نوسەران

حکومەتێک ساتێک دز و ساتێک سەرکز

نزار ‌کمال‌

حکومەتی ھەرێمی کوردستان (جاری) ـەک کاتێک بانک پڕبێت (دز) و کاتێکیش خاڵی (سەرکز).

٢٨ ساڵە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەم ناوەگەورە و بەناوەڕۆکێکی لەرزۆک بوونی ھەیە، وەک شێر لەبەرامبەر یار و زەبوون لەبەرامبەر نەیارانیدا.

چاومان بەتەواوی بە ئازادی ھەڵ نەھێنابوو، ھێشتا ھەناسەی توندی ژنە کورد بۆ سەر مەنزومەی ئەمن و بارەگاحیزبیەکانی بەعس سارد نەبووبوویەوە!

ھێشتا بەتەواوی بۆمان روون نەبوبوویەوە ئەوەی لە روواڵەتدا ناوی (شۆڕش) بوو لەناوەڕۆکدا (شەوە ڕەش) بوو! شۆڕشگێرە دێرینەکان و چەتە نوێیەکان (سەدی بێخمە)یان تاڵان فرۆش کرد، بەڵێ ئیدی لەدوای ڕاپەڕینەوە گڕی ناخی جەوانمەردانی کورد کە بۆ سوتانی رەبیەکانی بەعس داگیرسابوون خامۆش خامۆش کوژایەوە شەوی رەشی کورد دروست لەو ڕۆژەوە باڵی بەسەر ئەم میللەتە خێر لەخۆنەدیوەدا کێشا ! ئیدی ئاودیوی سامانی ئەم وڵاتە و ھەڵپەھەڵپی لوتکە و بەرزایی و گرد داگیرکردن دەستی پێکرد.

ئیدی شۆڕش بویە یاری و خوێنی رۆڵەی کوردی تیدا خرایە گرەوێکی نەبڕاوە. لە تاڵانی و فرۆشتنی گرد و لاپاڵ و چیاکان بوونەوە و کەوتنە فرۆشتنی سامانی ژێرزەوی و ھەموومانیان بەسەفقەیەکی پەنجا ساڵی بێ ویست و ئیرادەی خۆمان بە دراوسێکانمان ھەڕاج فرۆش کرد.

شتێک بەناوەڕۆکی حکومەت ھەرگیز بونی نەبووە، ئەوان تەنھا ئەو کاتانە تەبابوون و ماڵیان پڕبوو لەئاشتی، کە کاسەکەیان پڕبوو، ھەر کاتێکیش دیبێتت ناکۆکی و کێشە لەنێوانیاندا ھەبێت بێ دوو دڵی دەمانزانی شینی ھەریسەکەیە. ئاخر ئەم پەیکەرەی ناویان ناوەحکومەت بۆ سەرکوتکردنی گەنجە بێگیرفانەکانی ئەم سەرزەمینە بەدەمامک و شۆفلێتی ڕەشەوە وەک شوێن مامز کەوتبێتن کێوماڵیان بۆ مناڵە کورد ئەکرد، ھەرکاتێکیش مەترسییەکی دەرەکیان ھەست پێبکردایە وەک مامز ھەڵدەھاتن و بێشەرمانە دەیان وت لەشەڕدا انسحابیش دەبێت، ٢٨ ساڵە لەتاو شەڕە دەنوک و شەڕەقۆچ نەیانتوانی پلانێکی وادابنێن لەتەنگانەدا سەری شۆڕی خۆیان شۆڕتر و سەری بەرزی میللەت بۆ داگیرکەرانی عێراق نەوی نەکەن، کەی پارە و داھاتی سەرزەوی و ژێر زەوی پڕپڕبووبێت وەک جارییەکی گەندەڵ و دز لەبانقی ھەرێمی کوردستان دزیان بەکامی دڵ کردووە و کەیش بانقە شڕەکەیان موفلیس بووبێت بەسەری کز ڕوویان لەعێراقی حەبیب کردووەتەوە. 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close