كوردستانهەواڵ

حكومەتی ھەرێم بڕیارێك لە بەرژەوەندی جوتیاران دەدات

وەزارەتی کشتوکاڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی لیژنەی باڵای پەرەپێدانی کشتوکاڵ لەسەر ئاستی ئەنجومەنی  وەزیران، بریاڕیدا کەرتی تایبەت بەشداری پێبکات، بۆ ساغکردنەوەی گەنمی جوتیاران، بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ساڵانە رووبەڕووی ساغکردنەوەی گەنمی جوتیاران دەبێتەوە. بۆ ئەمەش گەنمی جوتیاران لەرێگەی كەرتی تایبەت وەربگیرێت. وەزیری كشتوكاڵیش ناوەڕۆكی پڕۆژەكە ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ 11/8/2020، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “پڕۆژەكە بە ئامانجی ئاوەدانكردنەوەی بازاڕەكانی خۆمان بە بەرھەمی خۆماڵی و كولێتییەكی بەرزە، كە ببێتە بنەمای پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە ھەرێمی كوردستان”.

گوتیشی: “ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە چەند ھەنگاوێك وەك كڕینەوە 500 ھەزار تۆن گەنمی جوتیاران، بەپێی ئەو جۆرەی كە شیاو و گونجاوبێت بۆ بەكارھێنان لە كارگەكان، ئەمەش بەشێوازێك دەكرێت كە كۆمپانیاكان گرێبەست لەگەڵ جوتیاران ئەنجامدەدەن، بەپێی جۆری باشی بنەتۆ، ھەروەھا دامەزراندنی سایلۆ و ئاشی ھاڕینی گەنم بۆ ئارد و ھەموو دروستكراوەكانی دیكە كە دەتوانرێت لە گەنم بەرھەم بھێندرێت، خاڵێكی دیكە دروستكردنی كارگەی لە كیسنانی بەرھەمەكانی گەنم بەپێی خواستی بازاڕ، ھاوكات رەخساندنی ھەلیكار بۆ دەرچووانی كشتوكاڵ لە پڕۆژەكەدا، كە 60%ی ئەو كەسانەی لە پڕۆژەكە كاردەكەن دەرچووی كۆلیژ و پەیمانگا كشتوكاڵییەكان بن”.

ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵی 2014وە گرفتێکی زۆر رووبەڕووی کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، لە پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حكومەتی عێراق. ھەروەھا لە ساغ نەکردنەوەی بەرھەمی ساڵانەی جوتیاران و نەبوونی پلانی بە بازارکردنیان.

لە ھەرێمی کوردستان ئەم ساڵ زیاتر لە 3 ملیۆن دۆنم  زەوی بە گەنم داچێندراوە،کە زیاتر لە دوو ملیۆن تەن گەنمی تێدا بەرھەمھاتووە و زیاتر لە 50 ھەزار جوتیار لە زەوییەکاندا  سەرقاڵی بەرھەمھێنانی گەنم بوون. بەڵام تەنھا 390 ھەزار تۆن گەنمی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەرگیرا کە دەگاتە 75% ئەو گەنمەی لە كوردسان بەرھەمھێندراوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close