نوسەران

دیاردەیەکی نەشیاو .. دەردێکی کوشندە

دیاردەیەکی نەشیاو .. دەردێکی کوشندە

پ . د. سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

لە ڕابردوودا ( تایبەتمەندیی ) بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی کەلتوورو ڕۆشنبیری کۆمەڵگەی کوردەواری بوو ، ماڵەکان بەچەندین دیواری بەرزو قایم دروستدەکران و پەرژین دەکران ، دانیشتنەکان زۆر بە ئاگایی و وریایی یەوە ئەنجام دەدران ، چیرۆک و قسەو باسەکان لە سنووری خێزان دەرنەدەچوون.

ئەوکات ئێمە دەمانزانی چی بکەین بۆ ئەوەی ژیانمان تەنها بۆ خۆمان بمێنێتەوە ، دەمانزانی ئەو باس و خواسانە کەدەکرێت بوترێن جیابکەینەوە لەو باس و خواسانەی کە دەبێت نەوترێن و بپارێزرێن ، ئەو قسانە جیابکەینەوە کە تایبەتن بە خۆمان لەگەڵ ئەو قسانەی کەدەکرێت کەسانی تریش بیانزانن ، بەڵام سەرنج بدەن لەم ڕۆژگارەدا گۆڕانکاریی گەورە ڕوویداوە ، گۆڕانکاریەکی زۆر قوڵ و خێراو شۆکهێنەر کە هەرگیز پێشتر پێشبینی نەکراوەو لەگەڵیدا ڕانەهاتووین.

ئێستا لەگەڵ گەشەکردنی تەکنۆلۆژیاو بەرفراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئێمە چوینەتە نێو چەرخ و سەردەمی (خۆئاشکراکردن و خۆواڵاکردنی ڕەها ) ، بەجۆرێک هەموو نهێنی و وردەکاریەکانی ژیانی ڕۆژانەمان بۆ کۆمەڵگەو دەوروبەر باس دەکرێت و نمایش دەکرێت ؛ ژەمی بەیانیان ، بۆنەکان ، ئاهەنگەکان ، بەخششەکان ، چاوپێکەوتنەکان ، سەردانەکان ، تەنانەت ساتەکانی خەفەت و پەژارەمان ، سەعادەت و ئاسووودەییشمان! هیچ سنوورێکی ڕوون و دیاریکراو لە نێوان (تایبەت) و (گشتی) دا بوونی نەماوە ، وەک بڵێین ئێمە ئیتر دیواری ماڵەکانمان بە شاشە ڕووناکەکان گۆڕیوەتەوە ، لەو شاشانەوە تەماشای هەمووان دەکەین و ڕێگەش بەهەموان دەدەین بەبێ مۆڵەت وەرگرتن بێنە ژورەوەو بێنە لامان ، تەنانەت پەیوەندیە خێزانیەکانیشمان هیچ پیرۆزیی و تایبەتمەندیەکیان تێدا نەماوە.

یەکێک چیرۆکی جیابوونەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەگێڕێتەوەو بڵاو دەکاتەوە ، وردەکاری پەیوەندیە سۆزداریەکانی بێ پەردە باسدەکات ، یەکێکی تر بەدرێژی باسی گەشت و هاتن و ڕۆشتن و پەیوەندیە خێزانی و سەردانە کۆمەڵایەتیەکانی دەکات و پەردە لەسەر نهێنیە هەستیارەکانی ژیانی لادەدات.

ئەمانە هەمووی لە پێناو چی؟! دەزانن لە پێناو چی؟

وەڵام : تەنها لە پێناو ( ناوبانگ) دەرکردن ، بەڵام ئایا ئەنجام چیە ؟ ئەنجام : ئەم کەسانە دەبنە
(بەناوبانگەکانی سۆشیال میدیا) ، بەڵام بەچ نرخێک؟ ئەو نهێنی و تایبەتمەندیانەی کە زۆر هەستیار بوون و قودسییەتێکی بێ ئەندازەیان هەبوو ئێستا زۆر بە هەرزان لە بازاڕی تەماشاکەران و بیسەراندا دەفرۆشرێنەوە! ئەڵبەتە مەبەست بە (تایبەتمەندیی) گۆشەگیریی نیە ، بەڵکو مەبەست پێی ئەوەیە : کێ هەڵبژێرین بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە هاتنە نێو ژیانمان و زانینی تایبەتمەندیەکانمان؟ چۆن بەشدار بێت؟ لە چیدا بەشدار بێت؟ .

