نوسەران

ڕوداوەکانی ( سوەیدا ) چیمان پێ دەڵێن ؟!

ڕوداوەکانی ( سوەیدا ) چیمان پێ دەڵێن ؟!

پ . د. سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت

یەکەم : دورزەکان هەمیشەو بەردەوام دڕکێک بوون بە گیان و لاشەی گەلانی موسڵمانەوە ، هەر لە سەردەمی عوسمانیەکانەوە تا ئەمڕۆ کەمینەیەکی ناپاک و هەلپەرست و خەنجەر لەپشت بوون !! تەنانەت دورزەکانی ئیسرائیل زیاتر لە زایۆنیزمەکان ستەم و قەتڵ و عامیان بەرانبەر بە دانیشتوانی غەززە ئەنجام داوە ! پێکهێنەری بەشێکی زۆری سوپای داگیرکەری جولەکەیشن… ئێستاش لەسوریادا بە پاڵپشتی ئیسرائیل بوونەتە خەنجەرێکی ژەهراوی بۆ گەلی بەشمەینەتی سوریا و هەڕەشەیەکی گەورەن بۆسەر دەوڵەت و دام و دزگاکانی و ، گەل و دەسەڵات لەسوریادا گیرۆدەی غەدرو خیانەت و ناپاکیی و کرێگرتەیی و پیلانەکانیان بوون.

دووەم : وانەکانی مێژوو ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن کە هەمیشە بەرژەوەندی ( کەمینەکان ) خۆی لەوەدا بینیوەتەوە کە پەیوەندیەکی باش و تۆکمەیان لە گەڵ کۆمەڵگەو ژینگەو دەوروبەری خۆیان بنیات نابێت و ، خۆیان دوور گرتبێت لە دروستکردنی کێشەو ناکۆکی و دژایەتی کردنی ئەوانی تر ، بەڵام کاتێک ئەو کەمینانە بە پشتیوانی دەرەکیی یان بە هاتنە پێشەوەی بارودۆخێکی نائاسایی نێو ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین فریو درابن ، ئەوا دوابەدوای ئەوە ڕاستەوخۆو لە داهاتووشدا زۆر خراپ لەسەریان شکاوەتەوەو باجی قورسیان داوە .. چونکە گومانی تێدا نیە لایەنی دەرەکی هەمیشە بیری لە بەرژەوەندی خۆی کردوەتەوە ، بایەخ و بەرژەوەندیەکانیشیان بە پێی بارودۆخ و قۆناغە جیاوازەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە ، واتە بارودۆخی نائاسایی هەرگیز بۆ کەمینەکان سوودی نەبووە ، چونکە کاتی بووەو کۆتایی هاتووە.

سێهەم : بەدرێژایی مێژوو هەر کەس و تاقم و تایفەو لایەنێک پشتی بەلایەنێک یان هێزێکی نێو دەوڵەتیی یان ئیقلیمی بەستبێت و ، گەل و خەڵک و ژینگەو نیشتیمانەکەی خۆی لەبیر کردبێت ، یان پشتگوێی خستبێت ، بێ یەک و دوو دەبێتە ئامرازو کەوچکی یاری پێکراوی دەست هێزە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمیەکان و دوور بێ یان نزیک دەستی لێ هەڵدەگیرێت و پشتگوێ دەخرێت و وازی لێ دەهێنرێ ..

وانەو ئەزموونەکانیش لەم بوارەدا زۆر دیارو ئاشکراو ڕوونن کە نزیکترینیان و زەقترینیان :

دەسەڵاتە کاڕتۆنیەکەی ئەشرەف غەنی بوو لە ئەفغانستان و ، ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی بەشار ئەسەد بوو لە سوریاو ، ئێستاش هێزەکانی سوریای دیموکرات ( هەسەدە ) لە ڕۆژئاوای کوردستان !! ئەمانە مشتێکن لە خەروارێک و دەبێت پەندو وانەیان لێ وەربگیرێت.

