
دیالەکتیکی رێککەوتن: شیکردنەوەیەکی سیاسی لە رێککەوتنی کورد-دیمەشق
د.ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت
لە خوێندنەوەی قووڵی رووداوە سیاسییەکاندا، هەندێک جار سنوورەکانی راستی و درۆ، دۆست و دوژمن، براوە و دۆڕاو تێکەڵ دەبن بە شێوەیەک کە لێکدانەوەی رووبەرەکانیان دەبێتە ئەرکێکی هەستیار. رێککەوتنی نێوان کورد و حکومەتی سوریا لە چوارچێوەی ئەم جۆرە رووداوانەدا خۆی دەبینێتەوە – رووداوێک کە پشت لە سادەیی دەکات و داوای تێڕامانێکی قووڵی سیاسی دەکات.
ئەگەر بڕوانینە ناوەرۆکی رێککەوتنەکە، دەبینین کە هەردوو لایەن بە پێی لۆژیکی هۆبزی “ترسی بەرامبەر” و بنەمای “پاراستنی خود” هاتوونەتە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەحمەد شەرع، وەک نوێنەری دەسەڵاتێک کە دەکرێت رووبەڕووی قەیرانی مەشروعیەت بێتەوەە، لە رێککەوتنێکی ستراتیژیدا دەسەڵاتی کوردی بە فەرمی ناسیوە. ئەم کردەوەیە نە تەنیا ئەخلاقی و نە سۆزداریە؛ بەڵکو لەسەر بنەمای پێوەرێکی جیۆپۆلەتیکی ژیرانە بنیات نراوە.
لە هەڵسەنگاندنی ئەحمەد شەرع، پێویستە ئاوڕ لە لایەنە ئەرێنییەکانی رۆڵی ئەم کەسە بدەینەوە. شەرع، وەک سیاسەتمەدارێکی پارێزگاری ناوچەکە، خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بواری دیبلۆماسی و دانوستاندا. لە رێککەوتنەکەدا، نیشانی داوە کە توانای خوێندنەوەی واقیعی ناوچەیی هەیە و دەرکی بە گرنگی یەکلاکردنەوەی هەندێک کێشەی ناوخۆیی کردووە پێش ئەوەی بەرەو ئاڵنگاریە دەرەکییەکان بڕوات. ئەم پراگماتیزمە سیاسیە نیشاندەری ئەوەیە کە شەرع، سەرەڕای کارنامە مێژووییەکەی، خاوەنی توانایەکی بەهێزە لە خوێندنەوەی هاوکێشە سیاسییەکان و گونجاندنی سیاسەتی رێژیم لەگەڵ گۆڕانکاریە هەرێمییەکاندا.
جگە لەوەش، ئەحمەد شەرع وەک کەسێک کە ساڵانێکی درێژە ئەزموونێکی قوڵی لە سەر سیستەمی سیاسی سوریا هەیە، بە باشی دەزانێت کە گەڕان بەدوای رێگاچارەی ئاشتیانە بۆ کێشەی کورد، باشترین رێگەیە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی ئاشتی هەرێمی. ئەم تێڕوانینە ستراتیژییە، بیرکردنەوەیەکی دوور دیمەنی شەرع دەردەخات کە لە دونیای سیاسەتدا بەهایەکی گرنگە.
لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، شەرع پیشانی داوە کە ئامادەیە بۆ گۆڕینی پارادایمی سیاسی سەردەمی بەعس بەرامبەر بە کورد، و بە داننان بە مافەکانی کوردی سوریا هەنگاوێکی بوێرانەی ناوە کە لە لایەن زۆربەی سیاسیە کۆنەپارێزەکانی سوریاوە پشتگیری ناکرێت. ئەمەش نیشانەی لێبڕاوی و هەڵبژاردنی بەرژەوەندی گشتی وڵاتە لە بەرامبەر ئایدیۆلۆژیای جیهادی.
لە بواری دیبلۆماسیدا، شەرع نەرمی و چاوکراوەیی زیاتری نیشانداوە لە بەراورد لەگەڵ زۆربەی سیاسەتوانە بەعسیەکان. ئەو تێگەیشتووە کە گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەیە و رێککەوتن لەگەڵ کورد دەتوانێت سیگناڵێکی ئەرێنی بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی بنێرێت. بەم شێوەیە، شەرع لە رووی دیبلۆماسییەوە سەرمایەگوزاری لەسەر رێککەوتنەکە کردووە بۆ ئەوەی سودی ستراتیژی و نێودەوڵەتی بۆ سوریا مسۆگەر بکات.