دیارە ئەمەش نەریتێکی کۆن نیە ، بەڵکو ئەمە بەهاو نرخێکی مرۆییە کە هاوسەنگی ناوخۆیی مرۆڤەکان دەپارێزێت و پەیوەندیەکانیشمان لە کاڵ بوونەوە ڕزگار دەکات ، پانتاییەکی تایبەتیش بۆ گەشەکردن بە ئارامی و ئومێد و ئاسوودەیی بە مرۆڤەکان دەهێنێتە کایەوە.

گومانی تێدا نیە نەمانی (تایبەتمەندیی) لەم ڕۆژگارەدا کاریگەریی نەرێنی بێ ئەندازەی لەسەر خێزانەکان ، لەسەر پەروەردەکردنی منداڵان ، لەسەر بنیاتنانی پەیوەندی تۆکمەو سەرکەوتوو لە نێوان تاکەکان دروستکردووە وایلێهاتووە ئێمە بەرەو ئاقارێک دەڕۆین هەموو بوارێکی ژیانی ئێمە شایەن و گونجاو و ڕێگە پێدراو بێت هەمووانی تێدا بەشدار بکرێت و کۆمێنتی لەسەر بدرێت و تەوسیفی جۆراو جۆری بۆ بکرێت! تا ئەو ڕادەیەی گرفت و ناکۆکیە خێزانیەکانیش بەردەست بن بۆ قسە لەسەرکردن و ببنە ناوەڕۆکی گفتۆگۆی گشتی! .

ئەم دیاردەیە سەرلێشێواوی و شڵەژانی منداڵانیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت کاتێک دەبینن وردەکاریەکانی ژیانیان وەک زنجیرە درامایەکی ڕۆژانە لە بەردەم جەماوەرێکی بێ بەزەییدا نمایشدەکرێن ، ئێمە (کرانەوە) ڕەتناکەینەوە ، بانگەوازیش بۆ (گۆشەگیریی) ناکەین ، بەڵکو داوای (هاوسەنگی) دەکەین ، داوای ئەوە دەکەین نرخ و قورسایی و قودسییەت بۆ ( تایبەتمەندیی) بگێڕینەوە ، دەبێت ئەوە بزانین هەندێک ئان و سات هەن تەنها لەسایەی سێبەردا گوڵ دەکەن نەک لە ژێر ڕۆشنایی سەکۆ و سایت و پەیج و هات و هاوار و جەنجاڵی ژمارەکان .

لەبیرمان نەچێت ئەوەی ئەمڕۆ بڵاو دەکرێتەوە سبەینێ دەبێتە ئەرشیفی ژیان و پارێزراوە بۆ مێژوو! بیهێننە بەرچاوی خۆتان گەنجێک خۆی لەبەردەم بینەران و بیسەران و جەماوەردا دەکاتە گاڵتەجار ، ئەم گەنجە هەستی چۆن دەبێت کاتێک دادەمەزرێت و دەبێتە فەرمانبەر؟ دوای چەندین ساڵ کۆمەڵگە چۆن تەماشای دەکات و پێناسەی دەکات؟ چی لەبارەیەوە دەوترێت کاتێک کەسێک دەچێتە داخوازی کچەکەی؟ یان کاتێک خۆی دەچێتە داخوازی کچێک؟ ئەوکات خەڵک دەڵێن : ئەمە فڵانی کوڕی فڵان نەبوو؟ فڵان شت و فڵان شتی دەکرد؟ یان ئەو کچەی کە ڕاهاتووە ڕۆژانە هەموو پەنهانی و مەجرەیاتی ژیانی تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بۆ خەڵک دەخاتە ڕوو و باس دەکات! لەڕاستیدا هەر کارێک، هەر جوڵەو هەڵسوکەوتێک ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەین سبەینێ دەبێتە گەنجینەی نێو بانکی ژیان و مێژوومان.

بەدڵنیاییەوە دوور بێت یان نزیک ڕۆژێک دێت کە دەبێت ئەو گەنجینە لێی سەرف بکرێت و لێی دەربهێنرێت ، کەواتە با ئەو رەسید و گەنجینەیە شتێک بێت شانازی پێوە بکەین ، نەک شتێک بێت خەجاڵەتی و پەشیمانیمان بۆ بەجێبهێڵێت ، چونکە ئەو شتە هەر بەدوامانەوە دەمێنێتەوە ، بەدوای خۆمان و منداڵەکانمان و نەوەکانی دوای خۆمانەوە هەر بەردەوام دەبێت !.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close