چوارەم : ژمارەی دورزەکانی ئیسرائیل لە ١٥٠ هەزار کەس تێناپەڕن ، بەڵام وەک بینیمان هەزارانیان سنوورەکانیان تێپەڕاندو ، لە جۆلانی داگیر کراوەوە بەچەکەکانیانەوە خۆیان گەیاندە سوریاو سوەیدا بۆ ئەوەی شان بەشانی برا دورزەکانیان لە سوەیدا دژی سوپای سوریاو خێڵە سوننەکان شەر بکەن و بەرگرییان لێ بکەن!! بەڵام لەبەرانبەردا دەبینین سەدان ملیۆن عەرەب و موسڵمان لە دەوروبەری فەلەستین و غەززەی گەمارۆدراودا هەن ، کەچی لەماوەی نزیک دوو ساڵدا نەک نەیانتوانیوە بەچەک ، بەڵکو بەنان و ئاوو دەرمانەوە سنوورەکان ببەزێنن و فریای برا موسڵمانەکانیان بکەون لە غەززە کە برسێتی زۆری بۆ هێناون و ڕۆژانەش قەتڵ و عام دەکرێن!

پێنجەم : ئەو دەستدرێژی و پەلامارو کوشت و بڕو تاڵان و بڕۆیەی کە چەکدارە میلیشیا دورزەکان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی خێڵە عەرەبە سوننەکانی سوەیدا ئەنجامیاندا ( پێش چوونی هێزەکانی حکومەت بۆ نێو شارەکەو دوای پاشەکشەکردنی ئەو هێزانەش) ئەو ڕاستیەی سەلماند کە بۆشایی ئەمنیی و غیابی دەوڵەت و نەبوونی دام و دەزگا فەرمیە شەرعیەکان لەهەر ناوچەو زۆن و جوگرافیایەکی دیاریکراودا فەوزاو بێ سەروبەریی وبەرەڵڵایی و پاشا گەردانی دەهێنێتە کایەوە ، کەبەداخەوە ئەمەش پاڵ بە لایەنی دەرەکی و دەزگا سیخوڕیەکانیانەوە دەنێت ( کەخۆیان مەڵاس داوە ) تەراتێن بکەن و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دەست تێوەردان بکەن و ، ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوەو بارودۆخەکە بۆ حاڵەتی سفر بگەڕێننەوە ، وەک ئەوەی ئێستا هەموان دەیبینن.

شەشەم : سروشتی ڕوماڵکردنی میدیاکان و کەناڵە ئاسمانیەکان و سایت و سەکۆ ئیعلامیەکان لێرەو لەوێ بۆ ئەو ڕووداوانەو ، جۆری شیکردنەوەو ئاراستەکردنی هەواڵەکان و گواستنەوەی ڕووداوەکان ، جگە لەوەی ( بێ لایەنی و سەربەخۆیی و ڕاستگۆیی و نەزاهەت ) ی بەشێکی هەرە زۆریانی خستە ژێر پرسیارەوە ، لە هەمان کاتدا ئەو ڕاستیەشی( لانی کەم بۆ من ) دەرخست کە ( کەمینەی عەلمانیی ) ئامادەیە لەبارە سەختەکاندا تایفەو تاقم و هەوادارەکانی خۆی سەربخات و پشتیوانیان بۆ دەرببڕێت ئەگەر چی ستەمکارو دەستدڕێژیکاریش بن ! بەڵام ( عەلمانیە بەناو سونییەکان) بە پێچەوانەوە گەل و نەتەوەو تایفەکەی خۆیان سەرشۆڕ دەکەن ، ئەگەر چی دادپەروەریش بن ، یان مەزڵوم و ستەملێکراویش بن.

حەوتەم : ئەم دیمەن و فۆرمە سیاسەتەی کە لەم سەردەمەدا پەیڕەو دەکرێ زۆر ئاڵۆزو تەم و مژاویە ، نەک بەهۆی سروشتی خودی سیاسەتەکە ، بەڵکو بەهۆی دوورکەوتنەوەی پانتاییەکی زۆری ئەم سیاسەتە لە پرانسیپە ئەخلاقیەکان ، کەئەمەش ڕەنگدانەوەی زۆر خراپی لەسەر وڵاتان و تەواوی کۆمەڵگاکان دروست کردووەو ، تەغزیەی فەوزاو بێ سەرووبەریی و گەندەڵی و ناعەدالەتی دەکات ! بۆیە گەڕانەوەی ڕەهەندی ئەخلاقیی بۆ سیاسەت مەرجێکی سەرەکیە بۆ ڕزگار بوون و دەرباز بوونی جیهان و ناوچەکە لە کێشەو ناکۆکی و قەیرانە دووبارە بووەکان ، دیارە بەهاکانی وەک : ڕاستگۆیی و دادپەروەریی و لێبوردەیی لە دیارترین و کاریگەرترینی ئامرازەکانی گەڕاندنەوەی متمانەو چەسپاندنی دەسەڵات و ڕاستکردنەوەی فەرمانڕەوایەتین.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close