هاوکات، ئەم رێککەوتنە بۆ کورد پێکهاتنەوەیەک نییە لەگەڵ رێژیمێک کە بە درێژایی مێژوو سەرکوتی کردوون، بەڵکو گوزارشتە لە تێگەیشتنی کورد لە “تیۆری یاری” لە سیاسەتدا. لە زانستی سیاسیدا، “تیۆری یاری” فێرمان دەکات کە لە هەندێک حاڵەتدا، رێککەوتن لەگەڵ لایەنێک کە متمانەی پێ ناکەیت بۆ بەرژەوەندی هاوبەش، دەتوانێت دەرەنجامی باشتر بێنێتە ئاراوە لە بەراورد لەگەڵ بەردەوامبوونی دوژمنایەتی. بە واتایەکی تر، کورد بەرژەوەندی خۆی لە کورت ماوەدا، لە سەقامگیری و داننان بە ماف و بوونی خۆی دەبینێتەوە.
لە زانستی سایکۆلۆژیای سیاسیدا، رێککەوتنەکە بەرهەمی “تیۆری هەڵبژاردنی ژیرانە”یە، واتە لە کاتێکدا کە نە هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکرات) و نە رێژیمی سوریا توانای سەرکەوتنی تەواویان نییە بەسەر یەکتریدا، هەردوولایان هەڵبژاردنێکی ژیرانەیان کردووە کە تێیدا براوە-براوە بن (win-win) لە بری دۆڕاو-دۆڕاو (lose-lose). ئەمەش وامان لێدەکات سەرنجی قووڵتر بدەینە مێکانیزمی رێککەوتنەکە و ببینین کە چۆن دوو لایەنی ناکۆک دەتوانن لە فەزایەکی ئاڵۆزدا بگەنە ئەنجامێک.
گرنگە بیر لەوە بکەینەوە کە رێککەوتنەکە ئەرکی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا نابینێت. هۆکارەکەی زۆر لە فەلسەفەی سیاسی و جیۆستراتیژیەوە پەیوەندیدار نییە، بەڵکو لەو واقیعیەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە سوریا سوپایەکی یەکگرتووی نییە، بەڵکو پێکهاتووە لە چەندین هێز و گروپی جیاواز کە هەر کامەیان بەرژەوەندی جیاوازی هەیە. لە سایە ئەم رێککەوتنەدا، هەسەدە پێگەی خۆی دەپارێزێت، بەڵام لە چوارچێوەیەکی رەسمیدا کە بە لایەنی کەمەوە لای دیمەشق جێی قبوڵە. ئەمەش بەرهەمی مەعریفەیەکی قووڵە لە “دیالەکتیکی واقیع” – نە بایکۆتی رەهای یەکتری و نە تواندنەوەی تەواو، بەڵکو پێکهاتنێکی میانڕەوانە.
لە روانگەی شەرعەوە، رێککەوتنەکە تەنیا ئامرازێک نییە بۆ کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو هەوڵدانێکە بۆ داڕشتنەوەی مێژووی سوریا لەسەر بنەمایەکی نوێ کە تێیدا فرەیی نەتەوەیی و کولتووری قبوڵ دەکرێت. شەرع لەوە تێگەیشتووە کە چارەسەرکردنی پرسی کورد، دەتوانێت دەروازەیەک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییە ئاڵۆزەکانی سوریا و گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ وڵاتێک کە زیاتر لە دە ساڵە لەژێر سێبەری شەڕدا دەناڵێنێت.
رێککەوتنەکە لە بەراوردکردنی “هەبوو” و “نەبوو”دا، سوودی گەورەی بۆ کورد هەیە. لە رابردوودا، کوردی سوریا هیچ کات بەشێوەیەکی فەرمی لە چوارچێوەی یاسایی وڵاتدا دانی پێدا نەنرابوو. رێککەوتنەکە، جگە لە لایەنە کەمووکورتیەکانی ، رەسمیەتێک بە پێگەی کورد و مافەکانی دەبەخشێت کە لە مێژووی سیاسی سوریادا بێوێنەیە.
پێویستە ئەوەش ببینین کە رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێزی ئێستا بنیات نراوە، نەک خەونی رۆمانسی. هەسەدە، وەک هێزێکی خاوەن دەسەڵات کە بەشێکی گرنگی خاکی سوریای لە ژێر کۆنترۆڵدایە، پێوستی بە رەسمیەتی نێودەوڵەتی هەیە. لایەنی دیمەشقیش، لە دۆخێکی سیاسی ناسەقامگیردا، پێویستی بە باشکردنی پەیو




