامادەبێت بۆ پێشوازی لێكردنی ، مەعلومە هەروەك چۆن جوتیارێك پێویستی بەوە هەیە پێش ئەوەی تۆوەكەی بچێنێت دەبێ زەوییەكەی ئامادە بكات ، بەهەمان شێوە دڵی مرۆڤیش پێویستی بەوە هەیە سەرەتا خۆی پاك و ئامادەبكات پێش ئەوەی پێشوازی لە نوور و ڕووناكی شەوی قەدر بكات!
٢ – 20 ڕۆژ ڕۆژووگرتن :
قۆناغی چاكسازیكردن و پاكسازی كردن و خۆڕزگاركردنە لە گوناهەكان ، 10 ڕۆژی كۆتاییش قۆناغی سەركەوتن و بەرزبوونەوەیە ، لە 20 ڕۆژی یەكەمدا مرۆڤ خۆی لە دڕك و داڵ و پۆخڵەواتی گوناھ و بێ ئاگایی دادەماڵێ ، لە 10 شەوی كۆتاییشدا دڵی پڕ دەبێ لە نوور و ڕووناكی ، كە شەوی قەدریش چڵەپۆپەی ئەو نوورو ڕووناكیەیە!
چوارەم/ جێبەجێكردنی ئەم بیرۆكەیە لەژیانی كردەییماندا.
ئەگەر لە گۆشەیەكی كردەییەوە سەیری ئەم تێڕوانینە بكەین دەكرێ لەژیانی كردەیی خۆشماندا جێبەجێی بكەین ، بۆ نمونە :
– – هەموو پڕۆژەیەكی گەورە پێویستی بە ماوەیەكە ئامادەیی سەرەتایی بۆ بكرێ ، دواتر قۆناغی چڕی پراكتیزەكردن و جێبەجێكردنی دەستپێدەكات ، هەروەك ئەوەی ئێستە شەوی قەدر پێویستی بەو 20 ڕۆژەی سەرەتا هەیە.
– – هەموو پەروەردەیەك و چاكسازییەكی دەروونیی پێویستی بەڕاهێنانی بەردەوام هەیە ، چونكە ئاشكرایە هیچ كەسێك تەنها لە شەوێكدا نابێتە مرۆڤێكی پەرستشكاری ملكەچی ڕەوحانیی ئەگەر پلە بە پلە و قۆناغ بە قۆناغ خۆی ئامادە نەكردبێت.
لەكۆتاییدا : ئایا ئێمە ئێستا ئامادەین بۆ شەوی قەدر؟!
كاتێك پەروەردگار دەفەرموێ : شەوی قەدر لەهەزار مانگ باشترە ، كەواتە ئەو شەوە گەورەیە شایەنی ئەوەیە 20 ڕۆژی بۆ تەرخان بكرێ تا مرۆڤ پاڵفتەی دەروونیی و ڕۆحیی خۆی دەكات و ئامادەیی بۆ وەردەگرێ ! لێرەدا ئەو پرسیارە دەكرێ : ئایا ئێمە لەگەڵ 20 ڕۆژی سەرەتادا تەنها بەڕۆژووگرتنێكی ئاسایی و ڕۆتینی مامەڵە دەكەین؟! یان دەبێ بزانین كە ئەو 20 ڕۆژە قۆناغی خۆبنیاتنانە ، تا شایەنی ئەوەبین پێشوازی لە شەوی قەدر بكەین؟!
ئەگەر ئێمە بمانەوێ بەخششە گەورەكانی ئەو شەوەمان دەستكەوێ ، دەبێ سوور بین لەسەر ئەوەی (بەكردەوە) ئامادەیی بۆ وەرگرین ، نەك بە تەنها دوعاكردن و نزاو پاڕانەوە ، بەڵكو بە شەحنكردنەوە و دەمەزەردكردنەوەی ڕۆح لەماوەی ئەو بیست ڕۆژەی سەرەتادا ، بۆ ئەوەی كە پێ دەنێینە ئەو دە ڕۆژەی كۆتاییەوە هەموو جۆرە ئامادەكارییەكی تەواومان وەرگرتبێ.




