نوسەران

فەنزوێلا … ئازایەتی ئەمریکا نەبوو ، گەمژەیی و گەندەڵی نوخبە سیاسیەکە بوو

فەنزوێلا … ئازایەتی ئەمریکا نەبوو ، گەمژەیی و گەندەڵی نوخبە سیاسیەکە بوو

پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت

ئەوەی ئەمڕۆ لە فەنزوێلا ڕوویدا لە ڕفاندنی سەرۆکی ئەو وڵاتە ( نیکۆلاس مارودۆ ) لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە ، ئازایەتی و عەبقەرییەتی ئەمریکا نەبوو بەئەندازەی ئەوەی ئاماژەبوو بۆ گەمژەەیی سەرکردەو سیاسیەکانی فەنزوێلا ..

ڕفاندنی سەرۆکی وڵات بۆ هەتاهەتایە وەک عارو خاڵێکی ڕەش تۆمار دەکرێ لە مێژووی فەنزوێلادا ، ئەمەی دەوڵەتێک سەرۆکی دەوڵەتێکی تر بڕفێنێت وەک ئەوە وایە دزێک ژنی پیاوێکی تر لە سوچی ماڵەکەی خۆیدا بەبەرچاو پیاوەکەیەوە بڕفێنێت ، دیارە ئەمەش مانای ئازایەتی و عەبقەریی بوونی دزەکە نابەخشێت ، بەڵکو شکست و لاوازی و بێ توانایی و گەمژەیی پیاوی ژنەکە دەسەلمێنێت .

دەگونجێت وڵاتەکە دەوڵەمەند بێت ، بەڵام کاتێک سەرکردایەتیە سیاسیەکە نەزان و گەندەڵ بوو ئیتر هیچی لێ چاوەڕوان ناکرێت و ، دووریش نیە لە چاوتروکانێکدا بڕوخێت و بکەوێت ، لەبەرئەوەی داهات و سامانی وڵاتەکە ناخاتە خزمەت گەلەکەی خۆی ، بۆ ئەوەی هەم سامانەکەو هەم گەلەکە پێکەوە ببنە هێزێکی گەورە ، ببنە پارچەیەک و یەک کوتلەی یەکگرتوو .. بەڵکو ئەو سەرکردایەتیە سیاسیە سەروەت و داهاتی وڵاتەکە بۆ خراپکردن و بەلاڕێدابردنی گەل و پارچە پارچە کردنی بەکاردەهێنێت ، کە ئەوەتانێ ئەو حاڵەتە ئێستا کت و مت لە فەنزوێلادا دەیبینین .. کاراکاس لە جیاتی ئەوەی هێزو توانای سەربازی و تەکنۆلۆژی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری خۆی بنیات بنێت ، پێچەوانەکەی ئەنجام دا ، واتە دزی و گەندەڵی و بەتاڵان بردن و وێران کردن و هەڵتەکاندنی وڵات و میللەت ..

لەڕاستیدا ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر فەنزوێلادا هات ، چارەنووسی هەموو ئەو دەوڵەتانە دەبێت کە تاکە ئامانج و ئاواتی سەرکردایەتیە سیاسیەکەیان دەسەڵات و پارەو سامان کۆکردنەوە بێت ، نوخبەیەکی سیاسی کە بڕوای وابێت بە ئێمزاکردنی کۆمەڵێک ڕێکەوتن و پەیماننامە لە کەوتن و ڕووخان ڕزگاری دەبێت .!! لێرەدا دەکرێ ئۆکرانیامان بەبیر بێتەوە کە دەوڵەتێکی ئەتۆمی بوو ، بەڵام ڕوسیا و ئەمریکا بە هەندێک ڕێکەوتننامەو پەیماننامە فێڵیان لێ کردو ، ناچار بە تەنازولیان کرد لە توانا ئەتۆمیەکەی و پرۆژە ئەتۆمیەکانی ( جگە لە گەندەڵی بێ سنووری دەستەبژێرە سیاسیە فەرمانڕەواکە ) …

لەدوواییدا چی ڕوویدا ؟ وەڵام : ببینن .. دوای بیست ساڵ چۆن ڕوسیاو ئەمریکا و ئەوروپا یاری پێ دەکەن .

لەڕاستیدا گرفت و کێشەی سەرەکی و هەرەگەورەی دەسەڵاتدارو سەرکردە گەمژەکان ئەوەیە : بڕوایان وایە کە ئەوان لە سەرووی جوڵەی مێژووەوەن ، بڕوایان وایە ئەوان حاڵەتێکی تایبەتن ، یان ئەوان زۆر جیاوازن لەو حاکم و دەسەڵاتدارانەی پێش خۆیان لەناچوون و دەسەڵاتیان لێ سەنراوەتەوە ، وای بۆ دەچن ئەوەی لە ڕابردوودا و ئێستاش ڕوودەدات بەسەر ئەواندا ڕووناداتەوەو دووبارە نابێتەوە …هەربۆیە دەبینین هەمان ئەو سیاسەت و ڕێگایە دەگرنە بەر کە بووە هۆی ڕووخان و کەوتنی ئەوانی تر ، لە گەمژەیی سیاسی و گەندەڵی و خۆسەپاندن و بەفیڕۆدانی سامان و فرۆشتنی وڵات و گیرۆدەکردنی مرۆڤەکانی …

ڕوون و ئاشکرایە لە کۆتاییدا ڕزگار بوون نیە و هیچ پەناگەیەکیش بۆ ئەوانە نامێنێتەوە ، دەگونجێ دەسەڵاتیان ماوەیەک درێژە بکێشێت …بەڵام لەکۆتا چرکەکاندا نەفرەتی خواو ئاسمان و زەوی و دۆزەخی دنیاو ئاخیرەت هەموو ئەوانە پێکەوە کۆدەکاتەوە !

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close